وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تاوتوێکرد.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ دووشەممە 5/2/2024، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ مایکل گاچێرۆم بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کرد و لە دیدارێکدا، بەرنامە و پلانی داهاتووی هاوبەش و گرنگیدان بە بنکەکانی مەشق و ڕاهێنان، دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکە و هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئایندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەرباس.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا، قۆناغەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خرایە بەرباس و هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و هاوڕابوون لە سەر جێبەجێکردنی برگە و خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سەرۆکی ئەرکان دووپاتیکردەوە: “وەزارەتی پێشمەرگە پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبن تاکوو پڕۆسەکە بە ئەنجام دەگەینن.”

هەروەها ئەوەش خراوەتە روو کە لە کۆتایی ئەو دیدرەدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر هەماهەنگیی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەئەنجام گەیاندنی کۆی ئەو پرۆسەیە، کە وەزارەتی پێشمەرگە بەپاڵپشتی تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری هێزی هاوپەیمانان لەناو پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان کاری لەسەر دەکات.