دكتۆرە تارا عومەر بەڕێوەبەری پەیمانگای BIA ئەكادیمیك بۆ خەبات دەدوێ

خەبات:ڕۆشنا عەلی:- زۆرێك لە قوتابیانی كورد خوازیاری خوێندنن لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا لەناویشیاندا وڵاتی ئەڵمانیا، ئێستاش ژمارەیەكی بەرچاو لە دەرچووی ئامادەییەكان لە هەوڵی بەدەستهێنانی كورسی زانكۆكانی ئەو وڵاتەن، ،پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا قوتابیانی كورد تاچەند دەرفەتیان لەبەردەستە بۆ خوێندن لە وڵاتی ناوبراو؟ ئایا ڕێكارەكانی ئەڵمانیا چین بۆ وەرگرتنی قوتابییەكی كورد لە زانكۆكانی؟ ئایاخوێندن لە زانكۆكانی بێ‌ بەرامبەرە؟ئایا قوتابی كورد لەزانكۆ ناحكومییەكان دەبێت بخوێنێت یان حكومییەكان؟لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن بۆ وەرگرتنی وەڵامی ئەم پرسیارانەو چەند پرسیارێكی تر دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵ دكتۆرە تارا عومەر موختار بەڕێوەبەری پەیمانگایBIA ئەكادیمیك ئەنجامدا:

*پەیمانگای BIAئەكادیمیك لە ساڵی 2015 لە ئەڵمانیا دامەزراوەو كار لەسەر كردنەوەی خولی زمانی ئەڵمانی دەكات لە وڵاتی ئەڵمانیاو كوردستان هاوكات ڕەزامەندی زانكۆكانی ئەڵمانیا بۆ قوتابیانی كورد وەردەگرێت و ڕێكارەكانیشییان بۆ جێبەجێدەكات و بەرچاو ڕوونیان پێدەدات، لەلایەن پەیمانگای OSD ئەڵمانییەوە پاڵپشتی وەرگرتووە.

*سەرەتا دەربارەی ئەوەی كە ئایا قوتابی كورد لە چ قۆناغێكەوە دەتوانێت لە ئەڵمانیا بخوێنێت و داوای ڤیزەی خوێندن بكات؟لەم بارەیەوە تارا عومەر بەڕێوەبەری پەیمانگای ناوبراو بۆ خەبات گوتی: ئیمە دوو قۆناغمان هەیە دەرچووی پۆلی نۆی بنەڕەتی و دەرچووی پۆلی 12 ی ئامادەیی قوتابی كە پۆلی نۆی تەواو كردو نەچووە ئامادەیی ئەو سێ‌ ساڵە فێری ڕاهێنانی پیشەیی دەكرێـت كە جیاوازییەكی ئەو تۆی نییە لەگەڵ دەرچووی زانكۆدا،چونكە بەچەند ساڵێك دەگاتە دەرچووی زانكۆكە، ئەمە كادری ناوەندی دەستی كار دروست دەكات و بۆ ئەوانەیە كە پۆلی نۆ تەواو دەكەن ،كە زۆر بواری تێدایەو هەموو كارو پیشەیەك دەگرێتەوە،چونكە هەندێك شوێن هەیە پێویستی بە دەرچووی زانكۆ نییە، بەڵكو پێویستی بە ئیشكەر هەیەو ئەم دەرچووانە لە بەدەستهێنانی كار سوود مەند دەبن، بۆ قۆناغی ئامادەیی و ئەوانەی دەرچووی ئامادەیین ئێمە یان ئەدەبیمان هەیە یا زانستی دەبێت ئەو قوتابییە ئەو سێ ساڵە تەواو بكات ئەوكات دەچێتە زانكۆ، ئەڵمانیا دوای شەڕی جیهانی دووەم ژمارەی زانكۆكانی زیاد كرد بودجەی ساڵانەی حكومەتی ئەڵمانیا %20 ی بۆخوێندنی باڵایە ساڵانەش زیاد دەكرێت، زانكۆكان هەمووی بە خۆڕاییە لە هەر بوارێكدا نەك هەر بەبێ‌ پارەیە بودجەیەكی تایبەتی هەیە بۆ قوتابی پێی دەوترێت باڤیك قوتابی بۆی هەیە ساڵانە تا 1200 یۆرۆ پارە لەو بودجەیە داوا بكات بۆ هەموو قوتابییەكە ئەگەر دایك و باوكیشی ئیشی باشیان هەبێت، هاوكارییەكی تریش هەیە لە ئەڵمانیا بۆ قوتابی تەرخاندەكرێت بۆ منداڵ بە ناوی كیندە گارتن هەتا تەمەنی 28 ساڵی بە منداڵا دەدرێت بۆیە قوتابی كە دەچێتە ئەڵمانیا زانكۆ دەخوێنێت تەنها خوێندنەكەی بەلاش نییە ،بەڵكو هاوكاریش وەردەگرێـت.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم هاوكارییە قوتابییەكیش دەگرێتەوە كە ئەڵمانی نییەو لەوڵاتانی ترەوە دەچێت؟ لەم بارەیەوە گوتی:قوتابی خۆمان كە دێت ڕوو لە وڵاتی ئەڵمانیا دەكات بۆ خوێندن تا ماوەیەك لەمەوپێشیش نزیكەی %5 ی كورسی هەموو زانكۆیەك بۆ قوتابیانی ڕۆژهەڵات بوو ئێستا زیاتركراوە كردوویانە بە %10 ئەڵمانیا نزیكەی 200 بۆ 300 زانكۆی هەیە، بۆ نموونە كۆلێژی ئەندازیاری ئەمساڵ ڕایدەگەیەنێت تا 40 قوتابی وەردەگرێت ئەو ڕێژەیە %10 ی بۆڕۆژهەڵاتە، لە هەمووڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هەركەسێك هەیە داواكاری پێشكەش بكات، بۆ وەرگرتن وەرگرتنیش بە پێی نمرەیە هەمان ئەو نمرەیەی لە قۆناغی 12 لە وڵاتی خۆی بەدەستی هێناوە هیچ تاقیكردنەوەیەكی ئاست ئەنجام نادات، هەر كۆلێژێك نمرەیەكی دیاریكراو وەردەگرێت ئەگەرقوتابییەك نمرەكەی بە گوێرەی نمرەی ئەو كۆلێژە نەبوو كە داوای كردووە ئەوا دەیخەنە لیستی چاوەڕوانییەوە و ڕەتناكرێتەوە، بەو مەرجەی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی هەبێت كە بریتییە لە ئاستی c1 یەكێكە لە مەرجەكان و دواتریش كەی جێگایەكی بەتاڵ هەبوو ئەو كورسییەی پێدەدرێت و چاوەڕوانییەكەی تا شەش وەرز دەخایەنێت واتە سێ‌ ساڵ.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بۆ قوتابییەكی كۆلێژی پزیشكیش بەو ئاسانییە وەردەگیرێت و نمرە پێوەر نییە لەم بارەیەوە خاتوو تارا بۆ خەبات گوتی: ئەوانەی دەچنە كۆلێژی پزیشكی دەبێت نمرەیان 100 بێت ئەگەرنا دەبێـت چەندین كار بكەن و چاوەڕوان بن بە پارەیەكی كەم.بەپێی نمرەكەی دەبێت چاوەڕوان بێت، ئەوكات دەینێرێتە زانكۆ هەموو قوتابییەكی ڕۆژهەڵات كەدەست بەزانكۆ دەكات دەبێت ئاستی C1 ی زمانی ئەڵمانی هەبێـت كە زۆر زەحمەتە،بەتایبەتی لە وڵاتی خۆی ناگاتە ئەو ئاستە بۆیە ئەڵمانیا دەزانێت كە ناگاتە ئەو ئاستە ڤیزاكەی دەداتێ‌ بۆ ئەوەی لە ئەڵمانیا بەدەستی بهێنێت و وەریشی دەگرێت لەو ماوەیەی بۆی دیاری دەكات دەبێت ئەو ئاستە بهێنێت قوتابیم هەیە B1 ی هەیە ،بەڵام پێم وتووە B2 تەواو بكات C1 تا خولی دەیبەمە ئەڵمانیا.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هیچ ئامارێكتان لایە كە چەند قوتابی بۆ خوێندنی زانكۆ چۆتە وڵاتی ئەڵمانیا لە ڕێگای ئەم سەنتەرەی ئێوەوە ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: تا ئێستا من قبوڵی 15 قوتابیم هێناوە تا ئێستاش تەواو نەبووە ،چونكە ئاستی پێویستی زمانیان نییە وەرگرتن لە زانكۆ ئاسانە، بەڵام ئەوەی گرانە زمانە بەتایبەتی بۆ كوردو ئەوانەشی كەلە كوردستانن، وەرگرتن لەزانكۆ ناحكومییەكان ئاسانترەو دەتوانێت بە زمانی ئینگلیزی بخوێنێت ،بەڵام ئەوانە بە پارەن، زانكۆی ناحكومی هەر وەرزێك بایی 7000 یۆرۆیە بۆیە ئێمە تەنها كار لەسەر زانكۆ حكومییەكان دەكەین كەبۆ هەر قوتابییەك بە زمانی ئەڵمانی بخوێنێت بە خۆڕاییەو هاوكاریش وەردەگرێت.

*لەگەڵ ئەم هەموو ئاسانكارییەی باست كرد ئەم زانكۆ بەناوبانگانەی ئەڵمانیا كە تێچووی بەپێی قسەكانی ئێوە نییە بۆچی لەماوەی دووساڵدا تانها 15 قوتابی ڕۆشتوون كە هێشتا كۆرسیش دەكەن؟ ڕاستە زۆر كەمە واتە ئەگەر بەراوردی بكەین بە میسر و جەزائیر و تونس بە لێشاو قوتابی دێن، ئەڵمانیا كراوەی كردووە بۆ هەموو لایەك بۆ قوتابی میسر ئاسانترە تەنها بەتەلەفۆن زانیاریو پشتڕاستكردنەوەی بڕوانامەی بۆ وەردەگرم بەڵام بۆ عێراقی دەبێت لەبەڕێوەبەرایەتی كار بڕوانامەكەی پشتڕاستبكرێتەوە كێشەی ئێمە ئەوەیە قوتابی دێت دەڵێت من دەمەوێ‌ بەیانی بڕۆم ئەمە ناكرێت ،چونكە جارێ‌ زمان نازانی، كێشەیەكی تر ئەوەیە كە قوتابی نمرەیەكی كەمی هەیە ،بەڵام داوای كۆلێژی بەرز دەكات بۆنمونە هەیە 79 ی هەیە داوای كۆلێژی دەرمانسازی دەكات لە كاتێكدا كۆلێژی دەرمانسازی نمرەی 96-97 وەردەگرێت ،بۆیە دەبێت تا دوو ساڵ كۆرسێك وەربگرێت لە بواری دەرمانسازی كە یاریدەدەری دەرمانسازە ئەوكات دەتوانێت بچێت و زانكۆ بخوێنێت ،لەسەر بنەمای ئەو یاریدەدەرییەو نمرەی پۆلی 12 ی بۆ حساب ناكرێت و تەنها ئەم پەیمانگایەی بۆ هەژماردەكرێـت لە كاتێكدا پێشتر قبوڵی زانكۆی وەرگرتووە، كێشەیەكی تر ئەوەیە هەموو ئەوانەی دێن داوای كۆلێژی ئەندازیاری یان پزیشكی دەكەن جگە لەوەی هەیە داوای كۆلێژی یاسا دەكات كە ئەڵمانەكان خۆیان بەزەحمەت پێیان تەواو دەكرێت. قوتابی هەیە دەڵیت ئاساییە داوای پەنابەری بكەم لەكاتێكدا ڕێگایەكی ئاسان هەیە كە هەر بە ئاسانی دەتوانێت بمێنێتەوە.

*باست لەوە كرد كە ئەمە دەرفەتێكە و دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودی لێ‌ وەربگرێت سوودی بۆ حكومەت چییە كەسێك دەچێتە وڵاتیكی تر دەخوێنێت و دەبێتە ئەڵمانی دواجار؟ ئێستا ئەڵمانیا خۆی داوای خەڵك دەكات بچن بێ‌ بەرامبەربخوێنن دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنێك لەگەڵ ئەڵمانیا بكات بۆ ئەوەی بتوانێت ساڵانە پسپۆڕی پێویست بنێرێت و سوود لەم دەرفەتە وەربگرێـت بزانێت ساڵانە چەند قوتابی بۆ وەردەگرێت چەند دكتۆری لە پسپۆڕی جیاواز پێویستە بۆ ئەوەی ئەو زانستەكەی ئەوێ‌ فێر بێت بە مەرجێك دواجار بینێرێتەوە بۆ كوردستان و سوودی لێ‌ وەربگرێـت، ئەڵمانیا خەڵك فێری سیستەمێكی ڕێك و پێك دەكات قوتابی یان دەرچوویەكی ئامادەكراوی لە هەموو ڕوویەكەوە بۆ دەنێرێتەوە.بۆیە دەكرێت حكومەتی ئێمە داوای ئەو بەش و پسپۆڕییانە بكات كە ئەڵمانیا دەیەوێت یان هەرێم خۆی دەیەوێت دەرچووی لەو بوارانە هەبێت، ئەمە دەبێتە پردی پەیوەندی كوردستان بە ئەڵمانیاوە بۆ نموونەوڵاتی توركیا لە ساڵانی شەستەكانەوە هات و چۆیان لەگەڵاَ ئەڵمانیا هەیە زۆرترین دەستی كاری ئەڵمانیا توركی بوون سێ‌ جیلی توركی لە ئەڵمانیا بوون هەمووی جنسییەی ئەڵمانی پێیەو ئێستا لە توركیا كاردەكات و توركیا سوودی لێ‌ وەرگرتووە.

*دەربارەی ئەوەی كە ئایا بۆ قوتابی شوێنی نیشتەجێبوون چۆن پەیدا دەبێت یان چ ئاسانكارییەك لەو ڕوەوە دەكرێت؟ لەم بارەیەوە تارا موختار گوتی: قوتابی لەوێ‌ دەبێت خۆی خانوو دابین بكات ئەوە تاكە شتە ئێمە لێرەوە بەڵێن بە قوتابی نادەین، لە شارەكانی ئەڵمانیا بەلایەنی كەمەوە دوو زانكۆ بۆسێ‌ زانكۆ هەیە شارە گەورەكان زۆر زەحمەتە بەشی ناوخۆیی لێ‌ دەست بكەوێت، بەڵام شارە بچوكەكان بەشی ناوخۆیی دەست دەكەوێت ،بەڵام كاتێك دەستی دەكەوێت كە زانكۆكەی دەستی پێكرد ئەو كات باجی بۆ دەكرێت و دەچێتە ناو سیستەمی زانكۆوە ،بەڵام تا ئەوەكاتەی ئەم بەشە ناوخۆییەی دەست دەكەوێت دەتوانێت لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابی ترخۆی خانوویەك بگرێت یان ئێمە هاوكاری دەكەین تا ئەو كاتەی بەشە ناوخۆیی زانكۆكەی خۆی وەردەگرێت.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بەشە ناوخۆییەكە بێ‌ بەرامبەرە ئایا قوتابی بۆ ئەوەی لەوێ‌ بژی پێویستی بە كاركردن دەبێـت؟ لەم بارەیەوە خاتوو تارا گوتی:پارەی بەشە ناوخۆیی زۆر نییە تەنها 150 پۆرۆ دەبێت و هەموو قوتابییەكیش ڕۆژانە دەسەعات كاركردنی پێدەدرێت لەبەرامبەریشدا باجی كارەكەی زۆر كەمە تەنانەت ئەو دامەزراوە یان كۆمپانیایەشی قوتابی كاری تیا دەكات باجەكەی كەمترە لە شوێنێكی تر، هەروەها تارا موختار ئاماژەی بەوەشدا كە پەیمانگاكەی ئەوان چەند بەشێكی تری هەیە وەك پەرستاری و ئای تی و كارگێڕی كاربۆ قوتابی دەرچووی پۆلی نۆ كە سێ‌ ساڵە ماوەی خولەكەی لای ئەوان جگە لەوەی دەخوێنێت پارەش وەردەگرێت بۆ پەرستاری مانگانە 1200 یۆرۆ بۆساڵی یەكەم و بۆ ساڵی دووەم 1500 یۆرۆو بۆساڵی سێیەم 1800 پۆرۆ تا ئەو كاتەی دەردەچێت و دواتریش كار دەكات.