وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرچیمان پێ بكرێ بۆ ئەو قوتابییانەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین درێغی ناكەین.
ئەمڕۆ یەكشەممە 4/2/2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: “كەمكردنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو سەر گرفتێكی گەورەیان بۆ دروست دەكات، كە وەرگرتنە لە زانكۆ، بەڵام ئەو قوتابخانانەی كە درەنگ دەستیان بە دەوام كردووە، بە میكانیزمێك كاتێكی زیاتریان پێ دەدەین، بۆ ئەمەش هەموو ئامادەییەكمان دەبڕیوە.”
باسی لەوەش كرد: “لێرەشەوە رایدەگەیەنم و پێیشمان گوتوون كە هەرچیمان پێ بكرێ بۆ ئەو قوتابییانەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین درێغی ناكەین و ئەوەی رێی تێبچێ و بە ئێمە بكرێ، ئەوانە قوتابیی ئێمەن و خۆشمان وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین بۆ خزمەتكردنیان، ئەوەشمان لەگەڵ باس كردوون، كە خۆشمان دەستپێشخەریمان هەیە بۆ هەموو قوتابییانی كوردستان لە ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیارێك بدەین، كە ئەویش لە بەرژەوەندیی قوتابییانی پۆلی 12دا دەبێت، بەڵام بڕیارەكە دەهێڵمەوە تا ئەو كاتەی، كە لە ئەنجوومەنی وەزارەت گفتوگۆی لەسەر دەكەین.”