دژەتیرۆری كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا رەتی دەكاتەوە كە ئەمڕۆ هیچ هێرشێك كرابێتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هەواڵەكە رەت دەكاتەوە، راشی دەگەیەنێت كە ژمارەیەک کەناڵی ناوخۆییش کە زۆر تامەزرۆی ڕاستیی لێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە و بەدواداچوونی میدیایی، ئەو هەواڵەیان بڵاو کردەوە .

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەی دژەتیرۆری كوردستانە:-
هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2024، لە ژمارەیەک میدیا و کەناڵی ڕاگەیاندنی سەر بە میلیشیاکان وا بڵاو کرایەوە گوایە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هاوکات لە ژمارەیەک کەناڵی ناوخۆییش کە زۆر تامەزرۆی ڕاستیی لێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە و بەدواداچوونی میدیایی، ئەو هەواڵەیان بڵاو کردەوە!
لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
دژەتیرۆری کوردستان