خەبات :بەرهەم شێخ عزەدین:- لەدرێژەی ناڕەزایەتیەجەماوەرییەكانی خەڵكی كوردستان دژی هێرشە بێ پاساوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەرهەوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی كوردستان و شەهید كردنی ژن و منداڵ و هاوڵاتی بێتاوان و كوردستان،بەشێك لەڕێكخراوە كانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژەكانی شاری سلێمانی و شارۆچەكەو ئۆردوگاو گوندەكانی دەوروبەری سلێمانی خۆپیشاندانێكی جەماوەریان لەپاركی نالی شاری سلێمانی لەدژی هێرشە بێپاساوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕێكخست و بەیان نامەیەكیان بۆڕای گشتی خوێندەوە:كەتێیدا بەهەمووشێوەیەك ئەو دەستدرێژیانەیان ڕەت دەكرەدەوە:

هاوڵاتی سڤیل و ژن و منداڵ شەهید و بریندار دەكات
لە بەشێك لەبەیان نامەی ڕێكخراوەكان هاتوە:هاوڵاتیانی بەرێزی كوردستان چالاكوانانی ریكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ڕۆشنبیران، نوسەران، هونەرمەندان، رۆژنامەنوسان وخەڵكی كورد پەروەر و ئاشتی خوازی شارە زیندوەكەی پایتەختی رۆشنبیری :وەك دەزانن ئەوە بۆ چەندەمین جارە كۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ ڕەچاو كردنی ئەجری دراوسێیەتی و بە پاساوی ناڕاست هەولێری پایتەختی هەرێمی كردستان، لەناو هەولێریشدا ماڵ و شوێنی نیشتەجێی خەڵكی سڤیل، بە موشەكی دور هاوێژ و درۆن بۆردومان دەكات و هاوڵاتی سڤیل و ژن و منداڵ شەهید و بریندار دەكات ..ئەم كارەی بەرامبەر بەهەرێمی كوردستان دەیكات جگە لەوەی كارێكی دوژمنكارانەو ناڕەوایە بەرامبەر هەرێمی كوردستان لە هەمانكاتدا پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراقە و پێشێل كردنی ئەو بنەمایانەشە كە لەنێوان هەردو دەوڵەتی عێراق و ئێراندا وەك بنەمای رێز لەیەكتر گرتن و دەستدرێژی نەكردنە سەر یەكتر و نەبون بەسەرچاوەی مەترسی بۆ یەكتری، چەسپێنراون.

هەرێمێكی ئاشتی خوازە
هەروەها ڕێكخراوەكان دەڵێن: كۆماری ئیسلامی ئێران باش دەزانێت كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی ئاشتی خوازە و بەدرێژایی دروستبونی مەترسی نەبوە بۆسەر ئەوان و هیچ وڵاتێكی دراوسێ ، رێگەشی نەداوە بەهیچ هێزو لایەنێك كە هەرێم وەك پێگەیەك بەكار بهێنن بۆ هێرش كردنە سەر ئێران،هەرێمی كوردستان دەستی ئاشتی و دۆستایەتی بۆ هەموو گەلان و دەوڵەتانی ناوچەكە درێژ كردووە و پێویستە وڵاتان ڕێز لەو پەیامە ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان بگرن و بە بیانووی بێ بنەما ئازاری نەدەن.

دەبێت ئەمە كۆتایی بێت
ئینجا گوتیان: درێژەدان بە كاری دوژمنكاری و گوێ نەدان بە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان و بەردەوامبون لە كردنە ئامانجی ناوچەی مەدەنی، شەهیدكردنی هاوڵاتی سڤیل، دروستكردنی ترس و نائارامی لە شارەكانی هەرێمدا تاسەر قبوڵكراو نییە، بۆیە دەبێت ئەمە كۆتایی بێت و چیتر دوبارە نەبێتەوە چونكە ئەوە هیچ سودێك بە ئەوان و هیچ وڵاتێكی دراوسێ ناگەیەنێت و هیچ مەترسیەكیش لەو وڵاتە دور ناخاتەوە.

داوای لێبوردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت
دواتر ڕێكخراوەكان ڕایەن گەیاند:بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە دوژمنكاریەی سەر هەولێری پایتەخت دەكەین و داواكارین كە بە هیچ پاساو و بیانویەك دوبارە نەبێتەوە رێز لە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرێت و دەست بەرداری پێشێلی سەروەریمان ببێت .پێویستە وەك ئەركێكی ئەخلاقی داوای لێبوردن لە هەرێمی كوردستان و خانەوادەی شەهید پێشرەو دزەیی و قوربانیەكانی ئەو تاوانە بكات كە بەپاساوی نادروست كرانە قوربانی.

ئەم یەك دڵ و یەك گیان و یەك جەستەیەش هۆكاری مانەوەمان
لە كۆتاییداگوتیان :وەك خەڵكی سەر بەرز و نەتەوە پەروەری سلێمانیش رودەكەینە هەولێری شاری هۆلاكۆ بەزێن و پایتەختی كوردستان و پێی دەڵێین سلێمانی و هەولێر یەك دڵ و یەك گیانن لەیەك جەستەدا ، ئەو تیرەی بەر دڵی ئێوە دەكەوێت خوێن لە دڵی ئێمە دەهێنێت و هەر تیرێكیش بەر دڵی ئێمە بكەوێت خوێن لە دڵی ئێوە دەهێنێت ، هەر ئەم یەك دڵ و یەك گیان و یەك جەستەیەش هۆكاری مانەوەمان و وزەی لەبن نەهاتوی بەرگریمان بەدرێژایی مێژوو سوپاس و قەدرزانینمان بۆ نیشتماندۆستی و كوردپەروەریی دانیشتووانی بەشەرەفی شاری سلێمانی شار و شارۆچكەكان و گوندەكانی دەورووبەری كە بە گوڕ و تینی پڕ لە مەردایەتیتان بەشداریتان لەم هەڵوێستە نیشتیمانییەداكرد، درود بۆ گیانی شەهیدانی بۆردومانی هەولێر و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.