بژار مەلا خدر قائیمقامی قوشتەقە

خەبات: عەلی بانیشاری:- بژار مەلا خدر، كەمتر لە دوو مانگە وەكو یەكەم قایمقامی قەزای قوشتەپە دەستبەكاربووە. لەو ماوەیەدا 24 كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرمانگەكانی قەزاكە ئەنجامداوە تاوەكو كەموكوڕییەكانی قوشتەپە بزانێت و گوێ لە داواكارییەكانی هاووڵاتیانی ناوچەكەش بگرێت. وەكو خۆی دەڵێت: ئامانج لە كۆبوونەوە و سەردانە مەیدانییەكانی بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی حكوومەت و كەرتی تایبەتەوە گرفتەكان چارەسەر بكات و هەوڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان بدات.

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەبات) قایمقامی قوشتەپە دەشڵێت: لە ڕاپۆرتێكی 10 لاپەڕەیدا كە ئاڕاستەی پارێزگای هەولێری كردووە ئاماژەی بە كەموكوڕییەكانی قوشتەپە و داواكاری دانیشتووانی قەزاكە كردووە. سێ لە داواكارییەكانی هاووڵاتیانی قوشتەپە بریتین لە (كردنەوەی نەخۆشخانە، كردنەوەی پەیمانگای كشتوكاڵی و پەرستاری). هەر لە قوشتەپە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە كە قایمقامییەت سەرپەرشتی دەكات، ناوی زیاتر لە 250 كەس تۆماركراوە بۆ ئەوەی لە كەرتی تایبەتدا بخرێنە سەركار و پڕۆسەی ناونووسینەكەش بەردەوام دەبێت.

كەموكوڕییەكانی قەزاكە لە 10 لاپەڕەدا دەخرێنەڕوو
قایمقامی قەزای قوشتەپە باسلەوە دەكات، هێنانەكایەی قەزای قوشتەپە لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ناوچەكە بووە لە ڕووی مێژوویی و كارگێڕییەوە. بژار مەلا خدر دەڵێت: بڕیارمانداوە هەرچی زووە ئاوڕێكی جدی لە قوشتەپە بدەینەوە و لەسەرەتای دەستبەكاربوونمان وەكو قایمقام 24 كۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرمانگە كارگێڕی و ئەمنییەكانی قەزاكە ئەنجامداوە و دیدارمان لەگەڵ خەڵكی سنوورەكە هەبووە و سەردانی مزگەوت و قوتابخانەكانی قوشتەپەم كردووە. ئەو دەشڵێت: لە ئەنجامی ئەو كۆبووانەی كردوومانە، ڕاپۆرتێكی 10 لاپەڕەیمان ئامادەكردووە و تێیدا كەموكوڕیی و گرفتەكانی قەزاكەمان دەستنیشانكردووە و ئاڕاستەی پارێزگای هەولێرمان كردووە.

قوشتەپە پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی 10 قەرەوێڵەییە
بژار مەلا خدر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ڕوو تەندروستییەوە قوشتەپە گرفتی گەورەی هەیە و تاوەكو ئێستا خاوەن نەخۆشخانە نییە و ئەوەی هەیەتی سێ بنكەی تەندروستییە، دوو لە بنكەكان لەناو سەنتەری قەزاكەن و بنكەی سێهەمیش لە دەرەوەی قوشتەپەیە. لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: بنكە تەندروستییەكان ڕۆژانە كاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ دادەخرێن، ئەوەش گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە، پێشنیارمانكردووە نەخۆشخانەیەكی 10 قەرەوێڵەیی لە سنوورەكەدا دروست بكرێت، چونكە قوشتەپە كەوتووەتە سەر ڕێگای كەركوك – هەولێر و دەروازەیە بۆ 15 پارێزگای عێراق.

داوای كردنەوەی پەیمانگای كشتوكاڵی و پەرستاریمان كردووە
قایمقامی قەزای قوشتەپە باسیلەوەشكرد، لە خوێندنی باڵادا بۆشاییەكی گەورەیان هەیە و لەو ڕاپۆرتە 10 لاپەڕەییەی كە ئاڕاستەی پارێزگای هەولێریانكردووە، داوایانكردووە پەیمانگایەكی كشتوكاڵی و پەیمانگایەكی پەرستاری لە قوشتەپە بكرێنەوە، بەو پێیەی ((قوشتەپە خاوەن ڕووبەرێكی زۆری كشتوكاڵییە لە سنوورەكەدا)). قوشتەپە هیچ پەیمانگایەكی حكوومی و ئەهلیی لێنییە، لە كاتێكدا زۆرینەی قەزاكانی هەرێمی كوردستان كۆلێژ یاخود پەیمانگایان لێیە.

ئەو كەسانەی بێكارن، دەخرێنە سەركار
لە سەرەتای ساڵی نوێوە لە قایمقامییەتی قەزای قوشتەیە و لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە كە قایمقامییەت سەرپەرشتی و فەرمانگەكانی قەزاكەشی تێیدا ئەندامن، ناونووسینی ئەو كەسانە دەستیپێكردووە كە بێكارن، بۆ ئەو مەبەستە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 250 كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە و چاویان لەوەیە ببنە خاوەن كاری خۆیان. لەوبارەیەوە بژار مەلا خدر گوتی: لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چوار كۆبوونەوەمان لەگەڵ خاوەن كارگە و كۆمپانیاكانی سنوورەكە ئەنجامداوە، داوامان لێكردوون بڕیاری 172ـی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن و كار بەو كەسانە بدەن كە خەڵكی ناوچەكەن. لە ناوەڕۆكی بڕیاری 172دا هاتووە (دەبێت لە 75%ـی ئەو كەسانەی لە كارگە و كۆمپانیاكان كار دەكەن خەڵكی خۆماڵی بن و دانیشتووی ئەو ناوچانە بن كە كارگە و كۆمپانیاكانی لێیە).

قایمقامی قوشتەپە گوتیشی: پڕۆسەی ناونووسینی ئەو كەسانە بەردەوام دەبێت كە بێكارن. ئەوەشی گوت: لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ خاوەن كارگە و كۆمپانیاكان جەختمان لەوەكردووەتەوە، دەبێت خاوەنی ئەو شوێنانە پابەندی بڕیارەكە بن، چونكە بڕیارەكە لە بەرژەوەندی خەڵكە و بەلای ئێمەوە گرنگە خەڵكێكی زۆری سنوورەكە سوودمەند بن، لە بەرامبەریشدا بە دڵنیاییەوە دەرگای قایمقامییەت و سەرجەم فەرمانگەكانی ناوچەكە بۆ خاوەن كارگە و كۆمپانیاكان ئاوەڵا دەبن و هەر كار و داواكارییەكیان هەبێت وەكو خۆی هەوڵدەین بۆیان جێبەجێ بكەین، ئەوەشی پێمان نەكرا و لەسەرەوەی ئێمە بوو هەوڵدەدەین داكۆكیكاری مافەكانیان بین، چونكە ((ئەوانیش مافی خۆیانە و پشتگیریان دەكەین كارەكانیان فراوان بكەن)).

سێ ناحییە دەخرێنە سەر قوشتەپە
پێشنیاركراوە ناحیەی شەمامك بخرێتە سەر قەزای قوشتەیە و دوو ناحیەی دیكەش بۆ قەزاكە زیاد بكرێت، لەوبارەیەوە بژار مەلا خدر گوتی: هێشتا بڕیاری لكاندنی سێ ناحییە بە قەزای قوشتەپە تەواو نەبووە و هەر كات بڕیارەكە دەرچوو ئەو كات ڕایدەگەیەنین. بەوتەی ناوبراو، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی سنووری قەزاكە نزیكەی 63 هەزار كەسە و قوشتەپە بە یەكێكە لە قەزا گەورەكانی سنووری پارێزگای هەولێر هەژمار دەكرێت. ئەو دەشڵێت: ئاوارە و پەنابەرێكی زۆر لە سەرجەم پارچەكانی كوردستانەوە ڕوویان لە سنوورەكە كردووە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر قەزاكە دروستكردووە.

سنوورەكە دەكرێتە ناوچەیەكی كشتوكاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
بەوپێیەی قەزای قوشتەپە خاوەنی زیاتر لە 310 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵییە، پلانی ئەوە هەیە بكرێتە ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەرهەمداری گرنگ، قایمقامی قوشتەپە ئەمەی بە (خەبات) گوت. بژار مەلا خدر دەڵێت: قوشتەپە بۆ خۆی ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، بەڵام پێویست دەكات كاری جدی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لە ناوچەكە بەرەو پێشەوە بڕوات و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ((سنوورەكە دەكرێتە ناوچەیەكی كشتوكاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان))، چونكە خاوەن ڕووبەرێكی زۆری كشتوكاڵییە و وەبەرهێنانی كشتوكاڵی تێیدا ئێجگار زۆرە و دەتوانرێت كاری زیاتری تێدا بكرێت.

لە دوو ساڵی داهاتوودا هەوڵدەدەین قوشتەپە بكەینە قەزایەكی پێشكەوتوو
قایمقامی قوشتەپە هێمای بۆ ئەوەشكرد، لە بواری خزمەتگوزاریدا قەزاكەیان كەموكوڕی ئێجگار زۆری هەیە و بەپێی توانای دارایی حكوومەت هەوڵدەدەن ئەگەر هەموویشی نەبێت، بەشێك لەو گرفتانە چارەسەر بكەن، بەشێوەیەك لە دوو ساڵی داهاتوودا قوشتەپە سیمای تەواوی قەزایەكی پێشكەوتووی پێوە دیار بێت. بژار مەلا خدر هەروەها جەختیلەوەشكردوە، لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونی وەكو قایمقامی قوشتەپە لەگەڵ فەرمانگەكانی سنوورەكە كۆبوونەوەتەوە و بڕیاریانداوە دەرگایان كراوە بێت بۆ تەواوی دانیشتووانی سنووری قەزاكە و لە ئاست خواست و داواكاری خەڵكدا بن. دووپاتیشكردەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا بە پاڵپشتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان قوشتەپە دەبێت بە یەكێك لە ((قەزا هەر دیار و بەرچاوەكان لە ئاستی هەرێمی كوردستان)).

كورتەیەك لەبارەی (قوشتەپە)وە
*بەفەرمانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە 10/5/2023 قوشتەپە كرا بە قەزا.
*لە 21/5/2023 وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیانی ژمارە (9)ـی لە بارەی هێنانەكایەی قەزای قوشتەپە دەركرد.
*14 دەهەمین قەزای پارێزگای هەولێرە.
*بژار مەلا خدر وەكو یەكەم قایمقامی قوشتەپە لە 28/11/2023 دەستبەكاربوو.
*نزیكەی 19 كم لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە.
*ژمارەی دانیشتووانی سنووری قەزاكە نزیكەی 63 هەزار كەسە.
*سەنتەری قەزای قوشتەپە لە چوار گەڕەكی سەرەكی پێكدێت.
*مێژوویی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان.

قەزای قوشتەپە