بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی 1ی 2024، لەگەڵ زەنگی خوێندنی دوومین وەرزی ساڵی خوێندنی 2023 – 2024، لە سەرجەم قوتابخانەکانی کوردستان بەگشتی و قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەتی، مامۆستایان و قوتابییان بەر لە چوونیان بۆ نێو هۆڵەکانی خوێندن، بە مەراسیمێك، دەقیقەیەک بۆ گیانی شەهیدانی بۆردومانەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، راوەستان.

لەو مەراسیمەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتی: ”هەولێری پایتەختی ئاشتی و ئارامی و بەیەکەوەژیان، بەبێ هیچ هۆکار و بنەمایەک کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشانەی، کە بەبێ ڕەچاوکردنی هێز دەکرێتە سەری، لەکاتێکدا ئەوانەی هێرشیان کراوەتە سەر و بوونەتە قوربانی، هاووڵاتیی سڤیل و خەڵکێکن دانیشتووی شارن، بەبێ ئەوەی ئەوانە هێزی چەکدار بن، یان دوژمنی ئەو وڵاتە بن، کە هێرشی کردوونەتە سەر و بۆردومانی كردوون، لەکاتێکدا مەیدانی جەنگ و بەرەی جەنگ شوێنێکی دیکەیە، بەڵام بەهۆی نابەرامبەریی هێز، لەوێدا دێت شەڕ بە هەولێری پایتەختی ئاشتی و ئارامی و بەیەکەوەژیان دەفرۆشێت.“

ئالان حەمە سەعید گوتیشی: ”لە قوتابخانەکانی نەبەردی و شانازی و بەرگرییەوە، ڕێز لە گیانی شەهیدەکانمان دەگرین، ئەم شەهیدانە تا مێژووی کورد مابێت مایەی شانازی و سەربەرزیی نەتەوەکەمانن.“

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە بەهۆی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کراوەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەموو هێزەکان لە دنیادا و هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو لایەنەکان، بە بێ ڕەچاوکردنی هیچ ئاستێکی سیاسی و هێز، ئەو هێرشانەیان سەركۆنە کردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، کە ئەو هێرشانە بە ناڕەوا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەختی ئاشتی و ئارامی بەیەکەوەژیان بەتایبەتی.

وەزیری پەروەردە لە دوا بڕگەی وتەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل لە هەولێر و شەهیدکردن و تێکدانی ئاشتی و ئارامیی هەولێر لە لایەن دراوسێیەکی خۆیەوە، کە تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی بە سەریانەوە نەبووە، هیچ جوامێرییەکی تێدا نییە، بەڵکوو جوامێری ئەوەیە لە مەیدانی جەنگدا ڕووبەڕووی دوژمنەکان ببنەوە، نەک هێرش بکەنە سەر خەڵكی سڤیل لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.