
ساسان دەروێش – هۆڵەندا
لە درێژەی ناڕەزایەتییهكانی خەڵکی کوردستان لەناوەوە و دەرەوەی ههرێمی كوردستان بۆ ئیدانەکردنی بەئامانجگرتنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان كه لە شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانهوه به مووشهك هێرشکرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی وڵاتانی دەرەوە و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خەڵکی کوردستان دژ بەو کارە نامرۆڤانەیە کە هێرش کرایە سەر خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ بە پاساوهێنانەوەی بێ بنەما، دوێنێ شەممە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بە کاتی ئەورووپا له یهك كاتدا لە 15 وڵاتی ئەورووپا ڕەوەندی کوردستانی بەجۆشوخرۆشەوە لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی هەر چوارپارچەی کوردستان خۆپیشاندانی هێمنانەیان لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی ئێران و گۆڕەپانەکانی سەنتەری شارەکان سازكرد و دەنگی ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و ئیدانەکردن بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان گەیەندرایە ڕای گشتی و نێودەوڵەتی، هاوكات یاداشتنامەیەک و خوێندنەوەی بە زمانە بیانیەکان پێشكهش كرا و تیایدا ئاماژه بهوه كرا كه خەڵکی کوردستان کراوەتە ئامانجی بێ بنەما و سنووربەزاندنی سەروەریی نیشتمان و شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل و ڕهوهندی كوردستانی داوایان کرد چیتر ئەو کارەساتە دووبارە نەبێتەوە و خەڵکی کوردستان نەکرێتە ئامانجی سیاسی و ناوچەیی.
-شەهیدکردنی منداڵ و خەڵکی بێتاوان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت
سەوزە عبدلله، یهكێك له بهشداربووانی خۆپیشاندانهكه له تاراوگه بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە لێرەین بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و هەولێر و دهربڕینی ناڕهزایی، ئیدانەی ئەم کارە نامرۆڤانەیەی سوپای پاسدارانی ئیران دەکەین، شەهیدکردنی منداڵ و خەڵکی بێتاوان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بۆیە دەنگی خۆمان بەرز دەکەینەوە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە بۆی کۆبووینەتەوە و لە هەر کوێی جیهان بین لە بابەتی دەستدرێژیکردن بۆسەر خاک و نیشتمانمان یەکدەنگ و یەک هەڵوێستین.
-ئەورووپا بۆ هەر هەلومەرج و پێشهاتێک لەگەڵ هەرێمی کوردستانن
پێشڕەو حەسەن دانیشتووی شاری ئەمستردام، بۆ خەبات گوتی: کوردانی ئەورووپا بۆ هەر هەلومەرج و پێشهاتێک لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، سەبارەت بەم کارە نامرۆڤانەیەی كه هەفتەی ڕابردوو بەرانبەر هەولێر کرا، پشتیوانی کوردستانیانی خەڵکی خۆمانین و ئیدانەی ئەم کردەوەیە دەکەین کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانهوه هێرش کرایە سەر ماڵێکی پڕ لە منداڵ و ژنی بێتاوان بە ئامانج گیران و شەهیدیان كران. لێرەوە هاوخەمین و داوای دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە دەکەین و ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ ئاگادار دەکەینەوە.
-ئهمڕۆم بۆ پشتیوانیکردنی میللەتی خۆم و کوردستان تهرخان کرد
سۆزان جەمال ئیبراهیم، دانیشتووی شاری ڕۆتردام بۆ خەبات هەڵویستی خۆی دەربڕی و گوتی: من وەک کەسێکی بێلایەن و ئافرەتێک خاوەن منداڵ و کار، ئەمڕۆم بۆ پشتیوانیکردنی میللەتی خۆم و کوردستان تهرخان کرد، منیش وەک هاوڕێ کوردەکانم لێرەم بۆ دەربڕینی هاوخەمی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆ سەر خەڵکی کوردستان، ئەم وێنە و ڤیدیۆیانەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە کوردی و جیهانییەکانەوە دەیبینین، خۆی دەدوێت، ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران کردوویانە بە هۆکارێک بۆ کردەوەکە، هیچی وای لێنابینرێت چونکە ماڵی موساد، قورئان و کەلوپەلی یاریی منداڵان و شتوومەکی ئافرەتانی تیانییە، بۆیە داوا دەکەین و یەک دەنگین کە کاری وا دووبارە نەبێتەوە.
-ئێران پاساوی نابەجێ و بێبنەما دەهێنێتەوە
خەیری باعەدرێ، دانیشتوی شاری داینهاخ، وەک کوردێکی ئێزیدی هاوهەڵویستی کوردانی هۆڵهندا بۆ خەبات گوتی: ئێستا هەست بە خەم و تاسەباری هەرێمی کوردستان و خوشک و برا کوردەکانم دەکەم، چونکە کاتێک هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شنگال و هاونیشتمانیانم کرا و کاری نامرۆڤانەیی دەرهەق بە کوردانی ئیزیدی کرا، ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیل شەهیدکران و ماڵ و جێگایان خاپوورکران کارەسات بوو. بۆیە ئەم کارەی سوپای پاسدارانیش هیچی کەمتر نییە و بە هۆکارو شێوەیەکی تر خەڵکی سڤیلی شەهید کردووە و پاساوی نابەجێ و بێبنەما دەهێنێتەوە، بۆیە پشتگیری و پشتیوانی هەرێمی کوردستانم و دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ناڕەزایی دەربڕانی کوردانی ئەورووپا و ڕای گشتی و جیهانی لێ ئاگادار دەکەینەوە ئەرکی سەرشانمانە ئەم پشتگیرییە.
-چەواشەکاری جێگەی قبووڵکردن نییە
کاوە عەزیزخان ئەحمەد چالاکوان و بەشدار لە خۆپیشاندانەکەی ئەمستردام بۆ خەبات گوتی: ئیدانەکردن و هاوسۆزی ڕای گشتی نێودەوڵەتی و کەسایەتی و باڵیوێزەکان ئەوەیان سەلماند کە چەواشەکاری جێگەی قبووڵ و باوەڕنەکردنە بۆ پاساوهێنانەوەی شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل و بێگوناح، بۆیە دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی گەلەکەمان و لە تاراوگەوه بە ئاڵای کوردستانەوە سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و کوردستان بەهێز و یەکگرتووە و خاوەنی هێزێکی گەورەی ڕەوەندی کوردستانییە.
