سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەندێ دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/1/2024، سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی توندی حکوومەتی فیدراڵ لە سەركۆنەكردن و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە، هەندێك دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە، تاوەکوو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “دامودەزگاکانی هەرێمی كوردستان هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە دەکەن کە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی پێک هاتووە و زۆر ئاشکرایە کە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج، ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی ڕای گشتیی تووڕەی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن.”
سەرچاوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كردووە: “هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمە و ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، بە ئاگاداری و رەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵییە، پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش، هەنگاوی ڕژد بنرێت تاوەکوو سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزین.”