ئەمڕۆ سێشەممە 16/1/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە، هاوخەمی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها سڵاوو ڕێز و پێزانینی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو.
هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بێ پاساو و ناڕەوان و نابێ چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ دەنگ بێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.