خەبات: عەلی بانیشاری:- بەپێی ئەو پلانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دایڕشتووە، لە ساڵانی داهاتوودا پێنج سایلۆی پێشكەوتوو لە شارە جیاجیاكانی كوردستان دروست دەكرێن. لە ئێستاشدا دروستكردنی سایلۆی هەڵەبجە كە توانای كۆگاكردنی 40 هەزار تۆن دانەوێڵەی هەیە كەوتووەتە واری جێبەجێكردن. بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لەگەڵ سایلۆی هەڵەبجە، 10 كۆگای گەورەش بۆ هەڵگرتنی مادە خۆراكییەكان دروست دەكرێن و پاش تەواوبوونی كۆگاكان بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەو كۆگایانە هەڵدەگیرێت و لە گەنجینەكانی سلێمانی كۆگا ناكرێت. ساڵانە نزیكەی 60 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەكرێت بە دانەوێڵە. بەرهەمی ساڵانەی گەنم و جۆی جووتیارانی هەڵەبجە زیاتر لە 40 هەزار تۆنە.
سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی و گرنگیدانی بەڕێزیان بە بابەتی دروستكردنی ژێرخان بۆ ئاسایشی خۆراك، پلانی ئەوە دانرا كە سایلۆی زیاتر لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دروست بكرێن، ئەوەش بە ئامانجی كۆگاكردنی دانەوێڵە.
گوتیشی: یەكێك لە هەمەكانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان، ئاسایشی خۆراك و گرنگیدانە بە كشتوكاڵ و خۆبژێویی و دروستكردنی چوارچێوەیەكی ئابووری لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازی. ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا دروستكردنی سایلۆیەك و 10 كۆگای قەبارە گەورە كە تایبەت بە هەڵگرتنی مادە خۆراكییەكان لە هەڵەبجە كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە. زیاتر گوتی: سایلۆكە توانای كۆگاكردنی 40 هەزار تۆن دانەوێڵە هەیە و ڕووبەری هەر یەكێك لە كۆگاكانیش 1600-1800 مەترە.
ڕاشیگەیاند: پێشتر هەڵەبجە سایلۆ نەبووە، هەرچەندە خاوەن دەشت و خاكێكی زۆرە بۆ چاندنی بەرووبوومی دانەوێڵە، هەروەها خاوەن كۆگاش نەبووە، بۆیە كاتێك بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لە بەغداوە دەهات، بەشی پارێزگای هەڵەبجە لە گەنجینەكانی هوانەی سلێمانی كۆگا دەكرا. بەوتەی سەروەر كەمال هاواری، سایلۆكەی هەڵەبجە بە كوالێتییەكی بەرز دروست دەكرێت و حسابی چۆنییەتی هەڵگرتنی دانەوێڵە و پاراستنی لە ڕووی تەندروستییەوە لە كۆگاكەدا كراوە.
ناوبراو دەڵێت: لەگەڵ تەواوبوونی سایلۆ و كۆگاكان، لە هەڵەبجە گرفتی هەڵگرتنی دانەوێڵە چارەسەر دەبێت و ئەو مادە خۆراكییانەشی لە بەغداوە دێن و لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە دابەش دەكرێن، دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بنێردرێت بۆ ئەو كۆگایانە و پاشان لەوێوە دابەشی سەر سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكرێت، سایلۆ و 10 كۆگاكەی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دەكرێن. پڕۆژەكە بە گوژمەی 27.5 ملیار دینار لەسەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت. بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.
بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەشڵێت: لە كاتی پێویستیشدا دەتوانرێت سوود لەو كۆگایانە وەربگیرێت بۆ كۆگاكردنی دانەوێڵە. سەبارەت بە دروستكردنی سایلۆی دیكە، سەروەر كەمال هاواری گوتی: لە پلانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و باتیف لە پارێزگای دهۆك و هەریر و كۆیە و كفری پێنج سایلۆی دیكە بە كوالێتی بەرز دروست بكات و لە ساڵانی ئایندەدا بەپێی پێویستی شوێنەكە، دەست بە دانانی بەردی بناغەی چەند سایلۆیەكیان دەكرێت.
ئەوەشی گوت:كاتێك سایلۆ دروست دەكرێت، وەكو پاكێچێك كۆگا و باڵەخانەی كارمەندان و پێداویستی دەوامكردنی ستافی سایلۆی لەگەڵدایە. هەروەها گوتیشی: كاتێك سایلۆكە تەواو بوو و وەرگیرا ڕاستەوخۆ فەرمانبەری بۆ ڕادێنین و سایلۆكە دەخەینە كار. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هێمای بۆ ئەوەشكرد، هەر سایلۆیەك پێویستی بە نزیكەی 50-60 كارمەند هەیە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سێ سایلۆ لە قوشتەپە و ڕۆڤیا و كەلار تەواو كران، توانای وەرگرتنی هەر یەكێك لە سایلۆكان 40 هەزار تۆن دانەوێڵەیە و بەتەواوكردنی ئەو سایلۆیانە گرفتی كۆگاكردنی دانەوێڵە لەو ناوچانە چارەسەركرا.











