نووسینی/ جەودەت هۆشیار: وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا:- ساڵی ١٩١٢ ئانا ئەخماتۆڤا تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو. كچێكی جوان و پڕ لەمێینەیی و بێگه‌ردی بوو. شاعیرێکی نەرم و نیان و خاوەن بەهرەیەکی گەورەبوو. له شاری پترسبۆرگی پایتەخت لەدرەنگانی شەو كه شاڵێکی لەسەر شان و ملوانكه‌یه‌كی له مرواری له‌گه‌رده‌ن بوو، حه‌زی ده‌كرد بۆ ژێر زەمینەکەی کافێی (سەگی وێل) بچێت. شیعرەکانی ڕەنگدانەوەی قووڵی کەسایەتییەکەیتی، ڕاستی دەروونی و سۆزداریی قوڵی گرتۆته‌خۆ، لە شێوه‌ی فۆڕمی شیعری و بەشێوه‌یه‌كی زمانەوانی سادەش ئارەزووه‌كانی هەستیاری شاراوه و ئازاربەخش ده‌وروژێنن، خه‌ونه‌كان كه هێشتاش دەتوانرێ بەدەستبهێنرێن. لەو کاتەدا بە بیریدا نەهات داهاتوو بە بەدبەختیه‌كان بارگاوی ده‌بێت.
ئانا ئەخماتۆڤا لە ٢٣ ی حوزەیرانی ١٨٨٩ لە ئۆدێسا لەدایکبووە. لە ژیاننامەی خۆیدا نووسیویەتی (من لە هەمان ساڵ لەدایک بووم کە چارلی چاپلین تێیدا هاته‌دونیا و ڕۆمانی کریتزەر سۆناتای تۆڵستۆی بڵاوکرایەوە و تاوەری ئیڤڵیش دروستکرا). ئەندرێ گۆرێنکۆی باوکی ئەندازیارێکی دەریایی خانەنشین بوو. ئیننا ستۆگۆڤای دایکی له‌نەوەی بنەماڵەیەکی ناوداری تاتاری بوو. سەر بە چینی باڵای کۆمەڵگابوون. بەڵام دوای ساڵێک لە هاتنه‌دونیای ئه‌و، خێزانەکە ڕوویان لە پیتەرسبۆرگی پایتەخت کرد. ئانا تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری لەشاره‌كانی پیته‌رسبۆرگ و کیێڤ بەسەربرد. هه‌ر زووش فێری زمانی فەرەنسی بوو. ساڵی ١٩٠٤ یەکەم شیعری نووسی. ئه‌مه‌و زمانی لاتینی و مێژوو و یاساشی خوێندووە.
ساڵی 1910 لەگەڵ نیکۆلای گومیلۆڤ (1886-1921) ی شاعیر هاوسەرگیری كرد و بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینیش بۆ پاریس گەشتیان کرد. ساڵی دواتر گەشتێکی دیکەی بۆ پاریس کرد و ساڵی 1912 سەردانی ئیتاڵیای كرد. لە دووەم گەشتیدا بۆ پاریس به‌هونەرمەند و پەیکەرتاشی ئیتاڵی ئەمێدیۆ مۆدیلیانی (١٨٨٤-١٩٢٠) گه‌یشت، کە ئه‌ویان بە ١٦ تابلۆی نایابی هونەری نەمری کرد. هەندێک له‌و تابلۆیانه ره‌نگاوڕه‌نگن و هەندێکی دیكه‌شیان سکێچن. ئەو ماوه‌یه قۆناغێکی زێڕین بوو لەژیانی ئانادا.
کاتێکیش ساڵی ١٩١١ بەرهەمەکانی بڵاوكرده‌وه، لەبری گۆرێنکۆی ناوی بنەماڵەی باوکی، (ئەخمەتۆڤا) ی وەک ناوی هونەری بۆ خۆی هەڵبژارد. بەو پێیەی پێیوابوو یەکێک لە باپیره‌كانی (ئەحمەدخان) بووه كه شازادەیەکی تاتاری سەر بەبنه‌چه‌ی (جەنگیزخان) بووە. ساڵی دواتر (لێڤ) ی کوڕی هاته‌دونیا و یەکەم کۆمەڵە شیعریشی بەناوی (ئێوارە) بڵاوکردەوە. ئه‌وسا بەخێرایی ناوبانگی ته‌نیه‌وه ناو ناوه‌نده ئەدەبییه‌كانی ڕووسیا. ڕەخنەگرانی ڕووسیش لەبارەی ئەوەوە وتیان بەهرەیەکی نوێ لەشیعری ڕووسیدا دەرکەوتووە. بەهۆی بڵاوبووكردنه‌وه‌ی چەندان کۆمەڵە شیعری دیكه لەساڵانی دواتر، پێگە ئەدەبییه‌كه‌ی زیاتر هه‌ڵكشا.
هێشتا ژیان پێشبینی هیچ بەدبەختییەکی نەکردبوو. ئه‌و شیعری دەنووسی، شه‌ونخونی ده‌كرد، شامپانیای دەنۆشی، بەڵام ئه‌و شەڕه ناوخۆییه‌ی له‌كاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر هاته‌كایه، سنووری بۆ بە هەموو ئەوانە دانا. لەکاتی شەڕی ناوخۆدا تابلۆکانی ون بوون یاخود سووتێنران، تەنها یەک تابلۆی بۆ ماوە، کە تا دوا ڕۆژی ژیانی بەدیوارێكی ژووری نوستنەکەیدا هەڵیواسیبوو. ئەخماتۆڤا باس لەوە دەکات مۆدیلیانی لەوپه‌ڕی هەژاری ده‌ژیا تا ئەو ڕادەیەی نەیده‌توانی بانگهێشتی کافێیەکی بکات و پارەی دوو کوپ قاوە بدات. بەڵام به‌وه به‌ختیاربوو كه له‌گه‌ڵ ئه‌و بلیمه‌ته ئیتاڵییە كه‌شخه‌یه دابووه کە دوای چەند ساڵێک مرد و زامێكی سارێژنه‌بووی لە دڵی ئەخماتۆڤادا بەجێهێشت. لەڕۆژانه‌كانی کۆتایشدا لەیاداشتنامەکەیدا نووسیویەتی (تەمەنی مۆدیلیانی کورت بوو، هی منیش درێژ).
لە مانگی ئابی ساڵی ١٩١٨ ئەخماتۆڤا لەنیکۆلای گومیلۆڤی هاوسەری جیابۆوه. ئه‌ویان وه‌ك شاعیر دیارترین ئەندامی (وەرشەی شاعیران)ی بەناوبانگ و دامەزرێنەری قوتابخانەی (ئاکیزم) یان (لووتکەی ڕۆحی) بوو. ساڵی ١٩٢١ به‌تۆمەتی چوونه‌پاڵ ڕێکخراوێکی نهێنی ئەفسەران (سپییه‌كان) لەسێدارەدرا، ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت گومیلۆڤ لەسەردەمی قه‌یسه‌ری ئەفسەرێكی دیار بوو. لە مانگی کانونی دووەمی هەمان ساڵدا ئەخماتۆڤا لەگەڵ ڤلادیمێر شیلیکۆی زانای پسپۆڕ له‌شارستانییەتی میزۆپۆتامیا و یەکەم وەرگێڕی داستانی گلگامێش بۆ زمانی ڕووسی، هاوسەرگیری كرد، بەڵام ئەو هاوسەرگیرییە تەنها سێ ساڵی خایاند. ساڵی ١٩٢٢ لەگەڵ نیکۆلای پونینی مێژوونووس هاوسەرگیری کرد. ئه‌وه‌یان هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتووانه‌بوو، بەڵام ساڵی ١٩٣٨ ناوبراو دەستگیرکرا و سزای پانزە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی شه‌كه‌تی جەستەییشەوە لە ئۆردوگای کاری زۆرەملێدا گیانی لەدەستدا. تاکە کوڕه‌كه‌شی (لیڤ گومیلۆڤ) ئه‌ویش ئه‌وسا زیندانی بوو.
تاریکی و تەنیایی و نائومێدی ژیانی ئەخماتۆڤایان داگرت و له‌شیعره‌كانیشدا (كه ئه‌وسا- لە ناوەڕاستی بیستەکانەوە چاپ و بڵاوکردنەوەیان قەدەغەکرابوو) هاوار و گریانی ئازاره‌كان و هه‌ستكردن به‌تەنیایی ده‌ركه‌وتن. بەبێ هیچ تروسكایه‌كی هیوا دەژیا. شیعرەکانی لەو قۆناغەدا گوزارشت لەخۆشەویستی ژنانەی کارەساتبار دەکه‌ن، کە سۆز و غه‌مباری ئاوێته‌ی هیوا ده‌بن. بەهێزی كه‌سایه‌تی شاعیر و وره‌به‌رزییه‌كه‌ی، توانی لەساڵانی سه‌ركوتكردنی تۆقێنه‌رانه‌دا به‌رگه بگرێ و بمێنێته‌وه، سەرەڕای لەدەستدانی هاوسەرەکەی و دەستگیرکردنی کوڕەکەی و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی شیعرەکانیشی.
مەراسیمی پرسە
ساڵی ١٩٣٥ شیعرە درێژ و نایابەکەی (مەراسیمی پرسە) ی نووسی كه شیعرێکی بایۆگرافیانه‌یه و ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی ناخیه‌تی. لێرەدا گەورەیی ئەخماتۆڤا وەک شاعیرێکی داهێنەر ده‌ركه‌وتووه. ئەو شیعرە، کە شاعیر نزیکەی دە ساڵ پێوه‌ی خه‌ریك بووه، بەڵگەیه بۆ پێگەیشتنی وەک شاعیرێک. ئه‌وسا لەوپه‌ڕی هەژارییدا دەژیا، بەدەست برسێتی و سەرما دەناڵاند و هەستیشی بەسڵه‌مینه‌وه لەو واقیعە خه‌فه‌تباره دەکرد کە ته‌ژیبوو لەهه‌واڵگه‌یه‌نێری نهێنی، بەڵام ڕێزی خۆی لەدەست نەدا. لەو هەلومەرجە سەختەشدا، بە چەکی شیعر لە دژی واقیعی ترسناک تێده‌كۆشا وه‌ك ده‌ڵێت: “لەو کاتەدا لەگەڵ گەلەکەمدا وەستابووم و ئازاره‌كانم لەگەڵیدا بەش دەکرد.”
وەک ئه‌وه‌ی زۆرێک لە هاوڕێ ئەدەبییە ناسراوەکانی ڕووسی كردیان، ئه‌و هەوڵی کۆچکردنی بۆ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی نەدا. لەیەکێتی سۆڤیەتدا مایەوە و بەشێکی زۆری ئەرشیفەکەشی سووتاند، كه ئه‌گه‌ر پارێزگاریی لێكردبا ژیانی دەخستە مەترسییەوە، بەڵام خەڵکی شیعرەکانی ئه‌ویان له‌دڵ هه‌ڵگرتبوو و دەنگ و چامه‌كانی ئه‌ویان لەیادبوو.
ساڵی ١٩٤٥ فەیلەسوف و هزرمه‌ند و دیپلۆماتکاری بەریتانی سێر ئه‌شعیا بەرلین (١٩٠٩-١٩٩٧) ئەو کاتەی سکرتێری یه‌كه‌می باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بوو لە مۆسکۆ، لەشوێنی نیشتەجێبوونی لەلینینگراد، سەردانی ئەخماتۆڤای کرد. لەماوەی ئەو گفتوگۆ درێژخایەنەدا کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، ئەخماتۆڤا باسی لەخەمباری و ناڕازیبوونی خۆی لەڕژێمه‌كه‌ی ئه‌وسا کرد. ئه‌وه‌ی زۆر به‌گران له‌سه‌ری وه‌ستا كه گوایه {بەگوێرەی پاگه‌نده‌ی دەسەڵات} قسەی لەگەڵ سیخوڕێکی بیانی كردبوو، ئه‌وه‌بوو کوڕەکەی جارێکی دیکە دەستگیرکرا و سزای دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا لەگەڵ کاری قورس. ئەخماتۆڤاش خرایە ژێر چاودێری پۆلیسی نهێنی. هه‌ر کاتێکیش لەتاکە پەنجەرەی شوقە یەک ژوورەکەی خۆی دەیڕوانی، چەندان هه‌واڵده‌ری نهێنی ده‌بینی کە لەسەر سه‌كۆیه‌ك بەرامبەر دەرگای چوونە ژوورەوەی بیناکە دانیشتوون و چاودێرییان دەکرد. بەڵام ئه‌و خۆی بەدەست نائومێدی و بێهیوایی نەدا.
دواتر ئه‌شعیا بەرلین لەبارەی دیدارەکەی خۆی لەگەڵ ژنه شاعیرە گەورەکەدا نووسی و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا چۆن بەسەرسامی زۆرەوە تێبینی خۆڕاگری و سەرقاڵبوونی ئه‌و بەکارە داهێنەرەکانی کردووە و بە (شاژنێک خاوه‌ن سروشتێکی تراژیدی) ش وەسفی کرد، ئەخماتۆڤا شیعری مەراسیمی پرسەی بەزمانێکی زۆر مەجازیانه نووسیوە، وەک ئه‌و بەشانه دێنه بەرچاو کە لەخۆی دایماڵێ بۆ ئەوەی بیانخاتە ناو دەقی چامه‌كه‌وه. لەو ماوەیەشدا ڕووبەڕووی سەختترین ئازار بۆوه. کە هاوسەرەکەی لەدەستدا. کوڕەکەشی هێشتا زیندانی بوو. هەموو بارگرانییەکانی ژیانیشی بەکەرامەتەوە هەڵگرت و تەنها لە ئەدەبیشدا دڵنەوایی خۆی دەدۆزیەوە.
لەپێشەکی شیعری مەراسیمی پرسەشدا پاڵنه‌ری نووسینی ئه‌و شاكاره‌ی به‌و جۆره نووسیوه (بۆ ماوەی حەڤدە مانگ لە سەردەمی یەزۆڤی ترسناکدا (کە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٨ وەزیری ئاسایش و موخابه‌رات بوو). من لە ریزی درێژدا ده‌وەستام بۆ ئەوەی ڕێگەمان پێبدرێت سەردانی زیندانەکەی لینینگراد بکەین. ژنێك كه لێوەکانی بەهۆی سەرما شین هه‌ڵگه‌ڕابوون. پێشتریش هەرگیز ناوی منی نەبیستبوو، لەو حاڵەتە سەرسوڕهێنەرەی كه هەموومان تێیدا بووین، هاتە دەر و بە چرپەیەک پرسیاری لێکردم:
دەتوانی لەسەر ئەمە بنووسیت؟
وەڵامم دایەوە: بەڵێ
پاشان هاوشێوه‌ی زەردەخەنەیەک لەسەر ئەوه‌ی كه رۆژێك روخساربوو نه‌خشاند.
دوای ساڵانێکیش لە سنووردارکردن و بێدەنگی و پشتگوێخستن، چامه‌ی مەراسیمی پرسە ساڵی ١٩٦٣ لەمیونخ چاپ‌کرا، لە کتێبێک کە لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “ڤێرلاگ”ی ئەڵمانییەوە بڵاوکرایەوە چەند هەفتەیەک دوای بڵاوبوونەوەكه، شیعرەکە نەک تەنها بۆ خودی شاعیر، بەڵکو بۆ ملیۆنان ژنی ڕووسی ئه‌وانه‌ی له‌ناو هەموو ترسناکییەکانی ئەو ڕژێمەدا ژیابوون کە ژیانی خۆیان و ژیانی هاوسەر و منداڵەکانیان وێران کرد، گۆڕا و بووه هاوارێکی خەم و پەژارە. (ئەمڕۆ زۆر شت ماوە بیکەم: دەبێت یادەوەری تا کۆتایی بکوژرێ، دەبێت ڕۆح بێ پەشیمان بکرێ، دەبێت فێربین چۆن جارێكی دیكه بژین.)
خەڵاتی کۆمەڵەی نووسەرانی ئەوروپی:
لەکۆتایی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٤ لە شاری تاورمینای دوورگەی سیسیلیای ئیتاڵیا ئاهەنگێکی گه‌وره سازكرا. تێیدا بەئامادەبوونی ژماره‌یه‌كی زۆری نووسەران و شاعیرانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، خەڵاتی کۆمەڵەی نووسەرانی ئەوروپی لەبواری شیعر بەخشرایە ئەخماتۆڤا. هاوكات ئه‌ویش هەڵبژاردەیەک لەشیعرەکانی خوێندەوە، کە بەجۆش و خرۆشی زۆرەوە پێشوازی لێ‌کرا و ئامادەبووان لەسەر پێی بۆی هەڵسان. هەرچەندە زۆربەیان (جگە لەشاندی سۆڤیەتی) زمانی ڕووسییان نەدەزانی. ئەوەش ڕێزلێنانێک بوو بۆ شاژنی گه‌وره‌ی شیعر و ئەدەبیاتی ڕووسی.
دکتۆرای فەخری لە زانکۆی ئۆکسفۆرد:
لە ٥ ی حوزەیرانی ١٩٦٥ زانکۆی ئۆکسفۆرد دکتۆرای فەخری لەبواری ئەدەبدا بەخشییە ئانا ئەخماتۆڤا. بۆ یەکەمجاریش لەمێژووی زانکۆكه‌دا، ئینگلیزەکان ئەو نەریتەی دامەزراوی ئەکادیمییەكه‌یان شکاند: وه‌ك هه‌میشه، ئانا ئەخماتۆڤا بۆ وەرگرتنی بڕوانامەکە لەدەستی سەرۆکی زانکۆ، بەپلیکانە مەڕمەڕییەکان سەرنەکەوت، بەڵکو سەرۆکی زانکۆ بۆی هاته‌خواره‌وه. هەروەها ئەخماتۆڤا داوای لێبوردنی کرد له‌وه‌ی کڵاوە ته‌قلیدییه‌كه‌ی نه‌خستۆته سەر سەری وەک خۆی وتی: ” بۆ ناگونجێت”. سەرۆکی زانکۆش ڕەزامەندی دەربڕی له‌وه‌ی شاژنی شیعر لەو نەریتەی ئه‌كادیمیه‌كه به‌ده‌ره.
ڕۆژی دواتر ڕۆژنامەکانی بەریتانیا نووسییان ئۆکسفۆرد بڕوانامەی دکتۆرای فەخری به (ئانا ئەخماتۆڤای تەمەن ٧٦ ساڵ و گەورەترین شاعیری هاوچەرخی ڕووسی به‌خشی. ئه‌و شاعیره‌ی کە شیعر و چارەنووسه‌كه‌ی، ره‌نگدانه‌وه‌ی چارەنووسی گەلی ڕووسیایه) .
ئەخماتۆڤا لە ٥ ی ئازاری ١٩٦٦ لە نه‌خۆشخانه‌یه‌كی نزیک مۆسکۆ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. بەڵام کارەکەی لەژیان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌دا بەردەوامه.
ئەخماتۆڤا و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب:
ئەکادیمیای زانستی سوید کە خەڵاتی نۆبڵ دەبەخشێت، ماوەی پەنجا ساڵ بەڵگەنامە ئەرشیفییەکانی خۆی به‌نهێنی پاراست. له‌و بەڵگه‌نامه بڵاوكراوانه‌ی لەمانگی یەکی ساڵی ٢٠١٦ خستییه‌ڕوو، ئەخماتۆڤا ساڵی ١٩٦٥ لە لیستی کاندیدەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبدا بووە. لەو بەڵگەنامانەدا ئاماژە بەوە کراوە سەرۆکی لێژنه‌ی نۆبڵ، ئەندەرس ئۆستەرلۆند، لەکاتی هەڵسەنگاندنی شیعرەکانی ئەخماتۆڤادا وتویه‌تی: “به‌ئیلهامی بەهێزی ئەخماتۆڤا زۆر کاریگەربووم، لەوەش زیاتریش به‌چارەنووسه‌كه‌ی و بێدەنگبوونی ناچاركردنانه‌ی بۆ ساڵانی درێژ کاریگەربووم”. خەڵاتەکەی ئەو ساڵەدا بۆ کاندیدێكی دیكه‌ی دەوڵەتی سۆڤیەت بوو (میخائیل شۆلۆخۆف)، دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت پشتیوانی ناوه‌نده‌كانی ئەکادیمی و براوەكانی خەڵاتی نۆبڵی لە نووسەران و شاعیرانی چەپدا كرد و فشاری دیپلۆماسی و ئابووریشی له‌به‌رامبه‌ر سوید پیاده‌كرد. هەروەها له‌و بەڵگەنامانه‌ی ئەکادیمیای سوید ساڵی ٢٠١٧ بڵاویكرده‌وه ئاماژە بەوە دراوه ئەخماتۆڤا یەکێک بوو لەدیارترین کاندیدەکانی خەڵاتەکەی ساڵی ١٩٦٦. بەڵام مردنی ئه‌و لە مانگی ئازاری ئەو ساڵە بووە هۆی ئەوەی له‌كاندیدكردن لاببردرێت.
یادی ئەخماتۆڤا
داهێنانی ئەخماتۆڤا لەوڵاتەکەی و لەجیهانی ڕۆژئاوادا ڕێزی زۆری لێده‌گیرێت. ڕووسیا بەشێوەی جۆراوجۆر یادی ئه‌و شاعیره‌ی کردۆتەوە. بۆ نمونه مۆزەخانەی ئەخماتۆڤا لەشاری پیته‌رسبۆرگ هەیە، لە هەموو شارێکی ڕووسیاشدا کە تێیدا ژیاوە، هه‌تا ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند ساڵێكیش بێت، پەیکەرێک یان دیواربه‌ندێك هەیە، لەوانه سێ پەیکەر لەشاری پیته‌رسبۆرگ و پەیکەرێک لەمۆسکۆ. لەهەر یەکێک لەو شارانەشدا شەقامێک هەیە به‌ناوی ئه‌و. هەروەها زانایانی فەلەکناسی ڕووسیش ناوی ئه‌ویان له‌ئەستێرەیەکی بچووک ناوه كه ساڵی ١٩٨٢ دۆزرایەوە. ئه‌مه‌و ناوی ئه‌ویان بۆ ده‌مه‌وانه‌ی گڕکانێکی سەر هەسارەی ڤینۆسیش به‌كارهێناوه. جگە لە کۆمەڵێک کتێبخانەی گشتی و کەشتی گەشتیاری. زۆر تابلۆی پۆرترێتی ئەو شاعیرەش هه‌یه کە لەلایەن هونەرمەندانی گه‌وره‌ی ڕووسی کێشراون. هه‌روه‌ها فیلمی سینەمایش به‌رهه‌مهێنراوه كه تێیدا ژیانی پڕ لەڕووداوی دراماتیکی ئه‌و شاعیرە نیشان دەدەن. زۆر له‌شیعرەکانیشی كراون به‌ئۆپه‌رێت و بالێ و گۆرانی. دەیان کتێب و تێزی زانستیشی لەسەر نووسراوه. رۆژی ٢٣ ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک ڕووسیا یادی لەدایکبوونی دەگێڕێ، کە تێیدا چالاكییه که‌لتوورییە جه‌ماوه‌رییه‌كان سازده‌كرێن و له‌ناویشیاندا بەناوبانگترین ئەکتەره ڕووسەکان شیعرە سۆزدارییەکانی ئه‌و دەخوێننەوە. ئه‌و شیعرانه‌ی بە وێنە هونەرییە سەرسوڕهێنەرەکانیان، هەستەکان دەجولێنن.
سه‌رچاوه:
https://www.almadasupplements.com
رۆژی 04/04/2023