لە كاتێكدا رۆژنامەی خەبات بەرەو یادی 65 ساڵەی بە ئاشكرا دەرچوونی دەچێت و بەم بۆنەیەشەوە لە هەوڵی باشتركردنی ئەدای رۆژنامەوانی و ئەكتیڤتركردنی بەش و لاپەڕەكانییەتی، ژمارەیەك لە یەكێتی و رێكخراو و سەندیكاكانی هەرێمی لە رۆژی چوارشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2024 بە مەبەستی ئیدانەكردنی هێرشی دڕۆنەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە (هاوكات رۆژنامەی خەبات لە چەند ژمارەی رابردوویدا بەچڕی رووماڵی ئەو هێرشانەی كردووە)، بەڵام لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەشداربووان بۆ خۆبەرزنیشاندان و گەیشتن بە مایكی دەزگا میدیاییەكان، موجەلەدەكانی رۆژنامەی خەبات دەخەنە ژێر پێیان.

ئێمە لە رۆژنامەی خەبات وێڕای ئەوەی ئەمرۆ پێنجشەممە 4ی كانوونی دووەمی 2024 پشووی رۆژنامەكەمان بوو، بەشێك لە رۆژنامەنووسانی رۆژنامەكەمان لە بارەگای رۆژنامە بۆ ناڕەزایی دەربڕین كۆبووینەوە و بەتوندی ئیدانەی ئەو بێرێزیكردنە دەكەین، كە بەداخەوە لە بارەگای یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كراوە و داواكارین:

* تەواوی موجەلەدەكانی رۆژنامەی خەباتمان بۆ بنێرنەوە، كە لەو بارەگایە هەیە.
* بەشداربووانی ئەم بێڕێزیكردنە بە زووترین كات پۆزش بەرامبەر ئەم كارە ناشارستانیەیان بهێننەوە و داوای لێبووردن لە رۆژنامەنووسان و خوێنەرانی رۆژنامەی خەبات و گەلەكەمان بكەن.

رۆژنامەی خەبات
4ی كانوونی دووەمی 2024