كورتە ناساندنێكی سەفەوییەكان

338

هەینی قادر
شێخ جونێد (جنید) (1447-1460ماوەی دەسەڵات) كەلە شێخەكانی شاری ئەردەبیلی ئێرانە ،نەوەی باپیرە گەورەی شێخ سەفیەدین ئەردەبیلی یە (1255-1334ز) كە بنەچەی بنەماڵەكەیان دەچێتەوە سەر ئیمام مووسا كازم حەوتەمین ئیمامی شیعەكان كە بە شیعەی دوازدە ئیمامی ناسراون ، لەسەردەمی فەرمانرەوایی مەغۆلەكان لە ئێران (1253-1336ز) خاوەنی تەكیەی خۆیان بووینە سۆفی و پەیرەوانیان بەكاری ئێرشاد و سۆفیگەرایەتی خەریك بووینە. دوای نەمانی مەغۆلەكان ئێران لەسەردەمی كورەكەیدا (شێخ سەدرەدین مووسا (1335-1392ز) بۆتە چەند بەشێك لە دەرئەنجامدا حكومڕانی ئێران كەوتۆتە دەست چەند هۆز و میرێكی جودا جودا بەهۆی زۆری كارەسات و ناخۆشیەكان خەڵكەكە لە بێ هیوا بوون پەنای بردۆتە بەر گۆشەگیری واتا خۆیان بە ناچاری گۆشەگیر كردووە.

بەڵام ئەم دۆخەی ئێران لەسەردەمی شێخ عەلائەدین عەلی (1392-1448ز) كە هاوكات بوو لەگەڵ دەركەوتنی هێزی تەیموورییەكان بەسەركردایەتی تەیموری لەنگ كە ئەو كات زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی كەوتبونە ژێر دەستیان بە ئێرانیشەوە ، ئەم شێخە بە پێچەوانەی هاو سەردەمەكانی خۆی لەو كاتەدا متمانەی تەیموور لەنگ بۆ خۆی بەدەست دەهێنێ ، واتە شێخ عەلائەدین عەلی چووە بەر دڵی ئەم سەركردەیەی تەیموورییەكان ، بۆیە وەكو پاداشتێك بۆ ئەم شێخەی ئەردەبیل (3.000) سی هەزار لە دیلە توركەكانی بۆ ئازاد دەكات ، بەم جۆرە ئەمانە بوونە ئەم بنەماڵە ناودارەی ئێران خەڵكیكی زۆریان بەناوی مورید و سۆفی تەریقەت لە دەوری خۆیاندا كۆكردەوە كە لە كۆتایدا بوونە بنچینەی ئەو دەسەڵاتە بە هێزەی كەلە ئێران لە پەنای ئاییندا دروستیان كرد و لەسەرەتای سەدەی (16) شانزەهەم دەوڵەتی سەفەویان دامەزراند. سەرەتا ئەم بنەماڵەیە سوننی مەزهەب بوون لەسەر رێچكەی خۆیان بەردەوام بوون تا هاتنی سوڵتان جونێد ( 1447-1460ز ماوەی حوكمرانی شێخ جونێد) ئیتر مەزهەبەكەیان لە سوننەوە گۆری بۆ شیعە كاریان بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی بەهێزی شیعە كرد ، كە بتوانێت لە ناوچەكە ركابەری هەردوو دەوڵەتە بەهێزەكەی سوننە بكات لە رۆژهەلات و رۆژئاوا واتە دەوڵەتی ئۆزبەگی و دەوڵەتی عوسمانی. لە ئێران لەسەردەمی شێخ جونید سیاسەتی بڵاوكردنەوەی بیری شیعەگەری دەستی پێكرد ژمارەیەك لە پەیرەوكارانی خۆی لە مەزهەبی شیعە لەبەرگی سۆفی و دەروێش و زاهید ناردە ناو هۆز و قەبیلەكانی كورد و توركمان لە ناوچەكانی دیاربەكر و سەرووی وڵاتی شام و ناوچەی ئەنادۆل تا خەڵكەكە بهێننە سەر مەزهەبی شیعە، ئامانجی سەرەكی لەم كارەیدا دروستكردنی دەوڵەتێكی شیعەی ئێرانی بوو كە سنورەكەی لە ئێرانەوە بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەڵام شێخ جونێد ئەم هەوڵەی بۆ نەچووە سەر لە ساڵی (864ك / 1460ز) سەری خۆی لە پێناودانا و كوژرا . دوای ئەو كوڕەكەی كە ناوی شێخ حەیدەر بوو شوێنی گرتەوە ئەویش لەسەر هەمان سیاسەتی باوكی رۆیشت ،بەڵام سەركەوتوو نەبوو دەرئەنجام بە هەمان چارەنووسی باوكی گەیشت لە ساڵی 893ك/1488ز)بە دەستی كەسێكەوە كوژرا كە ناوی یەعقوب بەگ بوو ئەمە لەسەردەمی میرنشینی ( ئاق قۆینلو) ی توركمانی روویدا لە سنوری دیاربەكر.

لە دوای نەمانی شێخ حەیدەر كوڕەكەی ئیسماعیل میرزا كە بە شا ئیسماعیل ناسرا بوو ، سەر كێشی تەریقەتەكەی باوكی وەردەگرێت لەسەر هەمان رێبازی باب و باپیرانی بەردەوام دەبێت پەرە بە بڵاكردنەوەی مەزهەبی شیعە دەدات وێرای ئامانجی دینییەكە ئامانجی سەربازیش لەبەر چاو دەگرێ، بۆ ئەم مەبەستە هێزێكی سەربازی لە مورید و سۆفییەكان دروست دەكات و لە ساڵی (913ك-1507ز) لە شەرێكی سەختدا لە دژی میرنشینی ئاق قۆینلۆی توركمانی بەسەر میر علا‌و الدولە زاڵ دەبێت و كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم بنەماڵە توركە دەهێنێت و شارەكانی ئەلبستان و خەربوت و دیاربكر بەسەر یەكدا وێران دەكات ، بەم جۆرە ناوچە ئاوەدانەكانی كوردستان دەبنە مەیدانی شەری هەردوو لا ( دەوڵەتی سەفەوی و دەوڵەتی عوسمانی ) بەمەش زەرەر و زیانێكی زۆر لە كوردانی ئەم ناوچەیە دەكەوێت هەڵبەتە ئەم هێرشانە لە ژێر پەردەی ئایینی و مەزهەبی ئەنجام دراون كوردیش لەم ناوچەیە بەسەر هەردوو مەزهەبی شیعی و سوننی دابەش ببوون بەناچاری كوردە شیعەكان پشتیوانی لە هێزی شیعەی سەفەوی ئێرانیان كردووە سوننەكانیش پشتیوانی لە هێزی سوننی عوسمانییەكانیان كردووە.

شەركەڕە شیعە ئێرانیەكان بەوە جیاكراونەتەوە جۆرە كڵاوێكی سووری خەتداریان لەسەر بووە ، هەندێ سەرچاوە دەڵێن جۆرە جەمەدانییەكی(جامانە) سووری لول پێچكراویان لەسەر بووە دوازدە خەتی تێدابووە وەك ئاماژەیەك بۆ دوازدە ئیمامەكەی شیعەكان ، گوایە كوردە سووننەكانی ئەم ناوچەیە بەم سەرسورانە یان ئەوانەی جەمەدانی سوریان لەسەر بووە پێیان گوتووە (سەرسور) كە بە زمانی توركی پێی گوتراوە قزلباش هەروەكو هەردوو مێژوونووسی تورك (د.احمد اق كوندز و د. سعید أوز تورك) لە كتێبە مێژووییەكەیان دا (الدولە العثمانیە المجهولە) بەروونی ئاماژەیان پێ كردووە و دەلێن ( شیعە مەزهەبەکانی ئەم ناوچەیە جۆرە جەمەدانییەكی سوریان لەسەر بەستووە توركەكان پێیان گوتوون قزلباش جا ناوی قزلباش لەمەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر كورد بوونی ئەم قزلباشانە ئەمە جگە لەوەی ناوچەكەیان ناوچەیەكی كوردستانە و بەشێكە لە خاكی كوردان لە هەردوو دیوی ئێران و توركیا، وە لە هەمان كاتدا دانیپێدانانێكە لە لایەن هەردوو مێژوو نووسی تورك كە بنچینەی ناوی قزلباش كوردییە و كوردە سووننەكان بە كوردە شیعەكانی ئەم ناوچەیان گوتووە سەرسورەكان لەسەر هەمان ئەو ناو هێنانانە توركە سوننەكانیش پێیان گووتن قزلباشەكان یحیی الخشاب لە بارەی ئەو قزلباشەنەوە لە پەراوێزی لاپەرە (20) ی كتێبە مێژووییەكەی شەرەفخانی بەدلیسیدا ( شەرەفنامە –چاپە عەرەبیەكەی ساڵی 1962 ی قاهیرە دا دەڵێت:( قزلباشەكان ئەو دیلانەن كە تەیمور لەنگ رادەستی شێخ حەیدەری كردون ، بۆیە پێیان گوتراوە قزلباش ، چونكە جۆرە جامانەیەكی سوریان لەسەر بووە توركەكان پییان گوتون قزلباش بۆ ئەوەی لە خەڵكی تر جیا بكرێنەوە ئەمانە لە فارس و توركەكان بووینە )).

ئەوەی مەبەستمە لەم باسەدا بۆ خوێنەرانی روون بكەمەوە ئەوەیە مێژووی قزلباشەكان بەشێكە لە مێژووی كورد و كوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی لە رووی مەزهەبیەوە زیاتر هاوسۆزی دەوڵەتی ئێران و فارسە شیعەكانن بۆیە هەمیشە لە سەرچاوەكانی مێژوو بەشێكیان بە فارس و بەشەكەی تریان بە تورك لە قەڵەم دراون ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو شوێنەی ئەوان لێی ژیاوەن و ئێستاش لێی دەژین بەشێكە لە خاكی كوردستان لە هەردوو دیوی ئێران و توركیا.بەڵام بەداخەوە حكومەتی توركیا بەردەوام ئەم ناوچەیە بە بەشێك لە ئەنادۆل دادەنێت پێی دەڵێت رۆژهەڵاتی ئەنادۆل ، چونكە دان بەكوردستانی بوونی ئەم ناوچەیە دانانێت .كەچی لە سەرچاوە مێژووییەكان ئەمە تەواو سەڵمێندراوە كە ئەم خاكەی ئەوان ئیدعای ئەنادۆڵی بۆ دەكەن بەشێكی خاكی كوردستانە.

لەسەرچاوە مێژوویی و جوگرافیەكانی خودی دەوڵەتی عوسمانیش ئەم راستییە سەلمێندراوە كە سنوری ئەنادۆل لە شاری تەرابزۆنەوە بە هێڵێكی راست بەرەو شاری ئەسكەندەرونە درێژ دەبێتەوە لە وێوە كۆتایی دێت، لە دوای ئەم هێڵەوە جوگرافیای كوردستان دەست پێدەكات ، بەڵام بە داخەوە ئێستا تورك هەموو ئەو ناوچەیە بەناوی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ناودەبات، ئەم گۆرانكارییە لەسەردەمی یەكەم حكومەتی توركی لەسەر دەستی ئەتاتورك دەستی پێكرد ، ئەتاتورك هەر بەگۆرینی جوگرافیاوە نەوەستا بەڵكو گۆرینی دیمۆگرافیاشی لە دانیشتوانەكەی ئەنجامدا.

سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەمە دەكەن بەشی زۆری هێزە شەڕكەرەكانی دەوڵەتی سەفەوی ئێرانی كە لە ژێر فەرماندەی شا ئیسماعیل دابووینە لە هۆزەكانی توركمانی شیعە بووینە وەكو ( هۆزی رۆملۆ ، هۆزی شاملۆ ، هۆزی ئەسناجلۆ ، هۆزی زول قادر ، هۆزی ئەفشار ، هۆزی قاجار …..) بۆ نموونە شەركەرەكانی هۆزی رۆملۆ ئەو دیلە توركانە بوون كە تەیموور لەنگ لەساڵی 1402ز لەشەری ئەنقەرە لە مەیدانی شەڕدا بە دیلی گرتبوون ژمارەیان زۆر بوو لەبەر خاتری شێخ عەلائەدین عەلی ، تەیموور لەنگ ئەم دیلانەی ئازاد كردووە و ڕادەستی كردوون ، لەبەرامبەر ئازاد كردنیان سەرجەمیان هاوسۆزیان بۆ شێخ عەلائەدین پیشانداوە بوون بە دەروێش و موریدی تەریقەتی سۆفی لە خانەقای شێخ وەك سەربازێكی دڵسۆز لە خزمەتی شێخ عەلائەدین ماونەتەوە .بە تێپەربوونی كات بوونە هێزێكی پشتیوانكەری شیعە مەزهەبی سەفەوییەكان لە دژی هاونەژادی خۆیان لە دەوڵەتی عوسمانی جەنگان و شەڕیان كرد ، ئەمانە بەشێك لە هێزی قزلباشەكانیان پێك دەهێنا ، بە هەمان شێوە كوردە عەلەوییەكانیش لەم ناوچەیەدا بوون بە بەشێك لە هێزی قزلباش لە دژی دەوڵەتی عوسمانی سوونە مەزهەب جەنگان بۆ بەرژەوەندی مەزهەبەكەیان نەوەك بۆ بەرژەوەندی هاونەژادەكانی خۆیان.

ئەم قزلباشانە بەرادەیەك سۆز و خۆشەویستیان هەبووە بۆ رێبەر و شێخی خۆیان دەگەیشتنە ئاستی پەرستن، تەریقەتی صۆفی و پرسە مەزهەبیەكان ئەوەندە لایان پیرۆز بووە كە پرسە نەتەوەیی و هاوهۆزیان لە بیر كردبوو، پەیرەوكارانی ئەم تەریقەتە هەر لە تەمەنی بچووكیەوە پیاوانی بنەماڵەی سەفەوی دەكردە رێبەر و سەركردەی خۆیان ، شا ئیسماعیلی سەفەوی كاتێ جلەوی حوكمی( ئایینی و سەربازی ) وەرگرت تەمەنی 14 ساڵ بوو ، كورەكەشی شا تەهماسب بە هەمان شێوە لە تەمەنی دە ساڵان بوو كاتێ گەیاندیانە سەر تەختی عەرشی حكومرانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە شەری چالدێران 1514ز نەیان توانی شەڕەكە لە بەرژەوەندی خۆیان لە بەرامبەر سوپای عوسمانی یەكلا بكەنەوە ، هێزی سونە مەزهەبی ( دەوڵەتی عوسمانی ) كە پشتیوانی كوردیشی لەگەڵدا بوو سەركەوت ، ئەمەش بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەم قۆناغە مێژووییەدا هەستی ئایینی و مەزهەبی زاڵ بووە بەسەر هەستی نەتەوەیی وهۆزگەری ، تا ئێستاش ئەم هەستە بە هێزەو خاڵی سەرەكی ناكۆكیەكانی نێوان گەلەكەمان و حكومەتەكانی ناوچەكەیە. رومیەلی نورعەلی یەكێ بووە لە فەرماندەكانی لەشكری ئیسماعیلی سەفەوی (1487-1524)ز بە فەرمانی شا ئیسماعیل سەركردایەتی هێرشێكی قزلباشەكانی (سەرسورەكان) كردووە بۆ سەر شاری (توقات) ی سنوری میرنشینی جانقی توركی كاولكاریەك و كوشتارێكی زۆری لە دانیشتوانەكە كردووە كەسێك هەر لە خەڵكی ناوچەكە كە هاوسۆزی قزلباشەكانە بە ناوی شاقولو بابا تەكلی بێگ كە ( شاقولی بابەتەكەلوبەگ) یشی پێدەگوترێت ،پشتیوانی ئەم هێرشبەرانەی كردووەو لە دژی دەسەلاتی توركە عوسمانیەكان خەڵكی هانداوە لێیان ڕاپەریون و دەستیان بەسەر ژمارەیەك گوند داگرتووە و وەكو ئەلمالی و بۆردورو كیجی بورنوقا خەلكێكی زۆریان كوشتووە و گوندەكانیان تاڵان كردووە و ئینجا سوتاندویانە ، لە نیوان كوژراوەكان میر میرانی (بەگلەربەگی ) ئەنادۆلی تێدابووە بە ناوی قاراكوز ئەحمەد پاشا ، ژمارەی هێرشبەرەكان وەكو سەرچاوە مێژووییەكان باسی دەكەن نزیكەی بیست هەزار كەس بووە ، ئەمانە بەكارە كاولكارییەكانیان ترسێكی زۆریان خستۆتە دلی دانیشتوانەكەی ئەم ناوچەیە هەردوو شاری ئەرزنجان و ئەرزەرۆمی كوردانیان بەسەر یەكدا كاولكردووە ، تاماوەیەكی درێژ ئاسەواری ئەم كاولكاریە لەم دوو شارە هەرماوەتەوە.

لەساڵی (917/ك-1511ز) شاقولی بەگ لە شەرێكدا لە ناوچەی (چویوق ئۆفا) دەكوژرێت ، لە تۆڵەی كورژانی سەركردەكانیان قزلباشەكان چاویان سوور دەبێت دەست لە هیچ ناپارێزن و زۆر دڕندانە و بێ رەحمانە پەلاماری خەڵكەكە دەدەن ، دانیشتوانی ناوچەكەشی كە زۆرینەیان كوردن و سوننی مەزهەبن پەنا دەبەنە بەر توركە سوننەكانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەردەمی سوڵتان بایەزید داوای هاوكاری پشتیوانی دەكەن ، سەرچاوە مێژووییەكانی دەولەتی عوسمانی باسی نامەی سەرۆك هۆزێكی كورد دەكات كە چۆن داوای هاوكاری و پشتیوانی لە دەولەتی عوسمانی دەكات تاوەكو لە زۆلم و ستەمی قزلباشەكانی سەفەوی رزگاریان بكات ، لێرەدا بەشێك لە نامەكە ئاماژە پێدەكەین هەروەكو لە كتێبی ( الدولە العثمانیە المجهولة ) لاپەرە (216) هاتووە دەلێت ( داواكارین یارمەتیمان بدەن ئێمە دڵسۆزی ئێوەین ، وڵاتی ئێمە نزیكە لە وڵاتی قزلباشەكان، جیرانی ئێمەن بەڵكوو وڵاتەكەمان لەگەڵ یەك تێكەڵە چەندان ساڵە ئەم بێ باوەرانە دەمان كوژن و ماڵیان كاول كردوین ، هەمووی بە هۆی ئەوەیە كە ئێمە پەنامان هێناوەتەبەر سولتان ئێمە چاوەرێی بەزەیی دڵسۆزی ئێوەین تاكو لە دەستی ئەم زاڵمانە رزگارمان بكەن ، بەبێ هاوكاری ئێوە ناتوانین ڕووبەرِووی ئەوان ببینەوە و بەرگری لە خۆمان بكەین ).

ئەم كێشە و ململانێی نێوان هەردوو بەرەی سەفەوی و بەرەی عوسمانی لە سەردەمی سوڵتان سەلیم (1512-1520)ز گەیشتە لووتكە بە جۆرێك لە ژێر ناوی نەهێشتنی مەترسی شیعەی سەفەوی لەسەر ئەنادوڵ سوڵتان سلیم هەڵمەتێكی گەورەی دەست پێكرد ، لەم شەڕ و ململانێیەدا میللەتی كورد باجێكی گەورەی دا هەم بەسەر و هەم بەخاك، چونكە لە كۆتایی دا خاكی كوردستان بووە مەیدانی شەری هەردوولا و بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان ، سوڵتان سەلیم توانی فتوای كۆمەڵەی زانایان بە دەست بێنێ بۆ لێدانی قزلباشەكان ( سەرسورەكان) بریاریدا هەر قزل باشێك نەهاتە ژێر بار و تۆبەی نەكرد یەكسەر بكوژرێت ، وە ئەوەی ئامادەیە بگەرێتەوە و تۆبە بكات تەنها دەستگیر دەكرێت و زیندانی دەكرێت ، بەمەش دەردەكەوێت كە سیاسەتی ئەوەل و ئاخیری سوڵتان نەهێشتن و لە ناوبردنی قزلباشەكان بوو بەڵام قۆناغ بە قۆناغ ، بەمجۆرە سولتان كوشتارێكی گەورەی بۆ ئەم قزلباشانە ئەنجامدا كە هەندێ لە سەرچاوەكانی مێژوو باس لە كوشتنی (40000) چل هەزار كەس دەكات ئەمانەش زۆربەیان كوردی عەلەوی بوون ، بەمجۆرە ئەم قزلباشانە بۆ ماوەیەكی درێژ بێ دەنگ كران و سەركوت كران.

*مەبەستی یحیی الخشاب لە دەستەواژەی (ئەمانە لە فارس و توركەكان بووینە ) ئەوەیە كە ئەمانە واتە قزلباشەكان لە هەردوو دیوی ئێران و توركیادا هەبوینە ، نەوەك لە نەژادی تورك و فارس بن، چونكە ئەمانە لەسەر زێدی باب و باپیری خۆیان ژیاون كە كوردستانە، بەڵام كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو حكومەتی ئێران و توركیا، تا ئێستاش ئەم گروپە وەكو تائیفەیەكی ئایینی ماون و گۆڕان بەسەر ناوەكەیاندا هاتووە ئەمرۆ بونەتە عەلەوی و زیاتر بە زازای ناسراون.