خەبات: عەلی بانیشاری:- بەوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتووگوزاری هەولێر، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەولێر دەكەن گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراقن. دلێر محەمەد دەڵێت: ڕۆژی 30/12/2023 زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار لە دەروازەكانی شاری هەولێرەوە ڕوویان لە شارەكە كردووە. دەشڵێت: ساڵانە لە جەژنەكانی نەورۆز و ڕەمەزان و جەژنی قوربان زۆرترین ڕێژەی هاتنی گەشتیاران تۆمار دەكرێت نەك لە پشووەكانی سەری ساڵ. سەبارەت بە هاتنی گەشتیارانی بیانیش ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، هاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ هەولێر لە بەرزبوونەوەدایە. بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی پارێزگاری هەولێر لە پشووەكانی سەری ساڵدا، 63 هەزار و 509 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە.
دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتووگوزاری هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ڕۆژێك پێش شەوی سەری ساڵ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك سەردانی مەیدانی بۆ بەشێك لە هۆتێلەكانی هەولێر ئەنجامداوە و هیچ هۆتێلێك نەبووە لە ڕووی میوانەوە بارودۆخی خراپ بووبێت. گوتیشی: زۆرینەی هۆتێلەكان پێشوەختە شوێنیان بۆ میوان دابینكردبوو.
ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت سەردانی هەولێر بكەن زیاتر لە جەژنەكانی نەورۆز و ڕەمەزان و قوربان دێن، بەو پێیەی لەو كاتانەدا ڕۆژانی پشوو زیاترە تا بۆنەكانی دیكە. ڕاشیگەیاند: گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆرینەی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان بە گشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی پێكدێن.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بۆ پشووەكانی سەری ساڵ ڕوویان لە هەولێر كردووە، دلێر محەمەد گوتی: هێشتا تەواوی ئامارەكان نەگەیشتوونەتە دەست بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتووگوزاری هەولێر، بەڵام تەنیا ڕۆژی 30/12/2023 لە تەواوی دەروازەكانی سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار هاتوونەتە ناو شاری هەولێر.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتووگوزاری هەولێر دەڵێت: جگەلە گەشتیاری ناوخۆ و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، گەشتیارانی بیانیش بۆ گەشتكردن و بەسەربردنی كاتێكی خۆش دێنە هەولێر، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیان زۆر نییە و بەپێی زانیارییەكانی ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە بەرزبوونەوەدایە. سەبارەت بە ڕوودانی حاڵەتی نەخوازراو لە شەوی سەری ساڵدا، دلێر محەمەد گوتی: لە شەو و ڕۆژی سەری ساڵدا هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو ڕووینەداوە و ئەو پلانەی بۆ شاری هەولێر دانراوە 100% وەكو خۆی جێبەجێكراوە.
ناوبراو دەشڵێت: بوونی ناوچە شوێنەوارییەكانی وەكو قەڵای هەولێر و قەڵای شێروانە و چەندین ناوچەیەكی دیكەی شوێنەواری و مەزارگە و شوێنە ئاینییەكان بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیارانی بیانی، ئەگەر بتوانین بازاڕگەری بۆ ئەو شوێنانە بكەین و خەڵكی بیانی بزانن لە كوردستان شوێنی لەو شێوەیە هەن، بەدڵنیاییەوە لە ساڵانی داهاتوودا گەشتیاری زیاتری بیانی ڕوو لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكەن.
پێشتر ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو: بۆ پشووی سەری ساڵ پێشبینی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین. بەپێی داتاكانی دەستەی گەشتووگوزار، لە 11 مانگی 2023دا، حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیكار سەردانی شارەكانی كوردستانیان كردووە. ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت: هاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە و و پلانمان وایە بۆ ساڵانی داهاتوو ژمارەكە بەرزتر بكەینەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەشڵێت: پلانێكی هەشت ساڵەمان هەیە كە كۆمەڵێك تەوەری ستراتیژی لەخۆدەگرێت، یەكێك لەو تەوەرانە بریتییە لە پەرەپێدانی جۆرەكانی گەشتوگوزار، لەنێویشیاندا گەشتوگوزاری زستانە، خۆشبەخاتە هەرێم بۆ ئەم جۆرەی گەشتوگوزارە زۆر گونجاو و لەبارە، ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان، دەست دەكەین بە ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و بۆ ئەمساڵ ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لەكاتی دابارینی بەفر چەندین چالاكی سەركێشی ناو بەفر ئەنجام بدرێت لە چیای كۆڕەك و چیای حەسەن بەگ لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها لە قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە چەند ناوچەیەكیش لە پارێزگای دهۆك، بێگومان ئەمانە بەشێكن لە پلانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری.
ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕاشیگەیاند: هەرێمی كوردستان سێ جۆر گەشتیاری هەیە، ئەوانیش: گەشتیارانی ناوخۆ، گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاست، هەروەها گەشتیارانی نێودەوڵەتی. بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزار، 25%ـی ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، گەشتیاری بیانین.
هەر بەپێی داتاكانی دەستەی گەشتووگوزاری هەرێمی كوردستان، سێ هەزار و 100 بنكە و ناوەندی گەشتیار لە هەرێمی كوردستان هەن كە خزمەتگوزاری پێشكەش بە گەشتیاران دەكەن، بەم شێوەیە (كافتریا 714 دانە، شاری یاری 10، ڕێستۆرانت 589 دانە، كۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری 599، كۆمەڵگەی گەشتیاری 460 دانە. هۆتێل و مۆتێل 282).