شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق کردووە؛ ئەو هێزەی سوپا کە دوێنێ هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک دەکشێتەوە و هیچ خێزانێکی کورد ناچار بە دەرکردن ناکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-01-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ خێزانێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک ناچار بە دەرکردن ناکرێت و ئەو هێزەی سوپای عێراق کە لەو گەڕەکە جێگیر کراوە، دەكشێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە، 02-01-2024، چەند هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک پەیوەندییان پێ کردووە و پێیانگوتووە، هێزێکی سوپای عێراق هاتووەتە سەریان و داوای چۆلکردنی ماڵەکانیان لێ دەکات، “لەگەل سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و بەسوپاسەوە فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد” ئەو هێزەی سوپای عێراق بکشێتەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت.
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان قسەیکردووە و بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کشاندنەوەی ئەو هێزەی سوپا جێبەجێ دەکات.
دوێنێ سێشەممە، 02-01-2024، هێزێکی سوپای عێراق بە دەیان زرێپۆش (هەمەر)ـی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، گەڕەکەکەیان گەماروو دا و داوای لە هاووڵاتییانی کورد کرد دەستبەجێ خانووەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە دەرەوە.
نزیکەی 120 خێزانی کورد لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک نیشتەجێن. ئەو هێزەی سوپای عێراق بەبیانووی ئەوەی خانووەکانی گەڕەکەکە لە سەردەمی رژێمی پێشووی سەدام حوسێن، بۆ ئەفسەرانی رژێم دروستکرابوون، داوای چۆڵکردنی خانووەکانی لە هاووڵاتییانی کورد کرد.