ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، هێشتا خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024 نەگەیشتونەتە پەرلەمان، بەڵام دەبێت پێداچوونەوە بە كۆی گشتی داهات و خەرجییەكان بكرێت و بۆیە ئامادەكاری دەكەن بۆ گۆڕانكاری گەورە لە ژمارەكان.
ئەمڕۆ هەینی 29ـی كانوونی یەكەم، مستەفا كەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند، بۆ بودجەی ساڵی 2024 تا ئێستە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران هیچ نوسراوێكی نەناردوە.
زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێت كە پرسی داهات و كۆی خەرجییەكان و ڕێژەی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی نوێدا هەیە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆ بكرێ، ئەمەیش بە پشتبەستن بە پێشبینیەكانی نرخی نەوت و بڕی هەناردەكراو لە ساڵی نوێدا.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر دەستكاری داهات بكرێ بەپێی گۆڕانكاری لە نرخی پێشبینیكراوی نەوت و كورتهێنان هەبێت ئەوا گۆڕانكاریەكی گەورە لە خشتەی بودجەدا ڕودەدات.