سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، لە هەولێر چەندین كەپری نایاسایی لادران و چاڵ و شكستەكانی شەقامێكیش چاك كرانەوە.

ئەمڕۆ هەینی 29/12/2023، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “لەپێناو نیشاندانی سیمایەکی جوانتری شارستانی، لەلایەن تیمی بەدواداچوون و لادانی زێدەڕۆیی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی پێنج سەر بە سەرۆکایەتیمان، دەست بە لادانی چەندین کەپری نایاسایی لە گەڕەکی ژیان و ڕۆشنبیری كرا، کە ماوەیەکە لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتییانەوە بووەتە دیاردە بۆ دانیشتنی شەوانە و کات بەسەربردن.”

لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر باس لەوە دەكات، هاوکات تیمی چاککردنەوەی شەقام لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی پێنج، چاڵ و شكستەكانی شەقامێكیان لە بەردەم ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردەكان لە شەقامی 100 مەتری، كۆنكریت كرد و چاك كردەوە.