فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا، چەند بنکەیەکی حزبوڵڵایان لەناو خاکی عێراق کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە: بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان  پێگەکانی حزبوڵڵا وێرانکراون و چەند چەکدارێکیشیان کوژراون، هیچ زیانێکیش بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەکەوتووە.

جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ بەردەوامیدان بە وەڵامی لەو شێوەیە دەکات و هێزەکانی خۆی دەپارێزێت.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویشیکردەوە: ئێوارەی دوێنێ 25/12/2023، چەکدارانی حزبوڵڵا هێرشیانکردووەتەوە سەر پێگەکانی هاوپەیمانانیان لە هەولێر کە بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.

لەلایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە، هێرشەکانیان لە وەڵامی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان کراونەتە سەر هێزەکانیان.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەپۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند:  بە فەرمانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و لەوەڵامی هێرش بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر، هێزەکانیان سێ بنکەی حزبوڵڵای عێراقییان کردووەتە ئامانج.