سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە 486 سەربازیان کوژراون. حەماسیش پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمەریکا درێژ دەکات و دەڵێت، بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بەشدارە لە کوشتنی فەڵەستینییەکان.
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ لە غەززە بەرپرسانی ئیسرائیل نایشارنەوە، لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە شەڕێکی قوڕسدان و تاوەکو ئێستاش لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا 486 سەربازیان کوژراون. بەرپرسانی حەماسیش لەبارەی بەردەوامبوونی شەڕەکەوە ئاماژە بەوە دەدەن، ئەمەریکا لە بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە؛ لە کوشتنی فەڵەستینییەکاندا بەشدارە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی بەردەوامبوونی شەڕەوە رایگەیاند، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە و لە شەڕکردن بەردەوام دەبن.
ناتانیاهۆ گوتی: “ئەم شەڕەی دژی حەماس و تیرۆریستان دەستمان پێکردووە لەسەر ئێمە قورس دەکەوێت، بەڵام ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە و دەبێت بەردەوامبین لەشەڕکردن. تا ئەمڕۆ هێزەکانمان کۆتایییان بەهەزاران تیرۆریستی حەماس هێناوە، بەهەموو تواناشمانەوە دەجەنگین تا کۆتایی ئەم شەڕە، تا سەرکەوین و سەرجەم ئامانجەکانمان بەدیبهێنین”.