فەرهەنگی ئۆكسفۆردی ئینگلیزی

308

هەینی قادر
باشترین و كۆنترین فەرهەنگی زمانی ئینگلیزیە، جاری یەكەم لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەیەم بەدیاری كراوی لەساڵی 1884 زایینی بەرگی یەكەمی لێ‌ دەرچووە، فەرهەنگێكی دەوڵەمەند و زیندووە، نزیكەی 6000 ووشە لە خۆ دەگرێت، تائێستا دووجار چاپكراوە، چاپی دووەمی بەبیست بەرگ لەساڵی 1989 چاپكراوە، بەنیازبوون ساڵی 2005 چاپی سێیەمی ئامادە بكرێت، بەڵام بە هۆی كاری بەردەوامی لەسەر پێشخستن و دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگەكە نەتواندرا تەواو بكرێت، بەڵام چاپە ئەلیكترۆنییەكەی بەشی هەرە زۆری تەواو كراوە هەر ئەمەشە وای كردووە چاپە وەرەقیەكەی سستی لێ بكرێ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزای زمان لە هەموو بوارەكانی زمان كاریان لەم فەرهەنگە كردووە كە ژمارەیان لە 70 كەس تێپەڕناكات، لە شوێنێكی بچووك و سادە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لە گەڕەكێكی نوێی شاری ئۆكسفۆرد لەشاری لەندەن بەسوود وەرگرتن لە ژمارەیەك لە پسپۆڕ و زانای زمان و زانستی زمان وەك مەڕجەعێكی زانستی پشتیان پێ بەستراوە بەردەوام كاریان تێداكردووە، ساڵانە ئەم لیژنەیە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان كراوە كە خۆی داوە لە 35 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی، ئامانجی سەرەكی ئەم لیژنەیە خزمەتی زمان و مێژووی زمانی بەریتانیە نەوەك قازانج، بەم كارە شاری ئۆكسفۆرد ناوبانگیەكی گەورەی پەیدا كرد. سەرەتا نیاز وابووە لەكاتی خۆیدا ئەم فەرهەنگە گەورەیە لەچاپخانەی زانكۆی كامبریدج بەچاپ بگەیەنن، بەڵام ئەم زانكۆیە ڕەزامەندی نەداوە ئەگینا ئەم شانازیە بەبەر ئەم زانكۆیەو ئەم شارە دەكەوت و ئەوسا لەبری ناوی ئۆكسفۆرد ناوی دەبوو بە فەرهەنگی كامبریدج.

بیرۆكەی دانانی ئەم فەرهەنگە
بیرۆكەی دانانی ئەم فەرهەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1857 زایینی كاتێ‌ بەریتانیا لەسەردەمی فیكتۆریا لەقۆناغی شۆڕشی زانستی و مەعریفی و پیشەسازیدابوو سەردەمی ڕووناكبیری بەریتانی بوو، لەسەر دەستی زانایان وئەدیبان و ڕۆشنبیرانی گەورەی وەكو چارلز دیكنزو داروین ئەدەبی ئینگلیزی لەلوتكەدابوو، لەم كەش و هەوایەدا ژمارەیەك لەئەندامانی كۆمەڵەی زانستی زمان وەكو هربرت كولریدج و فریدریك فورتیغال و ریتشارد تشینیكس لیژنەیەكیان لێ‌ پێكهێندرا ئەركیان ئەوەبوو ئەو ووشەو زاراوانە كۆبكەنەوە كەلەم فەرهەنگەدا تۆمار نەكراون و تۆماربكرێن، بەڵام ئەم كارە بۆ ئەوان زەحمەت بوو چونكە كاری ئەوان نەبوو بەڵكو ئەمە كاری تەواوی میللەتی ئینگلیز بوو بۆیە گشتاندنێكیان كرد داوایان كرد هەر ووشەو زاراوەیەكی نوێ‌ لەهەموو ناوچە جیاوازەكانی بەریتانیا هەبێت لەڕێگای پۆستەوە بۆ لیژنەكە بنێردرێت، بەم جۆرە ئەم كارە فرەوان كراو هەموو توێژەكانی كۆمەڵگای گرتەوە.

بەڵام دوای مردنی هربرت كولریدج ئەم لێژنەیە كەمێك كارەكانی وەستا بۆیە لێژنەكە بڕیاریدا كارەكەی خۆی بباتە ناو چاپخانەی ئۆكسفۆرد، بەم شێوەیە ڕێكەوتنێك لەساڵی 1879 لەنێوان ئەو لێژنەیەو زانكۆی ئۆكسفۆڕد كرا، زانای بەناوبانگی زمانەوانی جیمس مورای بوو بەسەرۆكی دەستەی نوسین، ئەویش تیمێكی پێكهێنا بۆ لێك هەڵاوێركردنی كارتەكانی كەبۆیان هاتبوو دوو ساڵ بوو لەسەریەك كەوتبوو كاری تێدانەكرابوو، ئیتر ئەو تیمە كاری لەسەر كردو توانیان لەماوەی 10 ساڵدا فەرهەنگێكی 7000 حەوت هەزار لاپەڕەیی لێ‌ چاپ و بڵاوبكەنەوە، ئەم فەرهەنگە تەنها 9000 نۆ هەزار جونەیهی ئەستەرلینی تێچوو، بەڵام دوای 5 ساڵ بۆیان دەركەوت كە تەواوكردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە بەیەكجار كات و تێچوی زیاتری پێویستە، بۆیە بلاوكەر بیرۆكەی ئەوەی خستەڕوو كە ئەم فەرهەنگە بەشێوەی بەرگ بەرگ چاپ بكات، بەم جۆرە بەرگی یەكەمی ئەم فەرهەنگە لەساڵی 1884 دەرچوو، بەڵام چاپی تەواوی تا ساڵی 1928 دەرنەچوو كەتێكڕا 10 بەرگی لەخۆ گرتبوو، واتە دوای 75 ساڵ لەپێكهێنانی لیژنەكە ئینجا 10 بەرگی لێ‌ ەرچوو، حكومەتی بەریتانیا ئەم دەستكەوتە زانستی یەی بەڕەسمی لەمەڕاسیمێكدا لەسەر زاری سەرۆكی وەزیرانی ئەوكات ستانلی بلدوین لەئێوارە خوانێكدا تەواو كردنی ئەم پڕۆژە گەورە زانستیەی ڕاگەیاند.

ئیتر ئەم چاپە بووە بناغەی چاپەكانی دواتری ئەم فەرهەنگە، لەو كاتەوە ئەم فەرهەنگە ساڵانە لەنوێكردنەوەدایە چاپ لەدوای چاپ پوختتر كراوە، چاپی دووەمی لەساڵی 1985 چاپكراوە، بڕیار بوو چاپی سێیەمیش هەر لەسەر ئەم چاپە جارێكی تر چاپ بكرێتەوە، بەڵام وادیارە چاپ نەكراوە چونكە ساڵانە چاپە ئەلكتڕۆنیەكەی نوێكاری تێدا دەكرێت.

سەرچاوە
ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) ژمارە (15955)
پێنج شەممە 4/8/2022