هەینی قادر
كاتێ دەوڵەتی عوشمان لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا دایە پاڵ ئەڵمانیا دەرفەتێكی باش بۆ وڵاتانی ئەورووپای هاوپەیمان لە جەنگ هاتە پێش بۆ ئەوەی گورزی خۆیان لە دەوڵەتی عوسمانی بوەشێنن، چونكە دەمێك بوو چاوەڕوانی دەرفەتێكی وا بوون تاكوو كۆتایی بە دەسەڵات و نفووزی عوسمانیەكان بهێنن لەئەوروپا كە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەدە حوكمڕانی ئەم ناوچەیان بە دەستەوە بوو.
دەوڵەتی عوسمانی كە چووە ناو جەنگەوە زیاتر بە ئامانجی پاراستنی قەلەمڕەو مومتەلەكاتی خۆی بوو لەم بارەیەوە جەمال پاشا دەڵێت: ( تاكە ئامانج لە بەشداری كردنمان لە جەنگ دا خۆ دەربازكردن بوو لە پابەندە نێو دەوڵەتییەكان لەسەر توركیا كە بە تەواوی دەست و پێی ئێمەی بەستبوو). كتێبی (الارمن- تاریخ إبادە جماعیە) تألیف ایف ترنون ترجمە یوسف باریش 2016، هەر بۆیەش شان بە شانی ئەڵمانیا لە دژی هاوپەیمانان بەشداریی جەنگی یەكەمی جیهانی كرد، چونكە دۆستایەتی و بەرژەوەندییەكانی هەردوو لا( دەوڵەتی عوسمانی و ئەڵمانیا) لە بەشی ئاسیای دەوڵەتی عوسمانی ئەوەی دەخواست كە لە دژی چاو تێڕینی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا بە تایبەتی بەریتانیا و فەڕەنسە بوەستنەوە.
بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی بەریتانیا و فەڕەنسا وای لەم دوو حكوومەتە كردبوو كەبكەونە پێشبڕكێ و ڕكابەری یەكتر لەسەر دەست بە سەر داگرتنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو كاتەدا ئەڵمانیا دۆستی هەرە نزیكی دەوڵەتی عوسمانی بوو، بە تایبەتی لە سەردەمی سوڵتان عبدالحمید ئەم پەیوەندییە لەگەڵ ئیمپراتۆری ئەڵمانیا (ولیەمی دووەم) گەیشتە ئاستێكی بەرز. ئەڵمانیا بە بەراورد بە وڵاتانی تری ئەورووپا لە بواری ئابووری و ساغكردنەوەی كەلوپەلەكانیان لە بازاڕەكانی دەوڵەتی عوسمانی بە تایبەتی لە ویلایەتەكانی عەرەبی دا پشكی شێری بەركەوتبوو، زۆربەی ئیمتیازاتی كۆمپانیاكان و گرێبەستی پڕۆژە گەورەكان لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە درابوو بە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری كردبووە سەر هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاواو بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆیان دەزانی، بۆیە بە دوای دەرفەتێكدا دەگەڕان شوێن پێی ئەڵمانیا لەم ناوچەیەدا لەق بكەن و دەوڵەتی عوسمانیش ناچار بكەن حساب بۆ بەرژەوەندییەكانیان بكات و ئیمتیازاتی كۆمپانیاكانیان پێ بدات.
وڵاتانی عەرەبی لە سیاسەتی كارگێڕی دەوڵەتی عوسمانیدا كە بە سەر دوازدە ویلایەت و چوار موتەسەڕفیە (متصرفیە) دابەش كرا بوو ئەم ویلایەتانەبۆ ئەوروپا جێگای بایەخ بوو، بە تایبەتی وڵاتانی ناو جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێگەیەكی گرنگیان هەبوو لە نێوان ڕۆژ ئاواو ڕۆژهەڵات دا ئێستاشی لەگەڵدابێت بە شوێنێكی ستراتیجی گرنگ دادەنرێت بە درێژایی مێژوو بۆتە خاڵی ناكۆكی و ململانێی نێوان زلهێزەكانی جیهان، ئەوەی مەبەستمە لەم باسەمدا بیخەمە ڕوو ململانێكانی وڵاتانی ڕۆژ ئاوایە لەسەر دەست بە سەر داگرتنی ئەم ناوچەیە واتە ناوچەی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی ئەم ململانێیە زیاتر زەق بۆوە، نەخاسمە دوای ئەوەی كە بۆ بەریتانیا دەركەوت ئەم ناوچەیە سەرچاوەی سەرەكی نەوتە، بە تایبەتی وڵاتی عێراق بایەخی بەریتانیاش بۆ عێراق زیاتر بە هۆی دەوڵەمەندی خاكەكەی بوو بە سامانی نەوت وێڕای گرنگی عیراق وەكو دەروازەیەكی سەرەكی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەولی.
لە ڕاستیدا وڵاتانی هاوپەیمان لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا هەموویان هاوڕا بوون لەسەر كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لەم ناوچەیە، بە تایبەتی هەر سێ دەوڵەتی هاوپەیمان ( بەریتانیا و روسیا و فەڕەنسا) هەر زوو لەگەرمەی جەنگەوە كەوتنەخۆو بەشێوەیەكی نهێنی لەنێوان خۆیان ڕێكەوتنێكی نهێنییان لە نێوان خۆیان ئیمزا كرد كەلە مێژوودا بە ڕێكەوتنی (سایكس-بیكۆ 16/5/1916) ناسراوە ئامانجی سەرەكییان لەم ڕێككەوتنە لێك هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دابەشكردنی مومتەلەكاتەكەی بوو بە سەر خۆیان دا، بە تایبەتی ئەو بەشەی نیشتمانی عەرەبی كە دەمێك بوو بەریتانیاس چاوی تێ بڕی بوو.
ئەوەی شایانی باسە بەریتانیا وێرای ئەو ڕێكەوتنە سێ قۆڵییەی (سایكس – بیكۆ) پێشتر لەرێگای مەندویی سامی بەریتانی لەقاهیرە (سیرهنری مكماهون) بەشێوەیەكی نهێنی پەیوەندی لەگەڵ كەسایەتییەكانی عەرەب دروست كردبوو، ئەمەش ببووە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەكی بەتینی سیاسی لەنێوان حكومەتی بەریتانیا و بەرهەڵستكارانی عەرەب دژی دەوڵەتی عوسمانی بە سەركردایەتی شەریفی مەكە (شریف حوسێن) لە ئەنجامی ئەم نامە گۆڕینەوەی نێوان شەریف حوسێن كوڕی عەلی و سیرهنری مەكماهون كە لەمێژوودا بەنامە گۆڕینەوەی (شەریف حوسێن و مەكماهۆن) ناسراوە كەلەماوەی (15/7/1915 تاكو 10/3/1916) بەردەوام بوو، دەرئەنجام شۆڕشی عەرەبەكانی لێكەوتەوە كە لە 10/6/1916 شەریفی مەككە حوسێن كوڕی عەلی لەدژی دەسەڵاتی عوسمانیەكان شۆڕشی ڕاگەیاند ئەم شۆڕشە لەمێژووی هاوچەرخی عەرەب بەشۆڕشی گەورەی عەرەب ناسراوە.
دەوڵەتی عوسمانی چاوەڕوانی ڕاپەڕین و شۆڕشێكی بەم قەبارەیەی لەعەرەبەكان نەدەكرد، چونكە كردنەوەی بەرەیەكی ناوخۆی شەڕ لەم كاتەدا بۆ دەوڵەتی عوسمانی گورزێكی كوشندەبوو بەتایبەتی لە بەرەی عێڕاق و ووڵاتی شام ئەم هەڵوێستەی عەرەبەكان بووە هۆی ئەوەی هاوكێشەی هێز لەبەرژەوەندی هاوپەیمانەكان لەم ناوچەیەددا بگۆڕێت.
دوای ساڵێك و نیو لەئیمزا كردنی ڕێكووتنامەی سایكس بیكۆ بارودۆخی ناوخۆی حكومەتی روسیا بەهۆی شۆڕشی ئۆكتۆبەرەوە 1917 گۆڕانكاری بەسەردا هات و ڕژێمی قەیسەری روخاو ڕژێمێكی شۆشیالیستی بەسەركردایەتی لینین هاتە سەر حوكم، ئەم گۆڕانكاریە بووە هۆی دەرچوونی حكومەتی ڕوسیا لەڕێكەوتننامەی سایكس بیكۆو ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە، لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەچەند مادەیەكی ناو ئەم ڕێكەوتنە نهێنیە بكەم كەپەیوەندارە بەویلایەتەكانی عەرەبی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی، كوردستانیش وەك بەشێك لەمومتەلەكاتی دەوڵەتی عوسمانی مامەلەی لەگەڵدا كراوە بەبێ لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندیە جیاوازەكانی گەڵی كورد وەك خاك ونەتەوە.
دەقی ڕێكەوتننامەكە لە یازدە ماددە پێكهاتبوو، چوار ماددەیان پەیوەندارە بەنیشتمانی عەرەبیەوە كەبۆ بەریتانیاو فەڕەنسا بایەخی خۆی هەبووە.
ماددەی یەكەم: بەریتانیاو فەڕەنسا پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆی عەرەب دەكەن یاخود یەكێتی یەكی عەرەب لەنێوان دەوڵەتانی عەرەب لەژێر سەركردایەتی سەركردەیەكی عەرەب لەم شوێنانە پێك بهێندرێت.
أ- لەناو سوریا (حەلەب و حماو حمص و دیمەشق و موسل دەگرێتەوە)، لەژێر سەرپەرشتی فەڕەنسا دەبێت.
ب- لەناو عێڕاق (كەركوك و ڕۆژهەڵاتی ئوردن و نەقەب و عەقەبە دەگرێتەوە)، لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیان دەبێت. هەردوو دەوڵەت بەریتانیاو فەڕەنسا مافی ئەوەیان دەبێت كە ئەولەویاتی پڕۆژەكان بۆ ئەوانە بێت و مافی قەرزی ناوخۆییان هەبێت و وەلەسەرداوای حكومەتەكانی عەرەب ڕاوێژكارو فەرمانبەری بێگانەیان پێ بدەن.
ماددەی دووەم: كەناراوەكانی سوریا لەباكوورەوە تاكو خواروو واتە لەشاری ئەسكەندەرونەوە تاكو شاری صور ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنساوە دەبێت (كەلەسەر نەخشەكە بەڕەنگی شین ئاماژەی پێكراوە)، هەردوو ویلایەتی بەغداو بەسرە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی بەریتانیا دەبێت (بەڕەنگی سور لەسەر نەخشەكە ئاماژەی پێكراوە).
هەردوو دەوڵەتی بەریتانیاو فەڕەنسا هەریەكە لەناوچەی خۆی بەڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عەرەبی پێكهێندراو دەتوانن شێوازی حكومەتەكەیان دیاری بكەن.
ماددەی سێیەم:بەڕێكەوتن لەگەڵ روسیاو هاوپەیمانەكان و شەریفی مەككە ئیدارەیەكی نێو دەولی لەفەلەستین دروست دەكرێت (ئەم ناوچەیە بەڕەنگی ئەسمەر لەسەر نەخشەكە ئاماژەی پێكراوە).
ماددەی چوارەم: بەریتانیا هەردوو بەندەری حەیفا و یافای بەردەكەوێ.
بەم شێوەیە ئەم ڕێكەوتننامەیە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ووڵاتانی زلهێزو سەرمایەداری كۆلۆنیالی بڕگەو ماددەكانی داڕێژراوە بێ ئەوەی هیچ حسابێك بۆ میللەتانی بچوك و ژێر دەستە بكەن وەكو میللەتی كورد و كەمایەتیە نەتەوەكانی تر، هەرچەندە عەرەب بۆخۆشیان زۆر بەم ڕێكەوتنە دڵخۆش نەبوون ئەم ڕێكەوتنەیان بەدابەشكردنێكی تر لەقەلەمدا، چونكە ئەوان چاوەڕوانی ئەوەبوون لەدوای ئەم پشتگیریەی كە لەبەریتانیایان كرد دەوڵەتێكی گەورەی عەرەبیان بۆ دروست بكرێت و شكۆی خەلافەتی ئیسلامیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، نەوەك وولاتانی بچوك بچوكیات بۆ دروست بكرێت و جارێكی تر بكەونەوە ژێر هەزمونی ووڵاتانی بێگانەو داگیركەرێكی تر.
پەیوەندی بەریتانیان و میر شەریف حوسێن
لەڕاستیدا پێش دەستپێكردنی جەنگی یەكەمی جیهانی شەریف حوسێن كوڕی عەلی لەڕێگای كوڕەكەیەوە (میر عبدالله) پەیوەندی بەبەریتانیەكانەوە كردبوو لەشاری قاهیرە چاوی كەوتبوو بەهەردوو بەرپرسی بەریتانی (لوردكتشنەر) موعتەمەدی سامی بەریتانی و (رونالد ستۆرس) سكرتێری شەرقی لە (دار الاعتماد البریطانی) لەقاهیرە، پەیامی باوكی پێڕاگەیاندن كەبریتی بوو لەدڵنیا بوونی شەریف حوسێن لەهەڵوێستی بەریتانیا لەكاتێكدا ئەگەر هاتوو ئیتحادیەكان ناوبراویان لەپۆستی (ئەمیری مەككە) لادا چونكە لەوكاتەدا ئیتحادیەكان لە شەریف حوسێن بەگومان بوون دەیانویست لەم پۆستەی لاببەن، بەڵام میر عبدالله وەڵامێكی دڵخۆشی لەحكومەتی بەریتانیا وەرنەگرتەوە، هەرچەند ئەم پەیوەندی و گقتوگۆیانەی نێوانیان بەشێوەیەكی فەرمی نەبوو، بەڵام بووە بناغەیەك بۆ گفتوگۆی زیاترو پەیوەندی زیاتر، بۆیە كاتێ جەنگی یەكەمی جیهانی لە 2/8/1914 ڕاگەیاندرا موعتەمەدی سامی بەریتانیا لەقاهیرە (لورد كتشنر) پۆستی وەزارەتی جەنگی بەریتانی پێ سپێردرا لەوكاتەدا زەمینەیەكی لەبار بۆ كتشنر ڕەخسا تاوەكو پێگەی سیاسی خۆی بەهێز بكات بۆ ئەوەی كاریگەری خۆی لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتەكەی پیشان بدات تاكو بەڕەسمی حكومەتی بەریتانیا پەیوەندی بەعەرەبەكانەوە بكات، گەرەتنی پشگیری عەرەبەكان بۆ بەریتانیا مسۆگەر بكات لەحاڵەتێكدا ئەگەر دەوڵەتی عوسمانی بۆ پشگیری ئەلمانیا چووە ناوجەنگەوە بۆیە (رونالد ستورس) لەلایەن حكومەتی بەریتانیا داوای لێكرا كەپەیوەندی (بەمیر عبدالله)وە بكات تاكو هەڵوێستی شەریف حوسێنی باوكی بۆ ئینگلیز ڕوون بێتەوە. ئایا شریف حوسێن لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی دەمێنێتەوە یاخود پشگیری لەحكومەتی بەریتانیا دەكات، لەوكاتەدا بڕیاردان لەسەر یەكلاكردنەوەی هەڵوێستیان لەنێوان بەریتانیاو دەوڵەتی عوسمانی كەمێك قورس بوو، چونكە عەرەبەكان لەم بارەیەوە ببوونە دوو بەش وەكو لەخوارەوە ئاماژەم پێكردووە.
بەشی یەكەمیان: لەگەڵ ئەوەدابوون لەم جەنگەدا ئەگەر پشگیری لەدەوڵەتی عوسمانی بكرێت ئەوا سۆزو پشتیوانی دەولەتی عوسمانی بۆخۆیان ڕادەكێشێت ئەمە بیرورای میر فەیسەل بوو چونكە هەستی بەمەترسی هەردوو دەوڵەتی ئیستعماری بەریتانیاو فەڕەنسا كردبوو لەسەر نیشتمانی عەرەب و زۆر متمانەی پێیان نەبوو.
بەشی دووەمیان: پێیان باش بوو لەم كاتەدا دژی دەوڵەتی عوسمانی شۆڕشێك بەرپا بكرێت، خاوەنی ئەم بیرۆكەیەش میر عبدالله كوڕی شەریف حوسێن بوو كە داوای دەكرد گفتوگۆو پەیوەندی كردن بەبەریتانیاوە بەردەوامی پێ بدرێت تاكو پشتیوانی بەریتانیا بۆ سەربەخۆبوونی عەرەب و دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆی عەرەب مسۆگەر بكرێت.
لەبەرواری 5/11/1914 بەڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی چووە ناو جەنگەوەو لەپاڵ حكومەتی ئەلمانیا جەنگی دژی هاوپەیمانان ڕاگەیاند، یەكسەر حكومەتی بەریتانیا دەست پێشخەری كردوو پەیوەندی بەعەرەبەكانەوە كردو لەوەڵامدا شەریف حوسێن ئامادەیی خۆی نیشاندا كە دژی عوسمانیەكان لەناوچەكانی خۆیان شەڕ ڕابگەیەنێت و شۆڕش بەرپا بكات بەو مەرجەی حكومەتی بەریتانیا هاوكاریان بكات، بەریتانیا وەڵامی دایەوەو پشگیری تەواوی خۆی بۆ شەریف حوسێن دەربڕی بەڵێنی مانەوەی لەپۆستی ئەمیری مەككە پێداو هەروەها پشتیوانی حكومەتەكەشی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمانی عەرەبی پێداو دانیش بەخەلافەتەكەی دادەنێت ئەگەر خەلافەتی ڕاگەیاند.
لەساڵی یەكەمی جەنگداشەریف حوسێن بۆی دەركەوت كەوا حكومەتی بەریتانیا پێویستی بەپشتگیری و هاوپەیمانێتی عەرەب هەیە لەدژی عوسمانیەكان بۆیە شەریف حوسێن داواكەی خۆی گۆڕی لەڕزگاربوون لەژێر چەپۆكی دەوڵەتی عوسمانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی پان و بەرینی عەرەبی و دانانی خودی شەریف حوسێن بەپادشای ئەم دەوڵەتە نوێیە لەبری میرایەتی شاری مەككە، كاتێ هێرشەكەی سوپای عوسمانی لە 3/2/1915 بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانی دەستی پێكرد حكومەتی بەریتانیا ناچاربوو كەپەلە بكات لەئەنجامدانی ڕێكەوتننامەیەك لەگەڵ شەریف حوسێن، بەم شَوەیە لەدەرئەنجامی نامەگۆڕینەوەكەی نێوان هەردوولا كەپێشتر ئاماژەم پێ كردووە كە بەنامە گۆڕینەوەی (حوسێن – مكماهۆن) بەناوبانگە، ڕێكەوتننامەیەك لەنێوان هەردوولادا دروست بوو كە لەكۆتاییدا شۆڕشی عەرەبەكانی لەدژی دەوڵەتی عوسمانی لێكەوتەوە كەلەمێژووی هاوچەرخی عەرەب بەشۆڕشی گەورەی عەرەب ناسراوە كە لە 10/6/1916 دەستی پێكردو لە 31/10/1916 كۆتایی هات واتە كەمتر لە پێنج مانگی خایاند.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەڵوێستی حكومەتی بەریتانیا وەكو ئەوەی شەریف حوسێن چاوەڕوانی دەكرد وا دەرنەچوو، چونكە شەریف حوسێن لەپاداشتی بەشداری كردنی لەپاڵ ئینگلیزو هەڵگیرساندنی شۆڕش لەدژی عوسمانیەكان چاوەڕوانی ئەوەبوو بكرێتە پادشای هەموو عەرەب، بەڵام حكومەتی بەریتانیا ئەم داوایەی بۆ بەجێ نەهێنا بەڵكو تەنها بەپادشای حیجازی دانا، واتە دەسەڵاتێكی ڕەهای بەسەر عەرەبەكان پێ نەبەخشی بەڵكو دەسەڵاتەكەی لەچوارچێوەی حیجازدا هێشتەوە، لەمەشدا بەریتانیا ئامانجی شاردراوەو ڕانەگەیاندراوی خۆی هەبوو كەبریتی بوو لەدابەشكردنی نیشتمانی عەرەب، ئەمەش ئەوەبوو كەمیر شەریف حوسێن لێی دەترساو پێشتر ئەم مەترسیەی خۆی نەشاردبۆوە ڕایگەیاندبوو، هەروەكو لەپێشدا ئاماژەم پێكردووە كاتێ كەلەپشتگیری كردنی ئینگلیز عەرەبەكان هەموویان یەك هەڵوێست نەبون، بەڵكو هەندێكیان لەوە دەترسان كە ئینگلیز بەڵێنەكانی خۆی بەجێ نەهێنی كەبریتی بوو لەدروست كردنی دەوڵەتێكی گەورەی یەكگرتووی عەرەبی بەڕێبەرایەتی شەریفی مەككە، لەكۆتایشدا هەروا دەرچوو ئەم ئاواتەی عەرەبەكان نەهاتە جێ.
سنوری دەوڵەتی عەرەبی پێشنیاركراو لەیەكەم نامەی شەریف حوسێن بۆ هێنری مكماهۆن
نامەی یەكەمی شەریف حوسێن پوختەی بیرۆكەو داواكاری قەومی یەكانی عەرەب بوو لەهەردوو كۆمەڵەی نهێنی عەرەب (العربیە الفتاە- العهد) كە لەچوارچێوەی پڕۆژەیەك بۆ دەوڵەتی پێشنیاركراوی عەرەبی ئامادەیان كردبوو كەبە میپاقی دیمەشق بەناوبانگە ڕادەستی میر فەیسەڵی كوڕی شەریف حوسێن كرا تابیگەیەنێتە دەستی باوكی ئەویش لەچوارچێوەی نامەیەكدا پێشكەشی سیر هنری مكماهون ی كردبوو كە ئەوكات نوێنەری حكومەتی بەریتانیا بوو لەقاهیرە.









