مەفرەزەكانی بەشی‌ پۆلیسی فریاكەوتنی‌ سلێمانی‌ ئەو پیاوەیان دەستگیركرد كە شەوی‌ ڕابردو بەچەقۆ هاوژینەكەی‌ خۆی‌ كوشت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند دوای‌ ئەوەی‌ شەوی‌ ڕابردوو لەڕووداوێكدا پیاوێك بەچەقۆ هێرشیكردە سەر هاوژینەكەی‌ و بەسەختی‌ برینداری‌ كرد، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بەشی‌ پۆلیسی فریاكەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو تۆمەتبارەكەیان دەستگیركردوو ژنەكەشیان ڕەوانەی‌ نەخۆشخانە كرد، بەڵام بەهۆی‌ سەختی‌ برینەكەیەوە ئافرەتەكە گیانی لەدەستدا.
هەروەها دەڵێت:بەهۆی‌ تایبەتمەندی‌ دۆسییەكەوە، تۆمەتبار ڕادەستی‌ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزان كرایەوە.
دەشڵێت: لەئێستادا تۆمەتبار (ب، ن، ع) لەدایكبووی‌ 1995 بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ مادەی‌ 406 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێڕاقی‌ ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.