خەبات: ڕۆشنا عەلی:- 86 ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی شاری سلێمانی و هەڵەبجە چەند داواكارییەك ئاڕاستەی هەریەك لە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری پەروەردەو وەزیری دارایی و پارێزگاری سلێمانی دەكەن وهاوكات نیگەرانی خۆشیان دەردەبڕن بە هۆی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی منداڵاندا دایكان و باوكان نیگەرانن و لە خەمی قوڵی ئایندەی منداڵەكانیانن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە كە بەداخەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە ڕووبەڕووی هەرێمەكەمان و هاوڵاتیان بەتایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان بۆتەوە، دواكەوتنی موچە كە مافێكی بنەڕەتیی فەرمانبەر و مامۆستایانە بۆتە هۆی ئەوەی مامۆستایان لە بارودۆخ و گوزەرانی خراپدا بن و ئەمەش وایكردوە كە بریاری بایكۆتی خوێندن بدەن لە پارێزگای سلێمانی ، قوتابخانەكان بەو هۆیەوە بەڕووی قوتابیان و خوێندكاراندا داخراون و لە مافی خوێندن بێبەشبون و دایك و باوكیان لە خەمێكی قوڵدان بۆ ئایندەی پرۆسەی خوێندنی مناڵەكانیان.
*ڕاگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەوان وەك ڕێكخراوەكان لەم كاتەدا پاڵپشتی مامۆستایانن و دەڵیت : ئێمەش لەم كاتەدا لەگەڵ هەموو مافێكی فەرمانبەران و مامۆستایانداین لە هەمانكاتدا لەگەڵ قوتابی و خوێندكارانین، چونكە ئایندەی خۆیان و پێشكەوتنی ووڵاتەكەمان پەیوەستە بە بەردەوامی خوێندن و زانست.
*داواكارییەكانی ئەو 86 ڕێكخراوە شەش داواكارییە، كە ئەویش دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و هەوڵدانی خێرای حكومەتی هەرێم بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا یاخود هەر رێگەیەكی یاسایی دیكە بەمەبەستی دابینكردنی بوودجەی هەرێم بە ڕێكارێكی یاسایی گونجاو و درێژخایەن كە لە كاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان دابین بكرێت ،هاوكات لیستی مووچەی وەزارەتی پەروەردە لە ڕیزبەندی یەكەم وەزارەت بێت و ئەو ڕێكخراوانە داوا دەكەن پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان كە مافێكی ڕەوایە بكرێتەوە.
*جگە لەوانە داواكاری چوارەمی ئەو ڕێكخراوانە ئەوەیە كە كۆبونەوەی راستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی بەمەبەستی گەیشتن بە رێكەوتنێك كە مافی هەردولا بپارێزێت ئەنجامبدرێت . هەروەها لە ڕێگای پڕۆسەیەكی شەفاف هەوڵ بۆ دامەزراندنییان بدرێت.
*هاوكات داوا لە مامۆستایان دەكرێت كە بەدەم ڕاگەیاندنی نوسراوەكەی ئەنجومەنی پەروەردەی سلێمانییەوە بچن و بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و پرۆسەی خوێندن دەست پێ بكەنەوە و بەرنامەیەكی گونجاو دیاریبكرێت ، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم ماوەیەی خوێندن، لە لێدوانێكی تایبەتیش بە ڕۆژنامەی خەبات دانا جەمال سەرۆكی ڕێكخراوی شاركە یەكێكە لەو 86 ڕێكخراوە دەربارەی هۆكاری ئەم كۆدەنگییە لەم كاتەدا گوتی: ئێمە وەكوو ئەم هەشتا و شەش ڕێكخراوەی كە هەریەكەو ئامانجێكمان هەیە بۆ كاركردن و پردێكین لە نێوان هاوڵاتی و حوكمەت و هاوڵاتی و هاوڵاتی گەیاندنی دەنگ و خواستی تاكە بە دەسەڵات بۆیە ئێمە ئەوەی كە دركمان پێكردووە لە ئێستادا دایكان و باوكانی قوتابی و خوێندكار لە خەمێكی قووڵدان لە ڕاستیا هەموومان هەست بەوە دەكەین كە قوتابییان و خوێندكاران بە تایبەتی لە دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە دەتوانین بڵێین مافیان زۆر خوراوە، من لەگەڵ هەموو هاوڕێیانم لەگەڵ هەموو ئەو ماف و داوایانەین كە مامۆستایانی ناڕازی یاخود مامۆستایانی میلاك یاخود وانەبێژ هەیانە، پێویستە مافیان پێ بدرێت، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت ناكرێت ئەوان لەسەر ئەوەی كە مافی خۆیان پێنادرێ مافی خەڵكانی تر پێشێل بكەن هەموومان دەزانین هەندێك مامۆستا هەیە لە مانگی شەشەوە دەوامی نەكردووە نزیكەی شەش مانگە پرۆسەی خوێندن دەستی پێكردووەتەوە لە شارەكانی هەموو عێراق جگە لەم دوو شارە نەبێت بۆیە هەستمانكرد بە بایكۆتكردنیش لە ڕابردوودا هیچ سوودێكی نەگەیاندووە و لە ئێستاشدا نایگەیەنێت، چونكە ئەگەر حكوومەتی مەركەزی پارە نەنێرێ حكوومەتی هەرێم ناتوانێت موچە دابەش بكات.
*دەربارەی ئەوەشی ئایا هیوایەك هەیە كە ئەم داواكارییانەی ئێوە بەهەند وەربگیرێت و ملمۆستایان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن؟ دانا جەمال بۆ خەبات گوتی: هیوادارم مامۆستایانی بەڕێز گوێمان لێ بگرن و ئەوانیش دڵنیام لە خەمی قوتابییان و ڕۆڵەكانی خۆیانن، چونكە قوتابییان و خوێندكاران نەوەی ئەوانیشن مامۆستاكانیش خۆیان قوتابییان هەیە و ئێستا بەهۆی ئەم بایكۆتەوە بێ زانست و زانیاری ماونەتەوە ، ئێمە تەنها دەمانەوێت وەكوو ئەركی خۆمان بە بیر مامۆستایانی ناڕازی و حكوومەتی هەرێم بێنینەوە كە خەمەكان قووڵن باقوڵتر نەبێتەوە، چونكە لە ئێستادا ئەم بایكۆتانە بە ڕاستی كاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت بۆ خوێندكاران و قوتابییان و ئایندەی وڵاتمان وێرانتر دەبێت.