پارێزگای هەولێر رای دەگەیەنێت، لە پێدانی كارەبای نیشتمانی، ستەم لە هەولێر دەكرێ و كارەبای كەمتری پێ دەدرێ، بۆیە داواكارین پێداچوونەوەی پێ بكرێ.
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی تشرینی دووەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی خراپیی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییانی هەولێر گوتی، هەولێر كارەبای نیشتمانیی بە جیاواز لەگەڵ شارەكانی تر، كەمترە و ستەمی لێ كراوە.
باسی لەوەش كرد، لە رۆژانی رابردووشدا دۆخی كارەبا زۆر خراپتر بووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەست بەوە دەكەین نادادپەروەری هەیە، بۆیە زۆرجار دانیشتووانی هەولێر پارەی موەلیدەكان زیاتر دەدەن.
لەبارەی چارەسەری پێویست بۆ ئەو بابەتە، پارێزگاری هەولێر داواكارییەكی خۆی بۆ وەزیری كارەبا ئاشكرا كرد كە تێستی ساڵانەی كارەبای نیشتمانی ببێتە تێستی وەرزی، چونكە تێستی ساڵانە یەكێك لەو هۆكارانەیە كە بڕی كارەبای نیشتمانی دیاری دەكرێت.
خۆشناو داواكارە لە وەزارەتی كارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتە بكرێت، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە كارەبا بە شارەكان بدرێ، چونكە ئەگەر لە شارێك 12 سەعات كارەبا هەبێت و لە شارێكی تریش سێ سەعات هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەركی خەڵك قورستر دەكات و دادپەروەری نییە.