زانیار سەردار قڕگەیی
گومانی تێدا نییە، کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە، بەڵام رژێمە داگیرکارەکانی عێراق، ھەمیشە نکۆڵییان لێ کردووە، گەلی کوردیش شۆڕش و خەباتی لەو پێناوەدا کردووە و قوربانییەکی زۆری بەخشیوە، چەندین دانوستان و گفتوگۆش لەگەڵ رژێمە داگیرکەرەکانی عێراق کراون، بەڵام بێ سوود و ھیچ دەرەنجامێکیان نەبووە، ھەمیشە و بەردەوام عێراق ھەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شارەی داوە و پرۆسەی راگواستن و بەعەرەبکردن و لەم ساڵانەی دواییشدا بە بەعسیکردنی دراوە، لە ئێستایشدا جگە لەو ھەوڵانەی ئاماژەمان پآ کرد، لە ھەوڵی بە تەشویعکردنیدات. بەڵام ھەرگیز کورد دەستبەرداری نەبووە، بەتایبەت (مستەفا بارزانی) رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بەردەوام پێداگری لەسەر کوردستانییبوونی کەرکووک کردووە و بە (دڵی کوردستان)ی ناوزەد کردووە، چەندین وتەی بەنرخ و سەنگینی لەو روانگەیەوە ھەبووە و ھەڵوێستێکی کوردپەروەرانەی مەزنی نواندووە، تا دەرەنجام شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی بۆ کردە قوربانی.
دۆست و دوژمنان گەواھی ئەو ھەقیقەتەی بۆ دەدەن، کە بارزانی ھەرگیز سازشی لەسەر بستەخاکێکی کوردستان نەکردووە، بەتایبەت شاری کەرکووک.
بەداخەوە، بەتایبەت دوای کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک داگیر کرایەوە و شوڤێنییەکانی ناو کەرکووکیش ھەمیشە لە دژی رۆڵەکانی گەلی کوردن و، پێکەوەژیان و برایەتی قبووڵ ناکەن، رۆژ بە رۆژیش بارودۆخی کەرکووک روو لە ئاڵۆزی و خراپی و زوڵم و ستەم و داگیرکاری دەکات و رۆڵەکانی ئەم شارە گیانفیدایانە خوێن دەڕێژن و قوربانی دەدەن.
لە ساڵانی رابردوودا و بەتایبەت دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، بە مەبەستی دانانی کتێبێک تایبەت بە مستەفا بارزانی، سەردانی چەندین کەسایەتی و رووناکبیرانی ناسراوی گەورەی کوردم کرد. لەو میانەیەدا، لایەنێکی کارەکەم پەیوەست بوو بە پرسی کەرکووک لە دید و تێڕوانین و ھەڵوێستی بارزانی، لەمەڕ کوردستایبوونی ئەو شارە، بەو ھۆیەی، کە ئەو کەسایەتییانە ئاگاداری رەوش و رووداوەکان بوون و لەو قۆناغەدا ژیاون، یان ھەندێکیشیان وەک کارەکتەر رۆڵیان گێڕاوە و لە دانوستانەکاندا بەشدار بوون، بۆیە ھەر یەکە و چەند پرسیارێکم لەسەر دید و تێڕوانینی بارزانی لەمەڕ پرسی کەرکووک ئاراستە کردن، ئەو کەسایەتییانەش بەمشێوەیە وەڵامیان داینەوە:
* بەڕێزتان بەشداربووی دانوستاندنەکانی نێوان سەرکردایەتیی کورد و حکوومەتی عێراق بوون، ھەڵوێستی بارزانی لەو کاتانەدا سەبارەت بە شاری کەرکووک بەرامبەر بە شاندەکان چۆن بوو؟
– فواد عارف، کەسایەتیی سیاسی و سەربازی گەورەی کورد، لە رابردوودا، گوتی: بارزانی لەسەر شاری کەرکووک و دەوروبەری زۆر توند بوو، لە ڕۆژی ١٠ی ئاداری ١٩٧٠، ئێمە کە ھاتین بۆ کوردستان، لە بەغداوە (سەدام حوسێن)مان لەگەڵدابوو و ھاتە لای بارزانی، بۆ ئەوەی ئیمزا لەسەر ڕێککەوتننامەکەی ١١ی ئادار بکات و بۆ سبەی رابگەیەنرێ. بە ئوتۆمبێل ھاتینە کەرکووک و لەوێشەوە بە فڕۆکەی ھەلیکۆپتەر ھاتینە جوندیان و ئەوانیش بەپیرمانەوە ھاتن، کە بریتی بوون لە: کاک ئیدریس و کاک مەسعود بارزانی و د. مەحموود سۆرانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەوان ئوتۆمبێلیان بۆ ئێمە ھێنابوو، ئێمەش لەگەڵیاندا سەرکەوتین، کاتێک ڕۆیشتین، سەدام حوسێن داوای لێ کردم، کە لەو ئۆتۆمبێلەدا پێکەوە و بەتەنیا بین، گوتی حەز دەکەم پێکەوە قسە بکەین، ئیتر وابزانم بەتەنیا بووین، بەڵام کاک مەسعود دەڵێت من لەگەڵتاندا بووم و لەدواوە سەر کەوتبووم، من و سەدام لەپێشەوە سوار بووین، سەدام گوتی ئێمە لەسەر ھەموو خاڵەکانی رێککەوتننامەی ئادار ڕێک کەوتووین و تەنیا شتێک کە مابێت، ئەویش کێشەی سنووری حوکمی زاتییە، ئەو شوێنانەیە، کە کێشەی لەسەرە وەک (خانەقین و مەندەلی و کەرکووک و شێخان و…) ئەمانە ماون، ئەگەر مەلا مستەفا لەگەڵماندا لەسەر کەرکووک ڕێک بکەوێت ئەوا زۆر باشە، دەزانم زۆر گرانە، دەزانم مەلا مستەفا ناتوانێت بڵێ کەرکووک ھی کورد نییە، منیش ناتوانم بڵێم کەرکووک ھی کوردە، چونکە دامەزراوەکانی نەوتی تێدایە و نەتەوەی عەرەب سبەینێ دەڵێن کەرکووک و نەوتی فرۆشت بە کوردەکان، من ئەو کەسانەی ھێناومن، کە بریتین لە ٢٠ تا ٣٠ کەس لە قیادەی قەومی و قوتریی حزبی بەعس، ئەمانە پێیان ناخۆشە حوکمی زاتی بە کورد بدرێت. سەدام سوێندی خوارد و گوتی، بە دەمانچە پێیان ئیمزا دەکەم، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ھی منە و من کردوومە، ئەگەر مەلا مستەفا چارەسەرێک بۆ ئەم مەسەلەیە دابنێ ئەوا باشە، چونکە دەزانم لەکۆتایی ئەم سەدەیەدا دوو حکوومەت دەبێ دامەزرێن، یەکیان بۆ فەلەستینە و ئەویتریان بۆ کوردە، بۆیە دەبێت لەئێستاوە مەسەلەی کەرکووک چارەسەر بکەین، مەسەلەی کەرکووک لەگەڵ کورددا بکەین بە دوو بەشەوە، (خاسە) سنوور بێت و رۆژھەڵاتی خاسە بۆ کورد و رۆژئاوای خاسە بۆ عەرەب بێت، چونکە رۆژئاوای خاسە دامەزراوەکانی نەوتی تێدایە. سبەینێ ئەگەر عەرەبەکان گلەییان کرد، من دەڵێم ئەوەتانێ نەوتەکە لە سنووری حکوومەتی مەرکەزیدایە. سەدام حوسێن گوتی، ئەگەر مەلا مستەفا ئەوەی کرد، ئەوا من ئامادەم ئاسانکاریی بکەم بۆ گەڕانەوەی خانەقین و مەندەلی و شێخان و ئەمانە بۆ کوردستان، پاشان ئێوەی کورد کار بکەن بۆ کوردایەتیی خۆتان و ئێمە کار دەکەین بۆ عەرەبایەتیی خۆمان.
بەڵام لە ھەمان کاتیشدا، بارزانی جەختی لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک کردەوە.
* سەبارەت بە کەرکووک و دوا سنووری کوردستان لە گفتوگۆکاندا، بارزانی تا کوێی داوا دەکرد؟
– فوئاد عارف: بۆ مێژوو دەیڵێم، ھەرگیز بارزانی سازشی لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان نەکردووە، چونکە من لەنێوانیاندا بووم و لە زۆربەی دانیشتنەکانیشدا بەشدار بووم و ئاگادارم. بارزانی دەیگوت کەرکووک قابیلی سازش لەسەرکردن نییە و ناتوانم واز لە ھیچ بستە خاکێکی کوردستان بھێنم. شتێکت بۆ بگێڕمەوە، جارێکیان لە کاتی گفتوگۆدا من لەوێ بووم، (عەبدوڵا سەلووم سامەرائی) کە ئەو ئەمین سڕی حزبی بەعس بوو، لەگەڵ بارزانیدا دانیشتبوو، بە بارزانیی گوت، من دەڵێم کەرکووک شارێکی عەرەبییە. بارزانی زۆر تووڕە بوو و گوتی کەرکووک شارێکی کوردییە، بە تووڕییەوە گوتی، تەنانەت ھەڵسا دەستی دایە بەرۆکی و من بە زۆر (عەبدوڵا سەلووم سامەرائی)م لە دەستی ڕزگار کرد، بارزانی زۆر تەدەخولی نەدەکرد و تووڕە نەدەبوو، ئیلا لە گفتوگۆیەکی گرنگ نەبێت، کە ناھەقیی بکرایە.
بارزانی دەیگوت، سنووری کوردستانیش (قەبری محەمەد عەلی کوردی)یە، کە لە چیای حەمرین نێژراوە، محەمەد عەلی کوردی مامۆستایەکی کوردە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە چیای حەمرین نێژراوە.
* تا چ رادەیەک بارزانی سازشی لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک نەکردووە؟
– د. ئیحسان فوئاد، رووناکبیر و شاعیر، گوتی: بارزانیی نەمر ئامادە نەبوو ھیچ پەیمانێک مۆر بکات، ئەگەر نەسەلمێنێت کەرکووک کوردستانییە. بۆیە بارزانی ھیچکات سازشی لەسەر ھیچ بستێک لە خاکی کوردستان نەکردووە، بە کەرکووکیشەوە. ھەڵوێستی بارزانی ئەوە بوو، کە ھەرگیز گومانی تێدا نییە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و بەشێکە لە کوردستان و ڕای گەیاند، کە ئەو ئامادە نییە ھیچ پەیمانێک بەبێ کوردستانیبوونی کەرکووک مۆر بکات. بۆ ئەمە دیسان خودی سەدام حوسێن کەوتەوە چەند مناوەرەیەک، یەکێ لە پێشنیازەکانی سەدام ئەوە بوو، کە ئەو ئامادەیە بەشی خۆرھەڵاتی کەرکووک بخاتە سەر ناوچەی کوردستان، بە مەرجێ بەشەکەی دیکەی سەر بە عێراق بێت، بەڵام بارزانی ئەمەشی قبووڵ نەکرد، واتە ھەڵوێستی بارزانی ھەڵوێستێکی مەبدەئی بوو، کە دەیگوت مەسەلەی کەرکووک ھیچ سازشێکی لەسەر نییە و نابێ بکرێ. کوردستان بەبێ کەرکووک مانای ئەوەیە، کە بڵێین لەشێک بەبێ دڵە، ئەمەبوو ھەڵوێستی بارزانی، کە ھەمیشە پێی لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووکدا دەگرت.
* چی وای کرد، حکوومەت عێراق شەڕ لەگەڵ کورد ھەڵبگیرسێنێ؟
– د. ئیحسان فوئاد: گومانی تێدا نەبوو، کە ھەڵوێستی بارزانی لەسەر کێشەی شاری کەرکووک ھەڵوێستێکی یەکلایەنە بوو، کە مومکین نەبوو ڕێگە بدات مشتومڕی لەسەر بکرێت و داوای دەکرد دەستبەجێ بخرێتەوە سەر کوردستان، ھەر ئەم ھەڵوێستە جوامێرانەیە بوو، کە دەسەڵاتی عێراقی وا لێ کرد ئەو شەڕە لەگەڵ کورددا ھەڵبگیرسێنێ.
* بەڕای بەڕێزتان، ھەڵوێستی بارزانی سەبارەت بە کەرکووک چۆن بوو؟
– د. کەمال مەزھەر، مێژوونووسی گەورەی کورد: جێگەی خۆشحاڵییە ھەموو سەرکردەکانی کورد دان بە کوردستانیبوونی کەرکووکدا دەنێن و سوورن لەسەری، ھەمیشە کەرکووک و ناوچە کوردییەکان لە ناخ و دەروونی بارزانیدا بوون، وەک ھەر ڕابەرێکی دڵسۆزی دیکەی کورد، لەمبارەوە ھەڵوێستی جوامێرانە و جوانی ھەبوو.
* دەمانەوێ رای بەڕێزیشتان سەبارەت بە ھەڵوێستی بارزانی لەسەر شاری کەرکووک بزانین؟
پرۆفیسۆر . د. کاوس قەفتان، مێژوونووس و رووناکبیر: بەڕاستی ئەم پرسیارە خۆشحاڵی کردم و ئاسوودەی کردم، من سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێم، ئەم میللەتی کوردە دەبێت ھەزار و یەک ڕەحمەت بنێرێ بۆ گۆڕی ژەنەراڵ مستەفا بارزانی، ھەموو کوردێک و ھەموو کوردستانی گەورە دەبێت سوپاسی ژەنەڕاڵ بارزانی بکات، کە ھەرگیز وازی لە کەرکووک نەدەھێنا و کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناو دەبرد و ئەمەی ئەگوت و ئەگوتەوە و دووپاتی دەکردەوە، دەبوو بە ھەرا لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا و شەڕ بەرپا دەبوو.
حکوومەتی عێراق وازی لە کەرکووک نەدەھێنا و بارزانییش ھەرگیز دەستبەرداری ئەو شارە نەدەبوو. ئینجا من ئێستا دەڵێم، ھەزار و یەک ڕەحمەت لەو گۆڕەت ژەنەراڵ بارزانی، بۆ ئەو ھەڵوێستە کوردپەروەرانەیەت.
من دڵنیام مەسعود بارزانی، بە ھیچ شێوەیەک واز لە کەرکووک ناھێنێت، نێچیرڤان بارزانی وازی لێ ناھێنێت، ھیچ بارزانییەک وازی لێ ناھێنێت، چونکە ژەنەراڵ بارزانی گوتوویەتی، کەرکووک کوردستانە و شارێکی میللەتی کوردە. ئەمانیش لەسەر ڕێبازی ئەو دەڕۆن و دڵنیام ھەموو میللەتی کوردیش لە دنیادا پشتی دەگرن، ئەوەی ئەو ڕێبازەش نەگرێت، بەئاشکرا دەیڵێم نەفرەتی لێ دەکرێت.
ئەگەر بارزانی ئەوەی سەبارەت بە کەرکووک لەو سەردەمەدا نەگوتایە و بناغەیەکی بۆ دانەنایە، ئێستا دەبووە کێشە بۆ کورد و دەبووە مایەی گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکردن و دواتر وەک بەفر دەتوایەوە، بەڵام سوپاس بۆ ژەنەڕاڵ بارزانی، ئەم پیاوەتییەی بۆ کورد و میللەتی کورد کرد، جگە لەوەش، کە پیشانیدا ئەگەر یەکێک بەڕاستی سەرۆک بێت، دەتوانێت ئەم میللەتی کوردە، کە ناتوانێ یەکێک بکات بە ڕابەری خۆی و ھەر دەبێ چوار پێنج سەرکردەی ھەبێت.
٭ لەو سەردەمەدا کێشەی کەرکووک لەنێوان حکوومەتی مەرکەزی و بارزانی و شۆڕش گەرم و گوڕ بوو، ئایا بارزانی چ جۆرە ھەڵوێستێکی لەسەر ئەو شارە ھەبوو؟
– پرۆفیسۆر د. خالید شێخ محەمەد خاڵ: کوردستانیی کەرکووک پێویست بە بەڵگە و لێدوان ناکات، چونکە ئاشکرایە بۆ ھەموو ھاووڵاتییەکی کورد، بگرە بۆ زۆربەی ھاووڵاتییانی عەرەبی بەویژدان، کە لە کەرکووکدا ژیاون، تا کۆتایی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق لە ساڵی ١٩٥٨، ماوەیەکی درێژیش دوای ئەوە، ھەر ھاووڵاتییەکی عێراقی ڕێی کەوتبێتەوە شاری کەرکووک، ھەستی کردووە کە لە شارێکی کوردیدایە و جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ سلێمانی و ھەولێر و دھۆک. لەم بوارەوە زۆر دیکۆمێنت و بەڵگەنامەی مێژوویی ھەن، کە دەسەلمێنن کەرکووک بەشێکە لە کوردستانی عێراق و پێویست ناکا ئاماژەیان پێ بدەم، ڕاستە ڕێژەیەک لە برا تورکمانەکان و ژمارەیەکی کەم لە برا عەرەبەکانمان لە کۆنەوە نیشتەجێی شاری کەرکووکن، ئەمانە بەئاسوودەیی لەگەڵ برا کوردەکانیاندا و بە خۆشی و بە تاڵی ژیانیان بردووەتە سەر.
لە یەکەمین کودەتای خوێناویی بەعسییە فاشستەکانی عێراق لە شوباتی ١٩٦٣دا، سەرەتای بەعەرەبکردنی شاری کەرکووک دەستی پێکرد، لەگەڵ دەرکردن و دوورخستنەوەی ھاووڵاتییە کوردەکان بە پلەی یەکەم و تورکمان بە پلەی دووەم، بە پیلانێکی ڕێکخراوی ئامادەکراو. لێپرسراوانی حکوومەتی عێراقی ئێستا دەبێ ئەو ھەڵانەی سەدام دووبارە نەکەنەوە، بە ھەوڵدان بەتەعریبکردنی شاری کەرکووک، چونکە ئەنجامەکەی بۆ ھەمووان ھەر سەرگەردانییە، لەکاتێکدا، کە عێراقی وێرانکراو پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی ھەستی برایەتی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتنە لە یەک، شاری کەرکووک لای ھەموو کوردێک بە جیاوازیی بیروڕایانەوە، پیرۆزیی خۆی ھەیە، بارزانیی نەمر یەکەم تێکۆشەری کوردە، کە کەرکووکی بە دڵی کوردستان داناوە.
بارزانی پێش ھەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ ڕژێمی بەغدا گوتی، سەر قەبرانی ھەر شارێک باشترین بەڵگەیە بۆ مێژووی ئەو شارە، بڕۆن بۆ سەر قەبرانی کەرکووک و نووسراوی سەرکێلەکان بخوێننەوە، تەماشاکەن زۆربەی ھەرەزۆری نووسراوەکان بەکوردییە!.
ئێستاش مایەی خۆشحاڵییە، کە ھەردوو ھێزە سەرەکییەکەی کوردستان، پارتی و یەکێتی، لەسەر گەڕانەوەی کەرکووک بۆ ھەرێمی کوردستان یەکن و ھاوھەڵوێستن. ئەگەر جیاوازییش لە بۆچوون و بەرژەوەندیی ئەم دوو پارتە سەرەکییەی کوردستاندا ھەبێت، دەبێت لە مەسەلەی کەرکووکدا یەک بن، چونکە ئەگەر لەم بوارەدا تەنیا حسابی دەسەڵات و بەرژەوەندی بکرێت، ئەنجامی خراپی لەسەر حسابی کەرکووک و ھاووڵاتییانیدا دەبێت.
* ئێستا کەرکووک داگیر کراوە و عەرەبەکانی کەرکووک دەیانەوێت دیموگرافیای ئەو شارە وەکوو شارێکی عەرەبی بگۆڕن، ئایا ھەڵوێستی بارزانی سەبارەت بە کوردستانیبوونی کەرکووک و ئەو ناوچانەی ئێستا لەدەرەوەی ھەرێمن چۆن بوو؟ ئەی ڕۆڵی لە وتوێژەکاندا چی بوو؟
– محەمەد عەزیز، کەسایەتیی سیاسی و تێکۆشەری شۆڕشی ئەیلوول و بەرپرسی بارەگای بارزانی، ئاگەدار لە وتووێژەکان، گوتی: لە وتووێژی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و بەعسی عێراقدا، تەنیا کەسێک کە بەتوندی سـوور بوو لەسەر کوردستانیبوونی شاری کەرکووک، بارزانی بوو، لە یەکەم دانیشتنی فەرمیی نێوان ھەردوو شاندی کورد و ڕژێم لە ناوپردان، کە خۆم ئامادە بووم، سەرۆک بارزانی بەتووڕەیی لە ژووری کۆبوونەوەکە ھاتە دەرەوە و ڕووە و گوندی کۆسرەتان کەوتە ڕێ، خۆم گەیاندێ، فەرمووی: ئەوانە نیازیان چاک نییە و دەیانەوێ لە کەرکووکەوە دەست بە قووتدانی کوردستان بکەن، کەرکووک دڵی کوردستانە و کوردستانیش بە کەس قووت نادرێ، ئەوەی نیازی وابێ لە قوڕگی دەگیرێ و قوڕگی ھەڵدەدڕێ. لەو ھەڵوێستە بەرپرسیارانە و کوردانە و مەردانەیە، بە ئەندازەی تووڕەبوونی ئەو من دڵخۆش بووم! دڵخۆش و شاد بووم بەوەی، کە پەروەردگار سەرکردە و سەرۆکێکی وەھا جەسوور و دڵسۆزی پێ بەخشیوین، ئەوەی ئەو فەرمووی، بەتەواوی لەگەڵ بیر و بۆچوونی مندا ھاوئاھەنگ بوو، ئیتر بۆچی شاد نەبم.
دوای مەودایەک، یەک لە پێشمەرگەکان گوتی، عەزیز شەریف و فوئاد عارف لە دوومانن، بارزانی گەلێ ڕێزی ھەبوو بۆ ھەردووکیان، فەرمووی تۆ بگەڕێرەوە بەرەو لای ئەوان با ماندوو نەبن، من پێویستیم بە تۆزێک حەسانەوە ھەیە و پاشان دێم، من گەڕامەوە بۆ لای خوالێخۆشبوو عەزیز شەریف و یادی بەخێر کاک فـوئاد عارف، لەنێو قسەی ئەوان و قسەی قائد فیرقەی دوودا بۆم دەرکەوت، بارزانی لەسەر کەرکووک وشەی ڕەقی پێ گوتبوون، قائید فیرقەی دوو دەیگوت، بارزانی شەرەفی عەسکەریی شکاندووین! بەڵام بە تکای عەزیز شەریف و کاک فوئاد عارف، بارزانی چووەوە ژوورەکە و ئەو دانیشتنە کارێکی وەھای لێی نەھاتە بەرھەم، پاشتر مەودایەک نیمچە دابڕانێک دروست بوو.
* کاردانەوەی بارزانی چۆن بوو، کاتێک لە شاندی عێراق وتووێژەکان دانیان بە کوردستانیبوننی کەرکووکدا نەدەنا؟
– محەمەد عەزیز: جارێکی دیکە لە دانیشتنێکدا ھەر لە ناوپردان، وتووێژکەران، کران بە چەند لێژنەیەک، لەوانە یەکێکیان لێژنەی کەرکووک بوو، بارزانی فەرمووی من لە لێژنەی کەرکووکدا دەبم، (عەبدوڵا سەلووم سامەڕایی)یش سەرۆکی لایەنی ڕژێم بوو لە ھەمان لێژنەدا، دانیشتنەکە دە خولەکی نەخایاند، بارزانی لە ژوورەکە ھاتە دەرەوە، ماندووێتی و تووڕەبوون بە سیمایەوە دیاربوو، فەرمووی ژوورێکم پیشان بدە کەمێک لێی بحەسێمەوە، لە خزمەتیدا چوومە ژوورێک، پاش دوو سێ خولەک شەھید فەرەنسۆ ھەریرییش پەیدا بوو. بارزانی فەرمووی ئەوانە نیازیان لەسەر کەرکووک چاک نییە، من پێم گوتن کەرکووک دڵی کوردستانە و یەک کوردیشی تێدا نەھێڵن ئێمە دەستی لێ ھەڵناگرین، ئێستا ئەوان ئێمە بە لاواز دەزانن، چونکە نزیک کەرکووک نین، ئێمە دەبێت ھەر ئەمڕۆ ھێرش بەرین، ئیدریسم بۆ بانگ بکەن، کاک فەرەنسۆ چوو کاک ئیدریسی بانگ کرد، سەرۆک بارزانی وتەکانی خۆی دووبارە کردەوە، کاک ئیدریس گوتی (بابە) مەکتەبی تەنفیزی بڕیاریان داوە، کە لە کاتی وتووێژدا ئێمە ھێرش نەبەین و ھەر داکۆکی بکەین، بارزانی دەستێکی برد بۆ ڕیشی و فەرمووی، پێیان بڵێ گوێ لە قسەی ئەم پیرەمێردە بگرن، ئەوانە واتە (حکوومەتی عێراق) ناحەزن و لەگەڵماندا پاک نین، ھەر ئێستا بە ناوی منەوە برووسکەیەک بۆ ھەموو ھێزەکانی ناوچەی کەرکووک بکەن بۆ ھێرشبردن، کاک ئیدریس برووسکەکەی نووسی و منیش ناردم بۆ دەزگای بێـتەلی ئاراس، وشەی ئاراس ناسناوی (بارزانی) بوو بۆ بێتەلی (م. س- م. ت) ھەر ئەو ڕۆژە ھێرش برا، پێشمەرگە لە ھێرشەکەیدا سەر کەوت و سـەدان چەکداری سەر بە ڕژێم بەدیل گیران.
* سەبارەت بە شاری کەرکووک، ھەڵوێستی بارزانی و وەڵامی لەبەرامبەر شاندەکانی حکوومەتی عێراق چی بوو؟
– پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ: سەبارەت بە کەرکووک چەند جار لە بارزانیی نەمرم بیستووە، بە شاندەکانی حکوومەتی دەگوت کەرکووک بەدەست ئێوەوەیە، ئەیدەن بە ئێمە نایدەن بە ئێمە ئەوە مەسەلەیەکە، بەڵام من شانازیی بەوەوە دەکەم، کە ھەرگیز نەمگوتووە و ناشیڵێم “کەرکووک ھی ئێمە نییە”. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوام کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناو دەبرد و ھیچ کات ئامادە نەبوو دەسبەرداری بێت و سازشی لەسەر بکات.
* لەسەر کەرکووک و ئەو ناوچە دابڕاوانەی کوردستان، بارزانی ھەڵوێستی چۆن بوو؟ یا لەمەڕ سازش نەکردنیەوە چۆن بوو؟
– جەمال بابان- پارێزەر و رووناکبیر، گوتی: ھەر لە سەردەمی مەلیکەوە تا حکوومەتە جیاجیاکانی دیکەی عێراق، ناو بەناو لەنێوان حکوومەت و شۆڕشەکانی بارزان و دواتریشدا دانیشتن و ڕێککەوتن و گفتوگۆ ئەھاتە ئاراوە. جارێکیان بیستمان، کە لە دانوستانێکیاندا بارزانی پێداگریی لەسەر کەرکووک و کوردستانیبوونی کەرکووک کردبوو، تا بووە ھۆی تێکچوونی ئەو دانوستانە، بارزانی ھەرگیز سازشی لەسەر ھیچ کەس و لایەن و شوێنێک نەدەکرد.
لە لای ھەموو کەس ڕوون و ئاشکرا بوو، کە بارزانی لە ھەموو ڕووێکەوە پیاوێکی زۆر پاک و ڕەوشت بەرز بوو، ئەوەندەی کە بارزانی توانی و بارودۆخی چواردەوری ھاوکارییان کرد، بە توانایی و بەکارامەییەوە ڕۆیشت و بە ھیچ شێوەیەک لەکە و پەڵەیەک نەکەوتە سەر کاغەزی سپیی ژیان و خەباتی ئەو پیاوە، دڵی وەکوو ھزری پاک و بێگەرد بوو، وەک کاغەزێکی سپیی پاکوخاوێن، ئەو کەسەی کە بەویژدان بێت باسی پاک و بێگەردی و دڵسۆزیی بارزانی بۆ نەوەی نوێ دەکات، چونکە بارزانی پیاوێکی نیشتمانپەروەری پاک و ڕاست بوو. ئەوانەی کە لە دژی دەوەستان و لە دژی قسەیان دەکرد، من بە ڕاستیان نازانم، چونکە مێژوو شاھیدە، کە بارزانی بۆ تەماح و سەروەت و سامان خەباتی نەدەکرد، بەڵکوو بۆ گەلی کورد تێ دەکۆشا و کاری دەکرد، ھەتا لەتوانایدا بوو و ھەتا کۆچی دوایی کرد.
* تێڕوانینی مستەفا بارزانی بۆ مەسەلەی کەرکووک و ناوچەکانی شێخان و شنگال و خانەقین و مەندەلی، مەخموور چۆن بوو؟
– پرۆفیسۆر د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی: لە تێڕوانینی سیاسییانەی بارزانیدا، سازشکردن لەسەر کوردستانیبوونی ئەو شار و ناوچانە گەورەترین خیانەت و ھەڵە بوو ئەگەر بکرایە، بۆیە بەدرێژایی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕیی ئەو سەرکردەیە، وازی لە کوردستانیبوون و کوردبوونی ئەو شار و ناوچانە نەھێنا. ھەر ئەو ھەڵوێستەیش بوو حکوومەتی عێراق بەدرێژایی دەسەڵاتی سەرۆکەکانی (عەبدولکەریم قاسم، عەبدولڕەحمان عارف، عەبدولسەلام عارف، ئەحمەد حەسەن بەکر)، پێنچ جار لەنێوان ساڵانی (١٩٦١ – ١٩٧٥) شەڕی بە سەرکردایەتی و شۆڕشی کورد فرۆشت و کوردیش لەم ھەرێمەدا لەژێر سەرکردایەتیی مستەفا بارزانیدا جوامێرانە بەرگریی لە خاک و ئاو و کێشە ڕەواکەی کرد.










