سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، “گرنگیدان بە کەرتی کشتکوکاڵ و کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی “ئاردی دستار” لە دهۆک، رایگەیاند، “سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەم. ئەم کارگەیە سەدان هەلی کاری بۆ گەنجان رەخساندووە”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، “گرنگیدان بە کەرتی کشتکوکاڵ و کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت کارمان کردووە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان لە بواری بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران و کڕینەوەی گەنم و دانەوێڵەیان”.
گوتیشی: “هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و پشتیوانیکردن لە بەرووبوومی ناوخۆ و بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. جووتیارانمان دڵنیا دەکەینەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکات و کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆ و دەرەوە بۆ بەرهەمەکانیان دەکات”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دروستکردنی کارگەی لەم جۆرە هاوکارییەکی زۆری جووتیارانمان دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بفرۆشرێن. هاوکات هاندانێکە بۆ ئەوان بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەسەر کاری کشتوکاڵی و بەرهەمهێنان. بۆ ماوەی چەند ساڵێک جووتیارانمان لە دۆخێکی بێ ئومێدیدا بوون و، وەکو پێویست پاڵپشتییان لێ نەدەکرا، بەڵام دڵنیایان دەکەمەوە، خۆم زۆر لە خەمی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و هاوکاری جووتیاران دام و، هەرچیمان پێبکرێت بۆ هاوکاریکردنیان، درێخی ناکەین”.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: “وەکو ئەوەی ئێوە ئاگادارن، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پڕۆسەی هەناردەکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی جووتیارانمان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامیش دەبێت”.
راشیگەیاند، “کوردستان هەر لە سەردەمی کۆنەوە دەڤەرێکی گرنگی کشتوکاڵی بووە و خاوەن زەوی بەرفراوان و دەوڵەمەندە. ئەگەر وەکو پێویست سوودی لێ وەربگیرێت، دەکرێت تا ئاستێکی باش ئاسایشی خۆراکی خۆمان دابین بکەین و ببینە سەبەتەیەکی خۆراک بۆ عێراق و جیهان”.
وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی باسی کرد، “حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانکارییەک بۆ کەرتی تایبەت پێشکەش بکات بۆ ئەوەی شان بە شانی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتوو ببەن. بۆیە داوا لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان دەکەم وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بکەن بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان زیاتر ببووژێتەوە و کەمتر پشت بە دەرەوە ببەستین بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ”.