سهرهتا بهدواداچوون ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی مەزەندە دەکات لە ساڵی 2019 دا، 37%ـی مردنە پێشوەختەکان...

خەبات- شلێر كۆیی:
مەترسی و كاریگەریی و زیانە مرۆیی و مادییەكانی پیسبوونی ژینگە لە هەژمار نایەن، ئەو كێشە و ئاریشانەیش کە لە ئەنجامی ئەم زیانانەدا دروست دەبن، بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پێشكەوتنە تەكنۆلۆژی و تەندروستی و مرۆیی و ئابوورییەكان دروست دەكەن. ژینگەی بەرگەهەوای زەوی بەگشتی ئاماژەیە بۆ هەوا و گازەکانی دەوروبەری زەوی، كە بە شێوەیەکی سەرەکی لە نایترۆجین و ئۆکسجین پێکهاتووە، لەگەڵ بڕێکی کەم لە گازی دیکەی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو. ژینگەی بەرگەهەوا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی پلەی گەرمی زەوی و پاراستنی هەسارەکە لە تیشکی خۆر و ڕێگەدان بە بوونی ژیان لە ڕێگەی دابینکردنی ئۆکسجین و گازە سەرەکییەکانی دیکە.
پیسبوونی بەرگەهەوا کاریگەری زۆری لەسەر ژینگەی مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و خراپبوونی بارودۆخی مرۆڤ و زیندەوەران، كە ژەهراویبوونی هەوا مەترسیدارترینیانە و دەبێتە هۆی ئەوەی هەوا مادەی ژەهراوی و پیسکەری تێدابێت، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکان هەیە، هەروەها دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک تەنگەنەفەسی و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و شێرپەنجە، هەروەهاش پیسبوونی بەرگەهەوا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، بەو پێیەی تیشکی خۆر زیاد دەکات و دەبێتە هۆی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا.
ساڵانە و ئەگەریش وردتر سەیری بابەتەكە بكەین دەتوانین بڵێین مانگانە و حەفتانەیش رێكخراوە ژینگەپارێزەكان لە سەرتاسەری جیهاندا ڕێنمایی دەردەكەن و هۆشداری دەدەن، بەڵام پێشبینی و هۆشداریی ورد بە فۆرمێکی ئاسان بۆ تێگەیشتن و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە چۆنیەتی ئامادەکاریی بۆ ئەم مەترسییانە، پێش ئەوەی ببنە کارەسات، دەتوانرێت ژیان و ماڵ و موڵکی زۆرینە بپارێزرێت و لە كاریگەریی مەترسییەكانیش كەمبكرێتەوە.
مەترسییە سروشتییەکان لە ئاستی کات و ناوچەی جیاواز ڕوودەدەن و هەریەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان كاریگەریی خراپیان دەبێت. گەردەلوول و لافاوی خێرا دیاردەیەکی خێرا و فاكتەرێكی پیسبوونی ژینگەن کە بۆ ماوەیەکی کورت دەمێننەوە و کاریگەرییان لەسەر ناوچەیەکی تاڕادەیەک بچووک هەیە، بەڵام دیاردەکانی دیكە، وەکو وشکەساڵیی بە هێواشی پەرەدەسەنن، كە دەتوانێت بۆ چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵانێک کاریگەریی لەسەر تەواوی کیشوەرەکان و وڵاتان هەبێت. هاوكات دیاردەیەکی وەكو تسۆنامی دەتوانێت لە یەک کاتدا یان بە خێرایییەكی زۆر چەندین مەترسی لەخۆبگرێت و كارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێت، كە توانای هەیە جگە لە بای بەهێز و بارانبارینی بەخوڕ، زریانێکی بەهێز و لافاو و زەوی لەرزین و قوڕولیتەیەكی یەكجار زۆریش دروست بکات.
پیسبوونی هەوا یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی ژینگە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و زیندەوەران بەگشتی، كە وڵاتان بە هەڕەشە مەترسیدارەكە ناوی دەبەن، لەگەڵ ئەوەیشدا وڵاتان دەتوانن ئەم مەترسییە کەم بکەنەوە، بەتایبەتیش كە پیسبوونی هەوا كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و پزیشكان بە هۆكارێكی سەرەكی بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەی سییەکان و نەخۆشییە درێژخایەن و توندەکانی کۆئەندامی هەناسەدان هەژماری دەكەن.
بەپێی ئەو ستانداردەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ ڕێژەی پیسیی و خاوێنیی هەوا دیاریكردووە، لە ساڵی 2019دا 99%ی دانیشتووانی جیهان لەو شوێنانەدا ژیاون کە لە ئاستی ئەوەدا نەبوونە شیاوی ژیانی مرۆڤ بێت. ئامارەكان باس لەوەش دەكەن، كە پیسبوونی هەوای دەوروبەر و پیسبوونی هەوای ناوماڵ، لەسەرتاسەری جیهاندا ساڵانە پەیوەندییان بە 6.7 ملیۆن مردنی پێشوەختە هەیە. كە نزیکەی 89%ی ئەم مردنە پێشوەختانە لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددان و زۆرترین ژمارەش لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژئاوای زەریای هێمن دەگرێتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی مەزەندە دەکات کە نزیکەی 37%ی مردنە پێشوەختەکان کە لە ئەنجامی پیسبوونی هەوای دەرەوە لە ساڵی 2019دا ڕوویانداوە، دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک، هەروەها 18% و 23%ی ئەم مردنانە دەگەڕێتەوە بۆ هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەناسەدان و شێرپەنجەی سییەكانیش لەو ڕێژەیەدا 11%یان پێکهێناوە.