مستەفا بارزانی لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی دەرئەبڕێ
دەوڵەتانی ھەرێمی نەیانتوانیوە ھەژموونیان بەسەر بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی بارزانی ھەبێت
زانیار سەردار قڕگەیی
مستەفا بارزانی، وەک سەرۆک و سەرکردەی نەتەوەیی کورد، ھەمیشە لە خەبات و تێکۆشاندا بووە دژ بە رژێمە داگیرکارەکانی کوردستان، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، بەڵام لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ھەمیشە ھاوکار و یارمەتیدەریان بووە، تەنانەت لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لە کۆماری کوردستان رۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لە داکۆکیکردن و بەرگریکردن لە کۆمار. لە دەرەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشان و کوردایەتییەدا و لەو پێناوەشدا زۆر قوربانی و دەربەدەری و ژیانی سەختی ئاوارەیی و غوربەتی لە نێوخۆی وڵات و مەنفا چەشتووە، بەڵام ھەموو ئەوانە ھیچ کات نەبوونەتە ھۆی ساردبوونەوە و دەستبەرداربوون لە شۆڕش و کوردایەتییەکەی، بگرە زیاتر رژد بووە. بەوەشەوە نەوەستاوە و ھەمیشە خۆی بە داکۆکیکاری سەرسەختی تاکەکانی گەلی کورد لە ھەرچوار پارچەی کوردستان زانیوە و لە ھەر شوێن و جێگایەکی جیھان رۆڵەی کوردی لێ بووبێت و چەوسێنرابێتەوە، بارزانی دەنگی ناڕەزایی بەرز کردووەتەوە و لە دژی ئەو زوڵم و زۆردارییە راوەستاوە.
کاتێک دەزانێ لە لایەن دەوڵەتانی تورک و ئێران، کە مافەکانی مرۆڤی کورد پێشێل دەکەن و رۆڵەی کورد دەچەوسێننەوە و ستەمیان لێ دەکەن، وەک سەرکردەیەکی کاریزما و خەمخۆر و پەرۆشی کوردایەتی و ھەستی نەتەوەیی، دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕێت، ئیدی پەنا دەباتە بەر نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە لە رۆژی ١ی ١٠ی ١٩٦٠ لە شاری بەغداوە و بەناوی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دڵتەنگی و بێزاری لەبەرامبەر سیاسەتە چەوتەکانی ھەردوو رژێمی تورکیا و ئێران دەردەبڕێ، کە دەرھەق بە رۆڵەکانی گەلی کورد لەو وڵاتانەدا پەیڕەوی دەکەن و دەیانچەوسێننەوە و مافیان پێشێل دەکەن و تاوانیان دەرھەق ئەنجام دەدەن، لەو ساتەوەختەدا مستەفا بارزانی برووسکەیەکی توندی ناڕەزایی دەربڕێ و ئاڕاستەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکا و داوایان لێ دەکات، کە ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر بە رۆڵەکانی کورد دەکرێت رابوەستێنرێ و چیتر مافیان پێ شێل نەکرێت.
لە وەڵامی برووسکەکەی بارزانیدا، (ئاڕ. تی. ھۆنگ)، فەرمانبەری بەرزی بەشی مافی ئادەمیزاد، لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە برووسکەیەک وەڵامی داوەتەوە. ئێمە لێرەدا دەقی ئەو برووسکەیە و وەڵامەکەیشی، کە لە لاپەڕە (٦١) و لە لاپەڕە (٩٣)ی ژمارە (١٨)ی گۆڤاری (رۆژی نوێ)دا، کە لە شاری سلێمانی دەردەچوو، واتە دەقی ھەر دوو برووسکەی بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ھی ئەوان بۆ بارزانی بڵاو کراوەتەوە، کە دەربارەی خراپیی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی تورکیا و لە کوردستانی ئێرانە، کە سەرەتا بارزانی بۆ کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردبووی، ھەروەھا وەڵامی کۆمەڵەی ناوبراویش بۆ مستەفا بارزانی لە خوارەوە بڵاو دەکەینەوە.
ئەمەیش دەقی برووسکەکەی جەنابی بارزانییە بۆ کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەناوی ((مستەفا بارزانی ناڕەزایی دەرئەبڕێ))، لە گۆڤاری (رۆژی نوێ)دا بە بایەخەوە و لە یەک لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە و بەم شێوەیە نووسراوە:
”مستەفا بارزانی ناڕەزایی دەرئەبڕێ
ھەڤاڵ مستەفا بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم برووسکەیەی خوارەوەی بۆ کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لێ دا:
بەتوندی ناڕەزایی خۆم دەردەبڕم، بەرامبەر بەو سیاسەتە جیاوازیکارەی، کە لە تورکیا و ئێراندا پەیڕەو دەکرێ، دژی رۆڵەکانی گەلی کوردمان و بەرامبەر بەوەی، کە بێبەرییان ئەکەن لە بچووکترین مافی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی.
داواتان لێ ئەکەم، کە ھەوڵ بدەن بۆ فەوتی ئەم پێ لە مافی مرۆڤایەتی نانە.
ئیتر بەرزیتان”..
مستەفا بارزانی
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەغدا ١ی١٠ی١٩٦٠
ھەروەھا، لە ھەمان ژمارەی گۆڤاری (رۆژی نوێ)، لاپەڕە (٩٣)دا دەنووسێت:
“وەڵامی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مستەفا بارزانی،
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە لاپەڕە (٦١)ی ئەم ژمارەیەی (رۆژی نوێ)دا برووسکەی ھەڤاڵ مستەفا بارزانیمان بڵاو کردەوە، کە دەربارەی وەزعی نەتەوەی کورد لە کوردستانی تورکیا و ئێراندا ناردبووی بۆ کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وا وەڵامی کۆمەڵەی ناوبراویش بۆ مستەفا بارزانی لە خوارەوە بڵاو دەکەینەوە.
مستەفا بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- بەغدا:
پێم سپێردرا پێتانی رابگەیەنم کە برووسکەکەتان، کە بە بەرواری ٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٠ نووسراوە، گەیشت، ھەروەھا پێم سپێردرا، کە ئاگادارتان بکەم، کە وا باسی کرا و بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژمارە ٧٢٨ ئیف چارەی کرا، ھەروەھا ئەو نوقتانەی، کە پەیوەندییان بە بڕیارەکەوە ھەیە بۆمان ناردن، بۆ ئاگاداری.
دڵسۆز
ئاڕ. تی. ھۆنگ
فەرمانبەری بەرزی بەشی مافی ئادەمیزاد لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان”
بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە و زیاتر زانیاری لەسەر بارودۆخی ئەو سەردەمە و ھەڵسەنگاندنی ھەڵوێستی بارزانی و پەرۆشی و کوردپەروەرییەکەی، بە پێویستم زانی را و بۆچوونی چەند کەسایەتییەکی ئەکادیمی و رووناکبیر وەربگرم و ئاوێتەی نێو بابەتەکەی بکەم.
سەڵاح بەدرەدین، سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری گشتیی حزبی ھەڤگرت لە کوردستانی سووریا، لە وتارێکیدا لە کتێبی (کۆنگرەی یادەوەریی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر)دا، باس لە ھەڵوێستێکی بەرز و نەتەوەییانەی بارزانی دەکات و دەڵێت: “بارزانی لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ باقرۆڤ، داوای ئەوە دەکات، کە رێی پێ بدرێت سکاڵای خۆی بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەیەنێ و ناڕەزایی بەرامبەر ئەو سیاسەتی سەرکوتکردنە دەربڕێ، کە لە لایەن ھەر چوار حکوومەتی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبرێ و ئابڕووی ھەڵوێستی ئەو حکوومەتانە ببات، لەکۆتایی نامەکەدا، وەک ئیمزا دەستەواژەی (خزمەتکاری کوردان و کوڕی کوردان)ی بەکار ھێنابوو”.
سەبارەت بە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی نامەکەی بارزانی و وەڵامەکەی، روومان لە پ. د. فوئاد حەمەخورشید کرد و گوتی:
“ئەو نامەیە بەرپەرچدانەوەی ئەو سیاسەتە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بوو، دژ بە میللەتی کورد لە بەشەکانی دیکەی بندەستی (ئێران، تورکیا، سووریا) پیادە دەکرا. (مستەفا بارزانی)، شۆڕشگێڕانە و کوردپەروەرانە و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و ئاکاری بەرزی سیاسی و ھەڵوێستی نەگۆڕی نیشتمانی، جوامێرانە بەناوی (مستەفا بارزانی) سەرۆکی (پارتی دیموکراتی کوردستان)، بەیانێکی روون و ئاشکرای لە ١ی ١٠ی ١٩٦٠ ئاراستەی (سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان) کرد و رووی بەلای ئەو زوڵم و ستەم و ناڕەوایی و بێ بەشکردنەی گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستان پێ وەرچەرخاندن و داوایان لێ دەکات (کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان) دەستەبەری مافە رەواکانی گەلی کورد بکەن، کە حکوومەتی (ئێران و تورکیا) بە زەقی پێشێلیان دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی (کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان) لە ڕێگەی بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی سەر بە خۆیان، وەڵامی نامەکەی (مەلا مستەفای بارزانی)یان داوەتەوە، بەڵام تا ھەنووکە ھیچ ھەنگاوێکی ئەرێنی بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییانە، یان ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی ئەو مەزڵوومیەتە لەلایەن (بەغدا و ئەنقەرە و تاران و دیمەشق) دەرھەق بە کورد و خاکی کوردستان دەکرێت و درێژەیان ھەیە، پیشان نەداوە.
بەم ھەموو ستەم و پێشێلکارییەی داگیرکەرانی کوردستان، ئەم داوایەی (مەلا مستەفای بارزانی)یان بەھەند وەرنەگرت و ئاوڕێکی مرۆڤدۆستانەیان لە گەلی کوردی زوڵملێکراو نەدایەوە.
ستەمی داگیرکارانی کوردستان زەق و بەرچاون و لەژێر دەواری رەشی رەگەزپەرستیدا، سیاسەتی (تەعریب، تەفریس، تەتریک) لەسەر خاکی کوردستان و بەرامبەر گەلی کورد پراکتیزە دەکەن.
ھێمای ڕوونی ئەم نامەیەی رابەری میللەتی کورد (مستەفا بارزانی) پیشاندەر و بەڵگەی حاشاھەڵنەگرە، کە بارزانیی نەمر خەمخۆر و بەتەنگەوەچووی گەلی خۆی بووە و لەسەر مافە رەواکانی کورد مکوڕ و پێداگر بووە.
چاو لەدوو شوێنەواری ئازارەکانی نەتەوەکەی بووە لەسەر ھەر بستە خاکێکی کوردستانی گەورە و ئەو شوێنانەش، کە کورد تیایاندا ژیاوە، یان لە دەرەوەی سنووری جوگرافیای کوردستان بە زۆرەملێ تیایاندا نیشتەجێ کراوە،”.
لە درێژەی باسەکەیدا پ. د. فوئاد حەمەخورشید، گوتی: “ئەم گرنگیدان و مشوورخۆری و خەمخۆرییەی (مەلا مستەفای بارزانی) لە سەردەمی ئاوارەبوونیشدا لە سۆڤیەتی جاران، لەنێوان ١٩٤٧– ١٩٥٨ لە ھەگبە و کۆڵەپشتیدا بوون و سەرلەوحەی ژیان و کاری لەپێشینەی سیاسیی ئەم رابەرە ماندوونەناسەی کورد بوون.
مەلا مستەفا، ھەموو ساڵانی ژیانی تێکۆشان و بەرخودانی (سیاسی، سەربازی، وتوێژ و پشوودان)ی بۆ تەرخان کردبوو، دڵسۆزانە و لێبوردانە کاری بۆ کردوون و ئامانجی سەرکێشیی بەدەستھێنانی خواست و مافە ڕەواکانی کورد و بزاڤی نەتەوەیی و پاراستنی سنووری جوگرافیای کوردستانی گەورە بووە.
ئەم ئامانجەی ئاوێتەی خۆشەویستیی کوردستان و گەلی کورد کردبوو، وەک پێشەنگێکی بەئەمەک، ئەم ئەرکە پیرۆزەی لەئەستۆ نابوو، لە تەمەنی منداڵییەوە تاوەکوو دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ و بەراتر، سەردەستەی ئەم لەئەستۆگرتنە بوو، بۆ چرکەساتێک ئارامبی نەگرتووە و بەڕاشکاوی و بێ پەروا، سەنگەر و پەنابەرد، ژێر خێوەت و دواتر ئاوارەیی و نیشتەجێکردنی زۆرەملێی ناوشاران و دەرەوەی کوردستان، شوێن و جێگای بوون، دروشمی (کوردستان یان نەمان) لە گەشانەوە و ئاڵای کوردستان لە شەکانەوەدا بوون و رێ رووناککەرەوەی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و ئامانجی پیرۆزی بارزانی و ھەڤاڵ و نەوەکانی بوون، سروودی بەرخودان و ناوسەنگەری پێشمەرگە و حزب و ڕێکخراوەکانی پارتی بوون. ھێماکانیش رووەو داھاتوویەکی پڕشنگدار و پڕ شکۆی بە ئامانج گەیشتنی میللەتی کورد ئاراستە کراون، بۆ گەشەدان بە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بەردەوام”.
ھەروەھا پ. د. ھۆگر مەحموود فەرەج، مامۆستای زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە نامەی بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و وەڵامەکەیان، گوتی: “دەقی ئەو نامەیە و مێژووی ناردنەکەی، دەکرێت لە چەند لایەنێکەوە سەرنجی لێ بدرێت، یەکەم: نامەکە لە ١ی ١٠ی ١٩٦٠دا نێردراوە، واتە ھێشتا زەعیم عەبدولکەریم قاسم بیرکردنەوەی سەبارەت بە کورد، زۆر لەو ساتەوەختە دوور نەکەوتووەتەوە، کە تێیدا لە دەستووری کاتیی عێراقدا، دان بەوەدا نرا، کە کورد و عەرەب لەم وڵاتەدا ھاوبەشن.
دووەم: ئەو گۆڕانکارییەی لە عێراقدا روویدابوو، لە ناوەندە نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانیاندا چاوەڕێی ئەوەی لێ کراوە، کە بیرکردنەوەیەکی نوێ لە عێراقدا ھاتبێتە ئاراوە و ئیدی کورد و مافە نەتەوەییەکانی نادیدە و پێشێل ناکرێن. ئەو بیرکردنەوەیە وایکردووە، کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی دیبلۆماسییانە وەڵام بدەنەوە و تێیدا ئەوە بخوێنرێتەوە، کە وەک پرسێکی رامیاری لە ناڕەزایەتییەکەی بارزانی ناڕوانن، بەڵکوو تەنیا وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ دەیبینن. بەڵگەم بۆ ئەم بۆچوونەم ئەوەیە، کە وەڵامەکە لە فەرمانبەرێکی سەر بە بەشی مافی ئادەمیزادەوەیە، نەک لەو لێژنانەوە، کە چاودێریی ڕەوشە ڕامیارییەکانی وڵاتان و جیھان دەکەن. خاڵێکی زۆر گرنگ، لە وەڵامەکەی (ئاڕ. تی. ھۆنگ)دا، ئەوەیە، کە دەڵێت: (… پێم سپێردرا ئاگادارتان بکەم، کەوا بەپێی بڕیاری ئەنجوونەمەنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژمارە ٧٢٨ ئێف چارەی کرا، ھەروەھا ئەو خاڵانەی، کە پەیوەنییان بە بڕیارەکەوە ھەیە، بۆمان ناردن، بۆ ئاگاداری).
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە بۆچی گۆڤاری (رۆژی نوێ)، لە لاپەڕە (٦١)ی ئەو ژمارەیەیدا، کە وەڵامەکەی بڵاو کردووەتەوە، ئەو خاڵانەی لەگەڵدا بڵاو نەکردووەتەوە؟!، تاوەکوو بمانزانیبا خاڵەکان چی بوون؟
ھاوکات بەھایەکی زۆر گرنگی نامە ناڕەزاییەکەی بارزانی لەوەدایە، کە وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی کورد، ناڕەزایی بەرامبەر رەوشی نالەباری نەتەوەکەی لە دوو پارچەی داگیرکراوی نیشتمانەکەیدا دەربڕیوە، نەک تەنیا وەک سەرۆکی پارتێکی باشوور. ئەوەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە، کە دەوڵەتانی ھەرێمی نەیانتوانیوە ھەژموونیان بەسەر بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی ئەو سەرکردە نەتەوەییەوە ھەبێت”.
دواتریش مامۆستا زاھیر سەوز، نووسەر و رووناکبیر، لەو نامەیە دوا و پێی گوتین: “ئەم نامەیەی بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ھاوکات بوو لەگەڵ داوای وەزیری دەرەوەی وڵاتی مەنگۆلیا، کە داوای لە رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان کردبوو، لە دەورەی (١٨)ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو زوڵم و ستەم و وێرانەخاک و سووتماکەی حکوومەتی عێراق لە خاکی کوردستان و گەلی کوردی دەکات، کە لەبن ھەنگڵی عێراقدایە، باس بکرێت، ئەم داوایەی وڵاتی (مەنگۆلیا) بووە ھۆی پچڕانی پەیوەندیی دبلۆماسیی نێوان عێراق و وڵاتی مەنگۆلیا لە ٣ی٦ی١٩٦٣ و ناچارکردنی مەنگۆلیا بە پەشیمانبوونەوە لە داواکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەم نامەیەی بارزانیی نەمر گرنگیی زۆری ھەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەڵوێستی نیشتمانپەروەریی ئەم سەرکردە کاریزمایە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان، لە ھەر پارچەیەکی دیکەی کوردستانی گەورە.
لە ھەمان کاتدا ئەوە ئەسەلمێنێت، کە ھەوڵی بێ وچانی مستەفا بارزانی، چ بە دانوستان، یان بە چەک و شۆڕشی چەکداری، یان بە ئاگادارکردنی نێوەندی نێودەوڵەتی دەربارەی مەزڵوومیەتی کورد و زوڵمی داگیرکەرانی کوردستانی گەورە، بەڵگەنەوەیستن و دەرخەری دڵسۆزیی بارزانین بۆ مافە ڕەواکانی کورد.
ھەروەھا گرنگیی نامەکە و کاتی ناردنی نامەکە و ئاراستەی نامەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەک کاتدا، دواتر و پێشتریش ئەم سەلیقەیە و پەرۆشییەی بارزانی بەرجەستەیە و لەبەردەستن”.