خەبات: هێمن ئاری:- هونەرمەندی شێوەکار ئازاد مەخموری، ساڵانێکە لەنێو بواری هونەری شێوەکاری و هونەری فۆتۆ کار دەکات، لەم چەند ساڵەی دوایش شێوازی کارە هونەرییەکەی گۆڕیووە بۆ کارێکی دیکەی هونەری ئەویش پێیدەڵێن هونەری ( گراتیک ) وەک خۆی دەڵێت ئەو هونەرە هونەرێکی جیاواز و تایبەتە. لەچاو پێکەوتنێکیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی لەو هونەرە و دەستپێکی نێو چوونە دنیای هونەری خۆیکرد بەشێوەیەکی گشتی.
لەو چاوپێکەوتنەیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی چوونی بۆ نێو دونیای هونەر کرد و گوتی: سەرەتایی چوونە ناو کاری هونەریم دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی( 1983 بۆ 1984) ئەوکات بە هونەری فۆتۆ دەستم پێکرد، چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشم کردۆتەوەو لەکاری هونەری بەردەوام بووم، ئازاد مەخموری لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد لەپاڵ کاری هونەری کاری نووسینیشی لەسەر بواری هونەری هەبووە بۆ ئەوەش گوتی: بۆماوەی ( 30 ) ساڵ کارم کردووە شان بەشانی فۆتۆ کاری رۆژنامە نووسیشم کردووە لەم بوارەش چەندین بابەتم لە گۆڤار و رۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، ئەو بابە تانەی نووسیوومن زیاتر بابەتی هونەری و کۆمەڵایەتی و منداڵان بوو, هەروەها زیاتر لە (1800) بابەتم بڵاوبۆتەوە لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا تا ئێستاش بەردەوام دەنووسم.
گوتیشی: سەبارەت بەهونەری شێوەکاریش دەست پێکی کارەم دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ( 1995 ) کارکردنم لە بواری شێوەکاری رێچکەکی تایبەت بە خۆم هەیە، ئەویش هونەری (گراتیکە) کارکردنی ئەو هونەرە وێنەکێشانە لەسەر پلێت بە کەتەر تایبەت وێنە دەکیشم کارێکی زۆر زەحمەت و گرانە، چونکە لە شوێنێک هەڵەیەک بکەی ناتوانی ڕەشی بکەیتەوە و چاکی بکەیتەوە، دەبێ زۆر بەزانایی و وردی کارەکە بکرێت، دەبێ لەسەرەتا دەست پێ بکەیتەوە، شێوەی ئامادەکردنی تابلۆی گراتیک سەرەتا پلێتەکە بە قیاس دەبڕی لەکێشانی ئەو وێنەیەی مەبەستە، پاشان (سمپارە)ی لێدەدەی تا دڕیێت بۆ ئەوەی بۆ یەکەی بگرێت, لە دوایدا لەقۆناغی داهاتوو بۆیەی دەکەی بە سپرای ڕەش دەتوانی ڕەنگی تر بەکاربهێنی، بەڵام گراتیک ستایلەکەی بەخۆی ڕەش و سپییە، پاشان بەقەلەم هێلکاری بۆ دەکرێت و ئەو سکێچەی لەبەر دەستە.
ئەو کەرەستانەی بەکاریان دەهێنم بریتیە لە (پلێت و سپرای بۆیە قەڵەم رەصاص و سمپارە ) پێویستم بەو کەرەستانەیە تا تابلۆیەک ئامادە دەکەم. هەروەها گوتیشی: لە بواری شێوەکاری دا زیاتر لە ( 20 تا 25 ) پێشانگەی هاوبەشم لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەکار کردۆتەوەو لەگەڵ زۆرێک لە مامۆستایانی بیانیش، بەشداربوومە بەسەرپەرشتی چالاکی قوتابخانەکان . ئێستا بە دەوام کار دەکەم ئەندام کارم لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەشی شێوەکاری.
ئاماژەی بەوەشکرد کۆمەڵێک تابڵۆی هەیە و گوتی: ئێستا زیاتر ( 150 ) تابلۆم هەیە بۆ کردنەوەی پێشانگە، بەهۆی ئەوەی خۆشم مامۆستای هونەرم لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەولیر خزمەت بە هونەری شێوەکاری دەکەم لە ناوەندەکانی خوێندن ئەوە وایکردووە زیاتر رۆژانە کاتم بۆ هونەر تەرخان بکەم و سوودیش بەقوتابیان بگەیەنم و لەو ڕووەوە پەروەردەییەکی هونەری جوانیان فێر بکەم.










