خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەبات ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی هەولێر ڕوونیكردەوە: وەكو سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بە شێوەیەكی بەردەوام كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەگەیەنینە هەموو كوچەو كۆڵان و گەڕەكەكانی شاری هەولێر ئەویش بە پاڵپشتی تەواوی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكەین بە شێوەیەكی ڕاستەخۆ چەندین ڕێگامان هەیە پڕۆژەخزمەتگوزاریەكان جێبەجێبكەین و بەشێكی دیكەی پڕۆژەكان لە سەر داهاتی 15% ی سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێرە و بەشێكی دیكەیشی لە سەر داهاتی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرە.
دەربارەی كار وپڕۆژە خزمەتگوزاریەكان سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەڵێت: ساڵی ڕابردوو توانیمان سەدان كوچەو كۆڵانی ناو گەڕەكەكانی شاری هەولێر قیرتاو بكەین بەبێ‌ جیاوازی و بۆ ئەمساڵیش بە بڕی زیاتر لە 10 ملیار دینار كار و پڕۆژەمان لە جێبەجێكردن و تەندەرینگدایە و بەئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە لە گەڕەكە جیاجیاكانی شاری هەولێر بووژاندنەوەیەكی جۆری بەپایتەختی هەرێمی كوردستانەوە دیار دەبێت، لەو 10 ملیار دینارەی كە تەرخانكرابوو بە نزیكەی 6 ملیار دینار كار و پڕۆژە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەشێكیشیان لە كاری تەندەرینگدایە.
لە 60% ئەو پڕۆژانەی كە كاریان لە سەر دەكەین گەڕەكەكانی باشووری هەولێر لەبەر لەبەرچاو دەگرین ئەوەی كەموكوڕی و كاری زیاتر بۆ باشووری شاری هەولێرە بۆیە هەوڵمانداوە تا زۆرترین كار و پڕۆژە بۆ باشووری هەولێر بەئەنجامبگەیەنین وەك گەڕەكەكانی نازماوە و ڕۆشنبیری و قەتەوی و میرزا ئەحمەد و چەندین گەڕەك لەو شوێنە ئەنجامدەدەین، كارێكی دیكەی گرنگ لە سەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرەبووی گوندی كۆری بابەتێكی زۆر گرنگ بوو تا بتوانین زەویەكانیان بۆ ئامادە بكەینەوە ئەگەرچی پێشتریش بەڵێنمان دابوو بە خاوەنی گوندی كۆری كەلەگەڵ وەرگرتنی یەكەم وێنەی تۆمار بەڵێنی خۆمان بەجێدەگەیەنین بۆ ئەوەی ڕێپێدانی خانووشیان پێبدەین و لە ئایندەشدا ئێمە لە شارەوانی هەولێر خزمەتگوزاری سەرەكییان بۆ ئامادە دەكەین و پێشكەشیان دەكەین جگە لەوەش ئێمە هەموو كاتێك لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ هەر شەش شارەوانی ناو گەڕەكەكانی شاری هەولێر جەختمان لەوە كردۆتەوە كە هەر كەسێك لە هەر شوێنێكی شاری هەولێر پێویستی بە ڕێپێدانی خانوو هەبێت پێویستە ئاسانكاریان بۆ بكەن.
دواتر سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەربارەی كەرتی هەشتی حەسارۆك ڕوونیكردەوە: پێشتر چەندین خزمەتگوزاریمان پێشكەشكرد لە سەر ئەو زەویانەی كە دەفرۆشران لە كەرتی هەشتی حەسارۆك بۆ ئەوی بتوانین خزمەتگوزاریەكانی دیكەش لە ئایندەدا پێكەش بە هەشتی حەسارۆك بكرێت لەو خزمەتگوزاریانەش شەقامێكی 60 مەتری بە تەواوی چینەكانی ئەنجامدرا لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆی سندوقی و ئاوەڕۆی لوولەیی و لێدانی چوار بیری ئاو بەڕاستی كەڵەكە بوونی گرفتەكانی هەشتی حەسارۆك زۆرن و بە هاوكاری خودی پارێزگاری هەولێر لە سەر هێڵین و پارێزگاری هەولێر سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاگادار دەكاتەوە تا هەر ڕێكارێكی پێویست هەبێت كاری بۆ بكرێت لە ئایندەیەكی نزیكیشدا دەست بە كردنەوەی شەقامەكانی هەشتی حەسارۆك دەكەین كە لە سەر ڕاسپاردەی خۆیان بووە و داوای كردنەوەی شەقامەكانیان كردبوو بۆ ئەو مەبەستە گرێبەستێكمان لەگەڵ ئاوەدانكردنەوە ئەنجامداوە هاوكات لەگەڵ گوژمەی پارەكەی ئێمە ئامادەمان كردووە كە یەكەم سولفەیان پێدەدەین لەو ڕۆژانەی دواییدا دەست بە كردنەوەی شەقامەكانی هەشتی حەسارۆك دەكەن و داوای لێبوردن لە دانیشتووانی هەشتی حەسارۆك دەكەین بۆ دواكەوتنی كارەكانی ئەو شوێنە و ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە خزمەتگوزاریەكان بۆ هەموو گەڕەكەكان ئەنجامبدەین و لەخزمەتی ئەوانداینەو هەوڵی بێ‌ وچان دەدەین كە كار و پڕۆژەكان قۆناغ بە قۆناغ بۆ هەشتی حەسارۆك ئەنجامبدەین.
لە كۆتاییدا سەرۆكی شارەوانی هەولێر دەربارەی زەویە كارتەكان بەخەباتی ڕاگەیاند: ماوەیەكی زۆرە كارمان لە سەر تاپۆكردنی زەویە كارتەكان كردووە و پێشتر نزیكەی 148هەزار كارتی زەوی هەبوو تائێستا لەو ژمارەیە 138 هەزار كارت بۆتە سەنەد و خاوەنەكانیان بوونەتە خاوەنی سەنەدی خۆیان و تەنها نزیكەی پێنج هەزار تا 10 هەزار كارت ماوە بكرێتە سەنەد و ئەویش گرفتی جووتیارانی لە سەر هەیە و كاركردن لە سەر ئەو ژمارە كارتەی كە ماوە بەردەوامە و هەموو هەوڵێك دەدەین تا ئەو كارتانەیش تەواو بكەین.