سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس رایگەیاند، “کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن هەبوو.” گوتیشی، سەرۆکی فەرەنسا پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیماونێل ماکرۆن لە کۆشکی ئێلیزێ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەیش بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، “سەرۆک ماکرۆن پابەندە بەوەی سەردانی عێراق بکات، بانگهێشتم کردووە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بە خۆشحاڵییەوە بانگێشتەکەی قبووڵ کرد.”
لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی، “پابەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا و لەگەڵ یەکێتی هیچ رێککەوتنێک بۆ دواخستنی نەکراوە. دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندبن بەوەی لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.” گوتیشی، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە و کێشەکە لای بەغدایە، پێویستی بە هەندێک رێکار هەیە و پێویستە رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. دەشڵێت، کێشەکە لای فەرەنسا نییە و سەرۆکی ئەو وڵاتە دەتوانێت هاوکار بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و پێویستە بەغداش مووچە لەکاتی خۆی بنێرێت و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ دواخستنی.