گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، ئەو کارمەندەی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش کە ڕۆژی شەممە 28/10/2023 کوژرا، لەلایەن هاوژین و برایەکییەوە کوژراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30/10/2023، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی کوژرانی کارمەندێکی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لە ڕۆژی شەممە 28/10/2023ی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایشی گشتیی بەردەڕەش دەر کەوتووە، کارمەندەکەی ئاسایشی بەردەڕەش بە “چەقۆ” لەلایەن برایەکییەوە کوژراوە و هاوژینەکەیشی هاوکار بووە لەو “تاوانە”دا.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتیشی: “هاوژینی کارمەندەکەی ئاسایش کابانی ماڵ و دایکی سێ منداڵە، براکەیشی قوتابیی زانکۆیە.”
ڕوونیشی کردەوە کە ڕووداوەکە کاتژمێر 02:00ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە گەڕەکی مەعروفی قەزای بەردەڕەش ڕووی داوە و کوژراوەکە ناوی ”ئەرکان خەیرەدەین”ـە و تەمەنی 35 ساڵە، کە هاوژینەکەی و برایەکی پێشتر پلانی کوشتنیان داڕشتووە و دوای ئەوەی ژنەکە بە شەو لە ماڵ چووەتە دەرەوە، براکەی هاتووە بە چەقۆ کوشتوویەتی”.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، “هەردوو تۆمەتبارەکە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەکانی بەردەڕەش بــە هاوکاری لەگەڵ ئاسایشی گشتیی قەزاکە دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە”.
دەربارەی هــۆکــاری ڕووداوەکــەش گــوتــی: “لێکۆڵینەوەکــان بــۆ زانینی ڕاستیی هۆکاری ڕووداوەکە بەردەوامن”.