سهرهتا وتار لەپێناو مرۆڤایەتیدا با ئایین وەکو خۆی پێناسە بکەین
سیامند سێلکی
خودانی بارزان (شێخ ئەحمەد) بەم شێوەیە پێناسەی دینی ئیسلامی دەکرد و دەی فەرموو: «دینی ئیسلام واتە ئەخلاق، مرۆڤدوستی، یەکسان و دادپەروەری، دین واتە لێبوردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ڕەنگە جیاوازەکان، دین واتە نزیک بوونەوە لەچاکە و دوورکەوتنەوە لەخراپە، دین واتە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرداری و وەستانەوە لەگەڵ زوڵم لێکراو، دین واتە ئەوەی بۆ کوڕی خۆت پێت باشە بۆ کوڕی خەڵکیش پێت باش بێ. بەپێچەوانەشەوە ئەوەی بۆ کوڕی خۆت پێت خراپە بۆ کوڕی خەڵکیش پێت خراپ بێت و…هتد». خودانی بارزان بەم دونیابینی و تێگەیشتنە فەلسەفییەوە خەڵکی ناوچەی «بارزان»ی ئاشنای جەوهەری دین و حەقانییەتی پەیامی خودای مەزن کرد و، لەو ڕێگایەشەوە جڤاکێکی تەندروست و سەردەمییانەی بۆ بارزانییەکان ئاڤاکرد و…هتد.
بێگومان ئەگەر لەسەر ئاستی دونیادا بەم دنیابینی و تێگەیشتنە واقعییەوە سەرەدەری و مامەڵە لەگەڵ دین و دینداری کرابا و، لەڕووی فکری و عەقائیدیشەوە تاک و کۆمەڵگای ئیسلامی پێی پەروەردە کرابا. ئێستا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی و کۆمەڵگای ئیسلامی بەتایبەتی لەوپەڕی ئارامی و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا دەژیان و، ئیسلامیش وەکو پەیامی خودای مەزن دەبووە نموونەیەکی بەرز بۆ بەڕێوەبردن و بنیاتنانی ژیان لەهەموو ڕوویەکەوە، لێ مخابن هەر لەسەردەمی هەردوو ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانییەوە لادانێکی تەواو لەپەیامی دینی ئیسلامدا دروست بوو. عوسمانییەکان دینیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکار هێنا. هەر کاتێک پێویست بوایە سوڵتانەکانی عوسمانی مەلا و زانایانی ئیسلامیان کۆ دەکردەوە و فتوایەکیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان پێ دەدا، لەسەر داوای سوڵتان زۆر جار فتوا بۆ قەتڵوعامکردنی خودی موسڵمانان دراوە.
بەهەمان شێوە پاشاکانی ئیمپراتۆرییەتی سەفەویش مامەڵە و سەرەدەریان لەگەڵ دیندا دەکرد، سەفەوییەکان بە فتوای مەلای شیعە سەروماڵی موسڵمانانی سوننەیان حەڵاڵ دەکرد و، بەپێچەوانەشەوە عوسمانییەکان لەڕێگای فتوای مەلاکانی سوننەوە سەروماڵی موسڵمانانی شیعەیان حەڵاڵ دەکرد. دوای نەمانی دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی، ئەم سەرەدەری و مامەڵە نادروست و ناواقعییە کە تەواو پێچەوانە و ناکۆکە لەگەڵ جەوهەری دینی ئیسلام بووە بەشێک لەفەرهەنگ و کولتووری کۆمەڵگای ئیسلامی، سەرکردە و ڕابەرە ئیسلامییەکان لەهەموو وڵاتانی ئیسلامیدا بەهەمان ئەقڵییەت و بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی سەفەوی و عوسمانی پێناسەیان بۆ دین دەکرد و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنا. لەتورکیای میراتگری عوسمانییەکان دین خرایە خزمەت بەهێز کردن و پەرەپێدانی ئۆمەت و دەوڵەتی تورکیا، لەئێرانی سەفەوییەکانیش دین خرایە خزمەت بەهێزکردنی دەوڵەتی ئێران و پەرەپێدانی مەزهەبی شیعە، لە وڵاتانی عەرەبییش دین وەکو وەسیلەیەک خرایە خزمەت هزری شۆڤێنییەتی عەرەبی و بەهێزکردن و پاراستنی دەسەڵاتی سەرکردە عەرەبەکان.
بەم ئەقڵییەت و بیرکردنەوەیە سەد ساڵە تورک و عەرەب و فارس لەڕێگای مەلاکانیانەوە سەر و ماڵ و ناموسی کورد بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکەن! سەد ساڵە تورک و عەرەب و فارس لەپێناو فراوانخوازیی دەسەڵاتیان پێچەوانەی پەیامی خودای مەزن لێکدانەوە و تەفسیر بۆ ئایەتە پیرۆزەکانی قورئان دەکەن و سەر و ماڵی کوردی موسڵمان پێی حەڵاڵ دەکەن! بێ گومان بەهەموو پێوەرێک ئەمە هەڵگەڕانەوە بوو لە دین وەکو پەیامی خودای مەزن. لەژێر کاریگەرییەکانی ئەم هەڵگەڕانەوەیەدا کۆمەڵێک هێز و ڕەوتی توندڕەوی ئیسلامی وەکو قائیدە و داعش و لق و پۆپەکانیان لەجیهانی ئیسلامیدا سەریان هەڵدا. بەناوی ئیسلام و بەرگریکردن لەئیسلام وەکو بوونەوەرێکی هار و دڕندە ڕووبەرووی مرۆڤایەتی بوونەوە و دەستیان لەهیچ نەپاراست، لەهەر کوێیەک بۆیان کرابێت هەموو بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتییان خستە ژێر پێ و گەورەترین و قیزەوەنترین تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدا و…هتد.
بەم شێوەیە ڕووی راستەقینەی ئیسلامیان شێواند و، وەکو دینێکی نامۆ دژ بەمرۆڤایەتییان لای دونیای دەرەوە وێنا کرد! بێ گومان کاتێک ئەم هەموو تاوانکارییە لەبەرگی دیندا و بەناوی دین دەکرێت چاوەروانکراوە لێرە و لەوێ کاردانەوە دروست بێت و خەڵکێک پەلاماری دین و موقەدەساتی دینی بدات، هەڵبەت تاوانی ئەم پەلاماردانەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هێز و گروپانەی کە بەناوی دینەوە دەست بۆ هەموو تاوانێکی مەزن دەبەن، ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە ئێمەی کورد هێشتا لەوپەڕی نەفامی و نەزانینەوە لەم پرسە دەڕوانین، هێشتا بەچاوی عەرەب و تورک و فارسەوە لەدین دەڕوانین و هەر بەتێگەیشتنی ناڕاستی ئەوان مامەڵە و سەرەدەری لەگەڵ دین و دینداری دەکەین و پێمان وایە ئەوەی ئەوان حەرامیان کرد دەبێ ئێمەش وەکو حەرام لێی بڕوانین و بەپێچەوانەشەوە ئەوەی ئەوان بەحەڵاڵیان زانی ئێمەش بەحەڵاڵ لێی بڕوانین!