خەبات: عەلی بانیشاری:- 2 تاوەكو 4ی تشرینی دووەمی 2023، لە پارێزگای هەڵەبجە نۆیەمین فیستیڤاڵی هەنار و پایزی شارەكە بەڕێوەدەچێت و 500 جووتیار و ئافرەتی دەستڕەنگین بەرهەمەكانی خۆیان نمایش دەكەن. بەڕێوەبەری بەشی باخداریی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە دەڵێت: پێویستمان بە نزیكەی 800 كەپرە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو كەسانەی داوایانكردووە بەرهەمەكانیان لە فیستیڤاڵەكە نمایش بكەن، بتوانن بەشداربن، بەڵام تەنیا 500 كەپر ئامادەكراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە لە فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، جگە لە نمایشكردنی هەناری پارێزگاكە، چەندین بەرهەمی ناوخۆی و كاری دەستی ئافرەتانی هەڵەبجە دەخرێتەڕوو. فیستیڤاڵەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە و تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە پارك و شاری یاری هەڵەبجە ئەنجامدەدرێت.

لەوبارەیەوە نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداریی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە (خەبات)ـی گوت: ئەمساڵ كەپرەكانی فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجەمان دابەشكردووە بۆ سێ بەش، بەشێكیان تایبەتن بە هەنار كە 200 كەپرن، بەشی دووەم كە 100 كەپر لەخۆدەگرێت بۆ هەنگوین و بابەتی وشكە دانراوە، بەشی سێهەمیش لە 200 پێكدێت و تایبەتە بە خواردن و كاری دەستی ئافرەتان.

بەڕێوەبەری بەشی باخداریی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە گوتیشی: بۆ فیستیڤاڵی ئەمساڵ نزیكەی 800 كەس داوای شوێنیان كردووە و یەكەمجارە ئەو ژمارە زۆرە لە جووتیار و كەسانی دەستڕەنگین داوای كەپر بكەن، بەڵام نەتوانرا ژمارەی كەپرەكان لە 500 كەپرەوە زیاد بكرێن بۆ 800 كەپر، تاوەكو هەموو ئەوانەی داواكارییان پێشكەشكردووە بەشداری لە فیستیڤاڵ بكەن و بەرهەمەكانی خۆیان نمایش بكەن.

ڕاشیگەیاند: ماوەی دوو ڕۆژ بانگەوازیان بۆ بەشداری لە فیستیڤاڵەكە كردووە و هەر كەسێك سەردانی كردبن، ناویان تۆماركردووە، بەڵام هیچ كەسێكیان بە فەرمی بانگهێشتی فیستیڤاڵ نەكردووە. سەبارەت بە سوودەكانی فیستیڤاڵەكە، ئەندازیار نەجمەدین عومەر گوتی: فیستیڤاڵی هەنار و بەرهەمە خۆماڵییەكان، دەبێتە هۆی ڕاكێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ هەڵەبجە و ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، جگە لەوانەش، كڕیار ڕاستەوخۆ بەرووبووم لە جووتیار دەكڕێت نەك دەستی دوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، قسەیان لەگەڵ بەشداربووانی فیستیڤاڵ كردووە بۆ ئەوەی نرخی بەرهەمە خۆراكی و كارە دەستییەكان بەراورد نرخی بازاڕ هەرزانتر بن، بۆ ئەوەی زۆرترین بەرهەمی جۆراو جۆر لە سێ ڕۆژی فیستیڤاڵ بفرۆشرێت. نەجمەدین عومەر هەروەها باسیلەوەشكرد، ئەوانەی بەشداری لە فیستیڤاڵەكە دەكەن تەنیا دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە نین، بەڵكوو چەندین كەس لە سلێمانی و پێنجوێن و گەرمیان و شارەزوورەوە ناوی خۆیان تۆماركردووە و و بەرهەمەكانیان لە فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ساغ دەكەنەوە.

بەڕێوەبەری بەشی باخداریی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە پێیوایە، بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی كەمتر لە خەڵكی بەشداری لە فیستیڤاڵی هەنار دەكەن. ساڵی ڕابردوو دەستی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: زیاتر لە 200 هەزار كەس بەشداریان لە فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە كردووە.