پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە هەولێر بە گوژمەى زیاتر لە نۆ ملیار دینار دەست دەکرێت بە دروستکردنى نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی سووتان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29/10/2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: پارێزگای هەولێر جگە لە بەردەوامیدان بە گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەکان لە سەرجەم گوند و ناحیە و قەزاکانى بەبێ جیاوازى و بە شێوەیەکى یەکسان، بەتایبەتى بۆ گەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان، لە چوارچێوەى پەرەپێدان و خزمەتکردنى زیاترى کەرتى تەندروستیی گشتی و لەپێناو سەلامەتى و پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، لە ماوەی ساڵى ڕابردوودا بۆ نۆژەنکردنەوە و دابینکردنى پێداویستی و ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانى سنوورى پارێزگاکەى زیاتر لە دوو ملیار دینارى لە کەرتی تەندروستی خەرج کردووە.”

پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ”لەم نزیکانەش لە ڕێگای پارێزگای هەولێرەوە دەست دەکرێت بە دروستکردنى گەورەترین نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی سووتان لە سەر ڕووبەری (89,000م2)، بۆ ئەم پرۆژەیەش گوژمەی نۆ ملیار و 200 ملیۆن دینار تەرخان کراوە و ئێستاش هەموو ئامادەکارییەکان بەکۆتا هاتوون بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکە و بەم نزیکانە دەخرێتە تەندەر و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”