خەبات: سۆلین سلێمان:- ئاوازدانەر و ژەنیاری پیانۆ یوسف نامیق لەدیمانەیەکی خەبات باس لەژیانی هونەری خۆی دەکات وەک خۆی دەڵێت: خەڵکی شاری هەولێرە و ژەنیاری ئامێری پیانۆیە، ئاوازدانەری میوزیکیشە و زیاتر لە ٧ ساڵە دەستی بە ژەنینی پیانۆ کردووە.

*چۆنییەتی فێربوونی تۆ بۆ ئەم ئامێرە چۆن و بۆ کەی دەگەرێتەوە؟
خولیایەکی زۆرم بۆ فێربوونی ئامێری پیانۆ هەبوو و سەرەتای فێربوونم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر بوو ، هۆکاری هەڵبژاردنی ئامێری پیانۆش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ هەستی من دەگونجێت و دەتوانم ئەو میوزیکانەی پێ بژەنم کە حەزم لێیەتی, هەروەها ئامێری پیانۆ یارمەتیدەرە بۆ ئەو کەسانەی کە وەک من میوزیک دەنووسن.

*چالاکی بەژداریکردنت لە کۆنسێرت هەبووە؟
چالاکی زۆرم ئەنجامداوە بە ژەنینی ئامێری پیانۆ وەک سۆڵۆ و وەک باگراوند ، هەروەها چەندین کۆنسێرتی تایبەت بەخۆم هەبووە بۆ داندراوە میوزیکیەکانم ، لە ئێستادا بەشێک لە چالاکیەکانی ژەنینی پیانۆم لەگەڵ ژەنیارانی بیانین لەگەڵ ئەوان هەم میوزیکی کوردی هەم میوزیکی بیانی و ستاییلە جیاوازەکان دەژەنین ، تێکەڵبوونی رەنگەکان و هارمۆنی و کلتوور هەمووکات کارەکان دەوڵەمەند و جوانتر دەکات لە کۆنسێرتەکانماندا، لە ئێستادا من خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلیژی هونەرەجوانەکانم هەروەها مامۆستای ئامێری پیانۆم لە یەکێک لە کۆلێژە ناحکوومییەکانی شاری هەولێر . لەزۆر کۆنسێرت بەشداریم کردووە بە ژەنینی ئامێری پیانۆ و زۆرجار وەک ئاوازدانەری میوزیک بەتایبەت لەگەڵ رێکخراوی دەنگی ئەمەریکا (یەس ئاکادیمی) هەروەها کۆمەڵێک کۆنسێرت لەگەڵ ( پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی ) هەروەها کۆنسێرتی زۆری پەیمانگەی هونەرەجوانەکان و کۆليژی هونەرەجوانەکان بەشداربوومە.

* دواین پڕۆژەو کاروچالاکیت چین؟
لە ئێستادا خۆم ئامادە دەکەم بۆ کۆنسێرتێکی گەورە تایبەت بە داندراوە میوزیکیەکانم، هەروەها چەند کۆنسێرتێکی گەورە کە وەک ژەنیاری ئامێری پیانۆ بەشدارم کە لە ئایندەیەکی نزیک لە هەولێر و بەغداد ئەنجام دەدرێت لە بەرواری ٩/١١/٢٠٢٣ لە شاری هەولێر هەروەها ١١/١١/٢٠٢٣ لە بەغداد ، هەروەها لە ئێستادا سەرقاڵم بە دروست کردنی میوزیک بۆ فیلمێکی سینەمایی، هیوادارم گەنجەکانمان هەرگیز ڕانەوەستن لە بەدیهێنانی خەونەکانیان تا پێی دەگەن و دەتوانن تامی سەرکەوتنیان بکەن لە هەر بوارێک بێت.