گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: “ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین.”

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە: “بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت.”

‎دەشڵێت: “ئەم هەفتەیە شاندی هەرێمی کوردستان دەچنەوە بەغدا و ڕۆژی سێشەممە حکوومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەمبارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی.”

‎ئاماژەشی بەوە داوە: “لە ماوەی ڕابردوو نیەتی ڕوونی حکوومەتی هەرێمی کورستان نیشاندرا بۆ ڕێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین.”