هونەرمەند تاهیر تۆفیق
خەبات: هێمن ئاری:- هونەرمەندی خوالێخۆشبوو تاهیر تۆفیق ئاوڕەحمان حەمەد شێخانی، (شێخانی) نازناوی بنەماڵەکەیەتی، هونەرمەند تاهیر تۆفیق، خاوەن دەنگ و توانایەکی باشی لەگۆرانی گوتن هەبووە، خاوەن چەندین بەرهەمی ناوازەی وەک شیرین بەهارە، گوڵی سەربەستی، کراس زەردێ،و …. چەندین بەرهەمی دیکەیە، هەر ئەو بەرهەمانەی وایانکردووە بە هونەرمەندی گەل بناسرێت. تاهیر تۆفیق ساڵی 1922دا لە گەڕەکی (بەفری قەندی) شاری کۆیە لەدایکبووه، لەخێزانێکی هەژار هاتۆتە دونیاوە، تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە، لەناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوو کە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بەهرەی دەنگخۆشی لێ بەدەرکەوتووەو لەلایەن مامۆستاکانییەوە لەقوتابخانە پشتگیری کراوەو سروودیان پێگوتووە، ئەوە وایکردووە زیاتر حەز و خولیای گۆرانی گوتنی هەبێت.
تاهیر تۆفیق، لەدەستپێکی کاری هونەریدا کاریگەری گۆرانیبێژەکانی ئەوکاتی شاری کۆیەی لەسەر هەبووە، وەک مامە سێوە و مەلا ئەسعەد ، ئەوانە خاوەن دەنگ و توانایەکی هونەری باشبوون، هەروەها سوودیشی لەهونەرمەند ئەحمەدی حەمەمەلا وەرگرتووه، دوای ئەوە خۆی هەوڵیداوە لەهونەری گۆرانی گوتن دەنگ و ڕێچکەیەکی تایبەت بەخۆی دیار بکات، هەر ئەو ڕێچکە هونەرییەی ئەو بۆ نەوەکانی دوای خۆی بوو بەقوتابخانەیەکی گەورەی هونەری و لەدوای خۆی چەندین هونەرمەند سوودیان لێوەرگرتووە.
لەناوەڕاستی چلەکانی سەددەی ڕابردوو ئەو هونەرمەندە بوو بەناوێکی درەوشاوە لە گۆڕەپانی هونەری کوردی، تاهیر تۆفیق لە ساڵی 1945ەوە بووەتە سەر دەستەی مەقابێژانی سەر شانۆ و لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و زۆرێک لەبۆنە نەتەوایی و نیشتمانییەکان گۆرانی گوتووە و خەڵک بە دەنگە خۆشەکەی سەرسام بوون، تاهیر تۆفیق لەساڵی 1945 دەچێتە ئێزگەی بەغداو هەفتانە لەبەرنامەیەکدا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر گۆرانی دەڵێت. یەکەمجاریش گۆرانی ( ئەی لەگورێ لەسورە گورێ ) دەڵێت.
هەروەها لەساڵی 1956 لەهەولێر لەناحیەی سیدەکان دەبێت بەفەرمانبەر ، دواتر لەساڵی 1957 دەچێتەوە بەغدا، لەدوای شۆڕشی 14 تەموزی ساڵی 1958 دەگەڕێتەوە شاری کۆیە. لەساڵی 1975 ژیانی هاوسەری لەگەڵ ( حەوا ) خان پێک دەهێنێت خاوەنی پێنج کوڕە بەناوەکانی( سامان، سروود، سەنگەر، ماردین، ڕابەر ) ئەو هونەرمەندە دەنگ زوڵاڵە لەپاڵ دەنگخۆشییەکەی هەوڵیداوە باشترین تێکست و شیعری کەلە شاعیرە مەزنەکانی کورد وەک حاجی قادری کۆیی، وەفایی، سافی هیرانی، عوسمان عەونی، بەختیار زێوەر، ئیبراهیم ئەحمەد، مامۆستا هێمن، گۆران ، دڵدار ، دڵزار، مەدهۆش و …. چەندین شاعیری دیکە هەڵبژێرێت و ئاوازیان بۆ دابنێت و بۆ هەمیشە بەڕەسەنی بمێننەوە.
تاهیر تۆفیق، خاوەن هەڵوێستکی نەتەوەیی بووەو بەهۆی گیانی نیشتمان پەروەرییەکەی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا گۆرانی بۆ کار بەدەستانی میری نەگوتووە، شەش نامیلەکە و پەرتووکی بەو دەقە هۆنراوەیانەی بەگۆرانی گوتوونی بەچاپ گەیاندووە و لە هەموویان باشترین پەرتووکەکەی گوڵی سەربەستییە کە بە پێشەکی کەریم شارەزا لە ساڵی 1983 بەچاپی گەیاندووه، لە ساڵی 20-10-1987 تایەر تۆفیق هونەرمەندی گەورەی کورد لە تەمەنی 65 ساڵیدا ماڵئاوایی لە هونەردۆستانی کرد و ئێستا گۆڕەکەی لەشاری کۆیە و شوێنی لەدایکبوونی بەخاک سپێردراوە.
هونەرمەندان (تاهیر تۆفیق، ناسر رەزازی، مشكۆ)
هەریەك لە هونەرمەندان (مشكۆ، تاهیر تۆفیق، رەسوڵ گەردی)