خەبات:سولین سلێمان:- شێوەکار زانا عەبدوڵا شێوەکارێکی دانیشتووی شێلادزێیە، ئەو جیاواز لەهونەرمەندانی دیکە لەسەر گەڵای درەختەکان وێنەی کەسایەتییەکان دەکێشێت. لە دیمانەیەکیدا بۆ (خەبات) باس لەو کارە هونەرییانە دەکات کە ئەنجامی دەدات.

حەز و خولیا
زانا عەبدوڵڵا دەڵێت: ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزو خولیای هونەری وێنەکێشانم ھەبووە، لە قوتابخانە بەشداری پێشانگە و چالاکییەکانم کردووە، دواتر لە ساڵی 2016 چووم بۆ زانکۆ لەوێ بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستم بە خوێندنی شێوەکاری کرد تا ساڵی 2020 کۆتاییم بە کۆلێژی هونەر بەشی شێوەکاری ھێناو ھەتا ئێستاش بەردەوامم لەسەر ئەو بوارەی من کاری لەسەر دەکەم.

هونەرێکی جیاواز
شێوەکار زانا عەبدوڵڵا باس بەشێوازی ئەو هونەرە دەکات کە خۆی کاری لەسەر دەکات و دەڵێت: ئەو کارەی ئێستا من کاری تێدا دەکەم لەسەر گەڵای سروشتی درەختە، وێنەکان بە شێوەیەکی گرافیکی لەسەری دروست دەکەم و تا ئێستا لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی وەک من بەو شێوە فراوانە کاری لەسەر نەکراوە و لە بەرنامەم دایە ئەو کارەم زیاتر بەرەو پێش ببەم زیاتر لە دوو گەڵا لە تابلۆکانم بەکاربھێنم.

داهات و بژێوی ژیان
لەبارەی ئەوەی تا ئێستا توانیوتی لەڕێی هونەرەکەیەوە داھاتێک بۆخۆت بەدەست بخات؟ بۆ ئەوە دەڵێت: نەخێر تا ئێستا لە ئاست پێویست نەمتوانیووە داھاتێک بەو کارەم پەیدا بکەم و ئەوەش بۆ رۆشنبیری کۆمەڵگە دەگەرێتەوە ، ھەروەھا لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵگە بەرەپێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینیووە ، بەڵام لە ئێستادا خەڵک بەشداری پێشەنگەی شێوەکاری دەکەن و تا ئێستا بەشداریم لە چوار پێشەنگەی ھاوبەشدا کردووە، بەڵام ھێشتا پێشەنگەی تایبەت بە خۆمم نەبووە، بەڵام لە پرۆژەمدایە پێشەنگەیەکی تایبەت بە وێنە لەسەر گەڵای سروشتی بکەمەوە.

هونەر و پەیام
لە کۆتایشدا سەبارەت بەو پەیامەی لەو هونەرە هەیەتی زانا عەبدوڵڵای شێوەکار دەڵێت: پەیامی من لەو کارەدا ئەوەیە کە بیروباوەری ھەڵە بگۆردرێت کە ھونەر تەنھا پێنوس و کاغەز نییە، فڵچەو رەنگیش نییە، ھونەر زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە ھەر کارێکی ھونەری لە ناخی مرۆڤەوە دەردەکەوێت بەشێوەیەکی جوان و پەیامێکی جوانی لە پشت بێت ھونەرە.