خەبات: پەریهان عومەر:- هێژوان زەندی نووسەر و دەرهێنەری فیلمی( ١٩٨٨) دەرچووی بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانییە، ئەم فلیمە باس لە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدەکات، لەدیمانەیەکیدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بەرهەمهێنانی ئەم فلیمە داینەوە.
*بیرۆکەی ئەم فلیمەت چۆن لادروستبوو، کێ سپۆنسەری کردی؟
سیناریۆی فیلمەکە لەدوای چەند مانگێک گەڕان و ڕیسێرچ کردنی بەردەوام لە شاری هەڵەبجە نوسراوەتەوە، رووداوەکانی ساڵی ١٩٨٨ ی ئەو شارە و بەتایبەت ڕۆژی کیمیابارانەکە بە وردی گەڕانی بۆ کراوە بە پرسیارکردن لەو کەسانەی لەو رۆژەدا ئاگاداری رووداوەکان بوون لە نزیکەوە و قوربانیان داوە، پاشان تێکەڵکراوەتەوە بە هێڵێکی چیرۆکی خەیاڵی و نووسراوەتەوە.
*لەم فلیمە تاچەند گرتەی راستەقینەی ساتەوەختی کیمیا بارانی هەڵەبجەت بەکارهێناوە؟
فیلمەکە بە تەواوی دروستکراوە، واتە هیچ بەشێکی دۆکۆمێنتەری و بەڵگەیی تێدا نییە، بەڵام هەندێک لە رووداوە ڕاستیەکانمان دروست کردۆتەوە بە نواندن و وێنەگرتن و دیکۆر و دیزاینی شایستە.
*دەتەوێ لەڕێی ئەو فلیمە چ پەیامێک بگەیەنی؟
فیلمی ١٩٨٨ بیرخستنەوەیەکی بەهێزی تاوانی کیمیابرانکردنی هەڵەبجە و جینۆسایدی کورد بە وردەکاریەکانی ڕۆژی ١٦ ی ٣ی ئەو ساڵە لەخۆ دەگرێت، فیلم پڕ بینەرترین فۆرمی هونەرە و دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە زۆر لە ڕاستیە پەراوێز خراوەکان بوترێت.
*لەچ شوێن نمایش دەکرێت؟
فیلمەکە سەرەتا لە هەموو سینەماکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نمایش دەکرێت، پاشان لە فیستیڤاڵە جیهانییەکان و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیش نمایش دەکرێت.
*کارەکتەرەکانی نێو ئەم فلیمە هەموو کوردن؟
بەڵێ تەواوی ئەکتەرەکانی فیلمەکە کوردن، لە هەموو جێگە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە.