خەبات: هێمن ئاری:- هاوڕێ عومەر مەولود لەدایكبووی ساڵی 1963 ی گوندی عاڵڵایە,هەر لەمناڵییەوە بەهۆی ئەوەی لەخێزانێكی جووتیار لەدایكبووە و باوكی كاری بازرگانی و كڕین و فرۆشتنی گەنم و جۆی كردووە و (عەلاف)بووە, بەوهۆیەوە هەر لەتەمەنی مناڵییەوە حەز و خولیای بۆ كۆكردنەوەی كەل و پەلی كۆن و ئەرشیف كردنی ئەو کەل و پەلانە هەبووە لەگوندەکان خەڵک لەژیانی رۆژانەیاندا بەکاریان هێناوەو لەئێستادا بۆ ئەو بوون بە مۆزەخانەیەکی گەورە. هاوڕێ عومەر مەولود لەئێستادا یەكێكە لەپارێزەر و بازرگانە دیارەكانی شاری هەولێر,لەپاڵ پیشەكەی خۆی حەز و خولیایەكی لەڕادەبەدەری بۆ كۆكردنەوەو بە ئەرشیف كردنی كەل و پەلەكۆنەكان هەیە، ئەو هەم لەماڵەكەی خۆیدا ,هەم لەنووسینگەكەیدا ,كاتێك سەردانی دەكەیت وا دەزانیت سەردانی ئەنتیك خانە, یان سەردانی مۆزەخانەیەكت كردووە تایبەت بە كەل و پەلی كولتوری، کەل و پەلەکان جیا لەپێداویستییە کۆنەکانی ژیانی رۆژانەی کوردەواری بەشێکی زۆریشی لە وڵاتانی جیهانی لەخۆگرتووە و كۆمەڵێك كەل و پەل و شتی نایاب و دەگمەنی لەتەواوی شوێنەكان داناوە.

هاوڕێ عومەر خاوەنی ئەرشیف كردنی كەل و پەلە كۆنەكان

کۆکردنەوە و حەز و خولیای
هاوڕێ عومەر مەولود,لەدیمانەیەكی بۆ رۆژنامەی خەباتدا سەبارەت بەحەز و خولیا و كۆكردنەوەی ئەم كەل و پەلە كولتووری و دەگەمەنانە گوتی: حەز و خولیای من بۆ ئەم كەل و پەلانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی لەقۆناغەكانی سەرەتایی بووم,بەهۆی ئەوەی باوكم كاری (عەلاف)ی و كڕین و فرۆشتنی گەنم و جۆی دەكرد, پەروەردەبوونم لەخێزانێكی جووتیار و ساددەیی ژیانی لادێ, وایكرد ئەم حەز و خولیایەم هەبێت,هەر لەمناڵییەوە هیوام كۆكردنەوەو ئەرشیف و ئەنتیك بووە,هەمیشە گرنگی و بایەخم بەخوێندنەوەی كتێب داوە، هەروەها دەشڵێت: ئەوەی وایكرد زیاتر حەز و خولیام بۆ ئەوە بچێت دایكم بوو,كەخۆی وەك هەر ژنێكی دیكەی كۆمەڵگەی كوردی دەستێكی ڕەنگین و باڵای هەبووە لە ڕستن و چنینی مافوور و كۆفی و …هتد. ئیتر لەوەوە ئەم بیرۆكەیەم وەرگرت و بەردەوام بووم.

کتێبی دەستنووسی 300 ساڵ
هەروەها هاوڕێ عومەر دەڵێت: ئێستاكەش خاوەنی زیاتر لە (40) هەزار كتێبم لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و كوردستان. هەروەها (400)كتێبم هەیە كەتەمەنیان لە(200__300) ساڵ زیاترە و زۆربەشیان دەستنووسن تا ئێستا لای من ماونەتەوە، گوتیشی: لەم كتێبە دەستنووسانە هەمە لایەنن و زۆربەی بوارەكان دەگرێتەوە,بۆنموونە دیوانی شاعیرانی تێدایە,هەروەها سەرجەم گۆڤار و رۆژنامەكانم هەیە، ئەو گوتی: من پارێزەری راوێژكار و بازرگانم,بەڵام بەهۆی گرنگی دانم بەم كەل و پەلانە, كۆمپانیاكەی من بە پلە یەك لەسەر ئاستی كوردستان تۆماركراوە,بەشی زۆری کتێب و گۆڤار و رۆژنامە عەرەبی و بیانییەكانیشم هەیە لە ژمارە یەكەوە تا دواین ژمارە لای خۆم ئەرشیفم كردوون، هەروەها وقایەی كوردستان و عێراق هەموو هەیە,هەرچی كتێبی یاسایی و مەتن هەیە لەسەر ئاستی عێراق هەموویم هەیە و پارێزەرەكان سەردانم دەكەن وەك دیاری پێشكەشیان دەكەم. بەتایبەتیش ئەو ئەفسەرانەی كۆلیژی یاسا تەواو دەكەن لێوەی سوود مەند دەبن.

سەردانی زیاترلە 48 وڵاتی کردووە
ئەو پارێزەرە دوای ئەوەی لەناو ئەنتیک خانەکە لەگەڵمان دەگەڕا و باسی ئەوەی دەکرد لەهەر شوێن و وڵاتێک دەستی بەشتێکی کۆن گەیشتبێت بەهەر نرخێک بێت کڕیوویەتی. دەشڵێت: جگە لەمانە, هەرچی كەل و پەل و شتی نایابی وڵاتانی دیكە هەیە هاوڕێ عومەر مەولود لای خۆی پاراستوونیەتی و سەرەنجی ئەو كەسانە رادەكێشێت كە سەردانی دەكەن,سەربارەت بەكۆكردنەوەی ئەم كەل و پەلانەش گوتی:من سەردانی هەر وڵاتێكم كردبێت یان هەر پایتەختێك لەپایتەختەكان ,من سەردانی زیاتر لە(48) وڵاتم كردووە,لەهەر شوێنێك شتێكی دەگمەن و كۆن یان كولتووریم بەرچاو كەوتبێت كڕیوومە بەهەر نرخێك بێت,یان هەبووە لەلایەن دۆست و برادەرانەوە بەدیاری بۆم هاتووە, بەتایبەت بۆ ئەو شوێنانەی خۆم نەچووم بۆیان هێناوم یان كڕیوومن.

فنجانم هەیە ئەو کارگەیەی درووستکردووە نەماوە
هەروەها گوتیشی: بۆ نموونە ئیًستاكە هەرچ كاتژمێر هەیە لەهەر وڵاتێك بێت بۆ یەكەمجار بەرهەمهێنرابێت لای من هەیە, هەروەها هەر تەلەڤزیۆنێك بۆ یەكەمجار لەهەر وڵاتێك بەرهەمهێنرابێت لای من هەیە, هەروەها فنجانی قەهوەی هەموو وڵاتێكم هەیە,هەر میوانێكیشم بێت بۆ نموونە میوانی هەر وڵاتێك بێت لەفنجانەی وڵاتەكەی خۆی قەهوەی پێدەدەم كەبەدەست دروستكراوبێت و زێری عەیار (24)یش بێت,ئێستاكە فنجانی (6) شەش وڵاتم هەیە بەدەست دروستكراوە عەیار (24) بەئاوی زێر، ئێستا فنجانم هەیە كارگەكەی دروستیكردووە نەماوە , بۆنمونە ئەڵمانیای دیموكراتی,كاتی خۆی كە لەگەڵ ئەڵمانیای غەربی یەك نەبوون. هەروەها زیاتر لە (500) سەماوەرم هەیە,لەگەڵ (600) تاخم فنجانی قەهوە,زیاتر لە (200) چاپەستم هەیە,تیایدا هەیە هی زەمانی مەلەكین,هەروەها سێ كاتژمێری دیوارم هەیە هی مەلیك فەیسەڵی یەكەم و مەلیک فەیسەڵی دووەم، لەگەڵ مەلیك غازی كە وێنەی خۆیانی لەسەرە.

چێژ وەرگرتن و کەمی کات
هەروەها لەبەردەوامی قسەكانیدا بۆ رۆژنامەی خەبات هاوڕێ عومەر مەولوود گوتی: بیرۆكەی ئەوەم هەیە شوێنێكی تایبەت بكەمەوە فراونتر بێت,بۆ ئەوەی هاوڵاتی هەر وڵاتێك بێت ئاڵایەكی تایبەت بەو وڵاتە دابنێم و وێنە یان پەیكەری كەسایەتیەك دابنێم لەو وڵاتە ناسراو بێت، هەروەها گوتیشی: من خاوەنی سێ كۆمپانیای تایبەت بەخۆمم, مەبەستم هیچ شتێكی تر نییە , ئەوەی من دەیكەم تەنها هیوایەتیەكی خۆمە, بەهۆی كات كەمییەوە ناپڕژێمە سەر زۆربەی ئیش و كارەكان. دەشڵێت: هەركاتێكیش كەسەیر ئەم كەل و پەلانە دەكەم چێژی لێوەرەگرم، هەروەها هاوڕێ عومەر گوتیشی: لایەنی پەیوەندار هەندێ شوێنیان بۆ دەست نیشان كردووم بۆ زیاتر گرنگی دان ,بەڵام تا هەنووكە شوێنەكام بەدڵ نەبووە، لەکۆتایشدا هاوڕێ عومەر مەولود گوتی: بەفەرمی ( سۆڤینێری) ی 193 وڵاتم بەدەستهێناوە لەنەتەوە یەکگرتووەکان.

هاوڕێ عومەر لەبارەی ئەرشیف كردنی كەل و پەلە كۆنەكان بۆ خەبات دەدوێ