وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنی دابینکردنی 10 ئامێری شوشتنی گورچیلە پێ داوین و هەفتەی ڕابردوو بەشێک لەو ئامێرانە گەیشتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/10/2023، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ”کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری کە پێک هاتبوون لە ڕاوێژکار و جێگری یاریدەری سەرکۆمار و شاندی تەکنیکی و هونەری لە بواری بازرگانی و ئابووری و پزیشکیدا سەردانی وەزارەتمانیان کرد.”
گوتیشی: ”هەفتەی ڕابردوو بەفەرمی بەشێک لەو 10 ئامێری شوشتنی گورچیلەی ساڵی پار بەڵێنیان پێ دابووین گەیشت.”
ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە یەکەم جار نییە و هاوکاری و هەماهەنگیی پزیشکیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بووە، چ لە کاتی هاتنی ئاوارەکان و چ لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا.”










