بەهۆی بوونی چەکدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لە ناوچه‌ سنوورییه‌كان، بەتایبەت له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، مەترسی لەسەر هاونیشتمانیان و سەروماڵیان دروست بووە و شەوی ڕابردووش لە سنووی قەزای شارباژێر و ماوەت جارێکی دیکە بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە کرا.

لەم بارەیەوە، کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت له‌ لێدوانێكیدا راگەیاند، بۆردومانەکە کاتژمێر 8:00ی شەوی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو 3ی 10ی 2023، له‌ ڕێی فڕۆکەی جەنگییەوە له‌ ناوچه‌یه‌ك کە دەکەوێتە نێوان هەردوو گوندی سەفرە و گەڵاڵە كرا، بەڵام زیاتر لە گەڵاڵەوه‌ نزیکە و دەکەوێتە دووری دوو کیلۆمەتر لەم گوندەوه‌.

لە بارەی زیانەکانەکانی بۆردوومانەکەوه‌، کامەران حەسەن، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، هەرچەندە خەڵکی لەو شوێنانە دەژین، بەڵام سوپاس بۆ خوا بۆردوومانەکە زیانی گیانی نەبووە، هاونیشتمانیانمان سەلامەتن.

هەرچی دەربارەی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیە لەسنوورەکە، کە ئایا ئەو شوێنانەی کراون بە ئامانج پەکەکەی لێه‌؟، قایمقامی ماوەت رایگەیاند:”بەڵێ، ئەوە بەشێکە لە چیای ئاسۆس، ئەم چیایە د,ور و درێژە و بەشێکی دەکەوێتە سنووری شارباژێر و ماوەت، بەشێکی دیکەشی دەکەوێتە سنووری قەڵادزێ.