لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كارەساتەكەی حەمدانییە ئاشكرایكرد كە یارییە ئاگرینەكان هۆكاری سەرەكی رووداوەكە بوون و هۆڵەكەش چوار دەرگای سەرەكی هەبووە،بەڵام یەك دەرگای بەكارهێنراوە.
ئەمڕۆ  یەكشەممە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كارەساتی قەزای حەمدانییە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵی بۆنەكانی ڕاگەیاند و دووپاتیشیكردەوە كە یارییە ئاگرینەكان هۆكاری سەرەكی ئاگركەوتنەوەكە بوون.
هەروەها لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی حەمدانییە پێشنیازی كردووە كە قایمقامی حەمدانییە و سێ بەرپرسی دیكەی قەزاكە لە كار دووربخرێنەوە بەهۆی كەمتەرخەمیان لە جێبەجێ نەكردنی مەرجەكانی سەلامەتی هۆڵەكە.
شایانی باسە پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند لیژنەی بەرپرس لە بەدواداچوونی ڕووداوی حەمدانییە كارەكانی تەواو كردووە و ئەنجامەكانی گەیاندووەتە وەزیری ناوخۆ و ئەمڕۆ یەك شەممە هۆكارەكانی دروستبوونی ڕووداوەكە ڕادەگەیەنرێت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆڵەكە ڕێوشوێنی سەلامەتی تێدا نییە و هیچ دەروازەیەكی فریاگوزاری نییە.
شایانی باسە لە میانی ئاهەنگێكی هاوسەرگیری شەوی سێشەممە-چوارشەممەی رابردوو، ئاگر لە هۆڵێكی هاوسەرگیری لە شارۆچكەی حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا لە باكووری عێراق كەوتەوە و 104 كەس گیانیان لەدەستدا ،كە 43 تەرمی نەناسراویان تێدایە،جگە لەبرینداربوونی سەدان كەسی دیكە.