ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9/30 مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، سەردانی نه‌خۆشخانه‌ى ئيمێرجێنسى له شاری ‌هه‌ولێر کرد و بريندارانى ڕووداوى ئاگركەوتنەوەى بەخدێدا (حەمدانییە)ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌ دۆخى تەندروستییانی پرسی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواستن.

سه‌رۆكی حکوومەت ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هه‌موو پشتگيرى و یارمەتییەکی پێویست بۆ بريندارانی ئەو کارەساتە‌ دووپات كرده‌وه‌.هەروەها سوپاسی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کرد کە لەگەڵ ڕوودانی کارەساتەکە، دەستبەجێ بە هانای لێقەوماوانەوە چوون.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لە قەزای عەنکاوە، بەشداری لە پرسە و ماتەمینی قوربانییانی کارەساتەکە کرد و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە کەسوکار و بنەماڵەکانیان گەیاند.