مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای حكوومەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا چەند زانیارییەكی سەبارەت بە ئەنجامی كۆبوونەوەكان خستە روو.

مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند: “ئێمە ئەمڕۆ وەكوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتین بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافە دەستوورییەكان و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی بگەین بە چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی كە ئێستا هەن، جێگەی خۆیەتی سوپاسی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بكەم كە هەم لە كاتی هاتنمان لە پێشوازیدا بوون هەم ئێستاش پشتیوانیی خۆیان بۆ ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان خستووەتە روو و هەموومان بەیەكەوە یەكڕیز و یەك هەڵوێست داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین.”

گوتیشی، هیوادارم بەیەكەوە بتوانین هەموو ئەو ماف و شایستە داراییانەی كە هی خەڵكی كوردستانە دابینی بكەین، ئێمە سەرەتا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆیەكی چڕ و دوور و درێژمان كرد و بەهەمان شێوەش لەگەڵ سەركۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كۆمەڵێك كۆبوونەوەمان ئەنجام دا و ئەوەشمان خستووەتە روو كە بە چ شێوەیەك ئەم گرفتانە چارەسەر بكرێن.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە ئەوەش دا، دوو پێشنیاری درێژخایەن و كورتخایەنمان خستووەتە روو كە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكرێ، بۆ چارەسەری درێژخایەن لەوانەیە پێویستی بە هەمواركردنی هەندێ یاسا هەبێت كە بەیەكەوە دواتر كاری زیاتری لەسەر دەكەین بەڵام بۆ چارەسەری ئێستا، دیارە كە یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕیوەدەچێت،كە بۆ ئەم بابەتەش چەندین پێشنیارمان خستووەتە روو و پێشوازیی لێ كراوە و لایەنە سیاسییەكانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو پێشنیارانە بۆ ئەوەی بتوانین مووچەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكەین و پشتیوان بە خوا موژدەی خێریشمان پێ دەبێت و چاوەڕوانی كۆبوونەوەكەی یەكشەممەین، هیوادارین ئەم ئامادەكارییانە ببن بە بڕیار بۆ ئەوەی ئەم گرفتانە چارەسەر ببن.