سه‌ره‌تا وتار شۆڕشی ئه‌یلوول، نموونه‌یه‌كی باڵا له جه‌وهه‌رێتی شۆڕشگێڕیدا
په‌رژین جه‌عفه‌ر حاجی رۆسته‌م
١١ی ئه‌یلوولی ١٩٦١ له مێژووی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردستان وه‌رچه‌رخانێکی سیاسی و سه‌ربازی و خه‌باتی چه‌کداریی بوو، که تێیدا شۆڕشێکی چه‌کداری و سیاسی به‌رامبه‌ر وه‌لانان و زوڵم کردن و ماف پێشێلکردنی کورد له لایه‌ن حکومه‌ته‌کەی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، رێککه‌وتن یاخود پشتگیریکردنی کورد له عه‌بدولکه‌ریم قاسم له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راکه‌ت و دانان بوو به مافه‌کانی پێکھاته‌کانی عێراق و به‌تایبه‌تی گه‌لی کورد. به‌ڵام عه‌بدولکه‌ریم قاسم و به‌شێک له شۆڤینییه‌کانی ئه‌وکات وه‌ک ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستای عێراق که‌وتنه پێشێلکاریکردنی ڕێککه‌وتنه‌که.
مسته‌فا بارزانی ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کوردستان ناچار بوو به‌رامبه‌ر به‌م سیاسەته چه‌وته‌ی حکومه‌ت و داروده‌ستەی قاسم ئیراده‌ی قبوڵنه‌کردنی ژێرده‌ستی نیشان بدات و کات به‌فیڕۆ نه‌دات به‌رامبه‌ر زیادبوونی زوڵمکردن له میلله‌ته‌که‌ی. بۆیه به‌وپه‌ڕی متمانه‌ی گه‌لی کوردستان به پێکهاته جیاوازه‌کانیه‌وه بوون به هه‌وێنی به‌رپاکردنی شۆڕشی(ئه‌یلوول).
له نێو مێژووی میلله‌تی کورد و له ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشگێڕی و حزبی و سیاسی‌دا ئه‌م شۆڕشه به‌هۆی فره‌ڕه‌هه‌ندی سیاسی و چه‌کداری و مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری…هتد، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیاواز و هه‌یبه‌تێکی دیکه‌ی به‌خشییه جه‌وهه‌ری شۆڕشه‌که و شۆڕشگێڕه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌که، له لاپه‌ڕه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورددا که‌م شۆڕش به‌رپا بووه به‌قه‌ده‌ر شۆڕشی(ئه‌یلوول) بتوانێت له دۆخێکی وا سه‌ختدا ببێته هه‌ڵگری هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌کانی شۆڕشێکی مه‌زن و ناوبانگ خاوێن و هێزێکی چه‌کداری ئه‌مه‌کدار به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌یان. هه‌روه‌ها له ئاسته جه‌ماوه‌رییه‌که‌یشیدا تاکو ئێستا ئه‌وانه‌ی له ته‌مه‌ندان و بیره‌وه‌رییه‌کان ده‌گێڕنه‌وه باس له هه‌ڵچنینی ئومێد و ئیراده و دادپه‌روه‌ری ئه‌م شۆڕشه ده‌که‌ن.
به‌هۆی پسپۆریم له مێژوودا، زۆرم له لاپه‌ڕه‌کانی شۆڕشه کاریگه‌ره‌کانی جیهان و ناوچه‌که خوێندوه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچیان سه‌رسامکه‌رنین به‌قه‌ده‌ر شۆڕشی (ئه‌یلوول)، چونکه دۆخێکی ناله‌بار و سه‌خت به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئه‌وسای عێراق و ناوچه‌كه ڕووی له كورد كردبوو، خوێندنه‌وه‌ی كه‌سانی شۆڤینی عێراقی ئه‌وكات ئه‌وه بوو، بارزانی نه‌مر تازه له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه و توانای جارانی نه‌ماوه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزی چه‌كداری و ڕووبه‌ڕبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، به‌ڵام ئه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واو نادروستبوو، چونكه خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تی كورد په‌یوه‌ست نه‌بوو به‌و جۆره لێكدانه‌وانه، میلله‌تێك به‌زۆر به وڵاتێكه‌وه لکابێت و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی بڕیاری له‌سه‌ردرابێت، هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری ئه‌و خه‌باته نابێت، بارزانی نه‌مریش وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كارێزمایی هه‌موو كات ده‌یتوانی ئه‌و شۆڕشه به‌رپا بكات.
ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌ك له باڵایی شۆڕش و جه‌وهه‌رێتی باس بكه‌ین له پاڵ شۆڕشی ئه‌یلوولدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه باشترین به‌ڵگه‌یی مێژووین كه هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی به‌رامبه‌ر به شۆڕشه‌كه له شكستێكی گه‌وره‌دا بوون، به‌تایبه‌تی شه‌ڕه‌كانی ساڵانی 1962 تا 1963 كه حكومه‌تی عێراقی ناچار بوو، داوای دانوستان له بارزانی بكات.
له‌وانه‌ش گرنگتر كه شۆڕش له جه‌وهه‌ردا گۆڕینی دۆخێكه و خه‌باته له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كرێت، شۆڕشی ئه‌یلوول توانی عێراق بگه‌یه‌نێت به قۆناغیك كوده‌تایه‌كی به‌عسیه‌كان بێته ئاراوه، چونكه شۆڤینیه‌كان گه‌یشتنه بڕوایه‌ك كه حكومه‌تی قاسم ناتوانێت ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و ناكۆكیه‌كان بدات و هه‌لی شه‌ڕی نێوان كورد و حكومه‌تی قاسم ده‌رگایه‌كی كراوه‌ی هێشته‌وه بۆ ئه‌و به‌عسیانه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری به‌هێزی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو حكومه‌تی عێراقی له مێژووی خۆیدا هه‌رگیز بیری له‌وه نه‌كردۆه‌ته‌وه كه شۆڕشێك له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا خاوه‌ن ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه بێت.
له هه‌ر باسێكدا ناوی شۆڕشی ئه‌یلوول بێت، ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی ڕێككه‌وتنامه‌ی 11ـی ئازاری 1970 ی له‌گه‌ڵدا دێته ئاراوه، كه حكومه‌تی عێراقی ناچار بوو به‌پێی ناوه‌ڕۆكی ڕێككه‌وتنامه‌كه دان به بوونی كورد و مافه‌كانی بنێت، كه تاكو ئێستا ئه‌م ڕێككه‌وتنه گه‌وره‌ترین دیكۆمێنتی مێژووییه بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له باشوری كوردستان، هێز و ئیراده و خه‌باتی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو كه ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی لێوه‌به‌رهات، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد به‌عسییه‌كان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه و خۆده‌رباز كردن له‌و مه‌زنیه‌تییه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول په‌نا بۆ ڕێككه‌وتنه شومه‌كه‌ی جه‌زائیر له ساڵی 1975 ببه‌ن و له مێژووی خۆیاندا گه‌وره‌ترین سازش له‌سه‌ر خاك و ئاوی وڵاته‌كه‌ی بكات بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش بۆ له نێوبردنی كورد.
ئه‌زموونی شۆڕشی ئه‌یلوول له مێژووی ئێمه‌دا ده‌وڵه‌مه‌نده، پڕه له‌شكۆمه‌ندی، پێویسته نه‌وه‌ی ئێستا و ئاینده مێژووی ئه‌م شۆڕشه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بخوێنن و وردتر و قوڵتر كار له‌سه‌ر ته‌واوی ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م شۆڕشه بكرێت.
* توێژه‌ری مێژووی سیاسی