رێگەی ئاشتی و تێگەیشتن

419

هۆزان موئەیەد عەلی
بیركردنەوەی توندڕەوانە، یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی، سەركردە و سیاسییەكانی عێراق بووە، لە مێژووی چەندین ساڵی ئەم وڵاتەدا، چەند شێوازی حكومڕانی لە پادشایی بۆ كۆماری و كۆماری فیدراڵی، هیچ كاریگەری لەسەر كاڵكردنەوەی بیركردنەوەی شۆڤینیانەی نوخبەی سیاسی عێراقی نەكردووە، بەردەوام ئەم بیركردنەوەیە لە كەسایەتیاندا پەرەدەسێنێ و زیاتریش بەرووی كورد، ئەمەش یەكێكە لەو قەدەرانەی كورد لە عێراق رووبەڕووی بووەتەوە.

لە سەردەمی پێش رووخانی بەعس و حكوومەتی سەدام حوسێن، زمانی شۆڤینی كوشتن و بڕین بوو، تەنانەت بەرامبەر بە كورد نا، بەرامبەر شیعە مەزهەب و سوننە مەزهەبەكانی پێچەوانەی سیاسەت و بیركردنەوەی حیزبی بەعس، ئەو سەركردایەتیەی عێراق لەرابردوو، قوتابخانەیەكی هێندە قێزەونی تەسك بیركردنەوەیان جێهێشت، نەوەی ئێستای سیاسی لە عێراق ئەگەر بیەوێت لەم چوارچێوەیە خۆی دەرباز بكات، لە حاڵەتێك لە حاڵەتەكان دەچێتەوە ناو ئەو قوتابخانەیە و بە شۆڤینیانە رووبەرووی میللەتی كورد دەبێتەوە، وەك وتمان پێشتر توندڕەوییەكەی حكوومەتی عێراقی دیوی دڕندانەی كوشتن و خوێن و دەستگیركردن بوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا سیاسەتی برسیكردن و مۆنۆپۆڵكردنی دەسەڵاتەكانە لە چوارچێوەیەكی مەزهەبی تەسكدا.

پێچەوانەی هەموو ئەو مامەڵەكردنە نادروستەی سیاسیەكانی عێراق، كورد وەك میللەتێكی زوڵم لێكراو خەڵكەكەی و سیاسیەكانی هەمیشە بە دەنگی ئاشتیانە و تێگەیشتن و مامەڵە كردنێكی سەردەمیانە، لەگەڵ عەرەبی شیعە و عەرەبی سونە مامەڵەی كردووە و چارەسەری ئاشتیانەی پێ باشتر و گونجاوتر بووە، لەوەی بە زمانی هەڕەشە و كوشتن و شەڕ و ناكۆكی و ململانێ، بۆیە بەردەوام ویستوویەتی لەم رێگەیەوە، پەیامی خۆی و میللەتەكەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بگەیەنێت، راستە ئەمڕۆ عێراق وەك وڵات پشتیوانییەكی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی تاڕادەیەكی لە پشتە، بەڵام ئەم دۆخە وا نامێنێ، ئەو كات ئەو سیاسی و پەرلەمانتار و وەزیرانەی لە بەغدا بڕیاری برسی كردنی خەڵكی كوردستانیان داوە، دەبێت لە بەردەم ئیرادەی بەچۆك دانەهاتووی كوردا بوەستن.

چونی شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران و ئەندامیەتی قوباد تاڵەبانی جێگر و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، كە هەر سێیكەیان وێڕای نوێنەرایەتی كردنی حكومەتی هەرێم، نوێنەرایەتی سێ حیزبی كوردستانی دەكەن و لە بەغدایش هاوبەش كردنی پەرلەمانتارانی تری حیزبەكان نموونەیەكی جوانی رێگەی ئاشتیی گەلی كوردستان نیشان دەدات.