هونەرمەندی بەناوبانگی کورد و باکوری کوردستان (بەیتۆ جان)، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەیتوڵڵا گونەری، ناسراو بە (بەیتۆجان)، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ستۆکهۆڵم کۆچی دوایی کرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا خانەوادەکەی ئامادەکاری دەکەن تەرمەکەی لە وڵاتی سوید بە خاك بسپێردرێت.
بەیتۆجان لەدوای کودەتای سەربازیی 12ـی ئەیلوولی ساڵی 1980 لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێت و سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام دوای شەش ساڵ و نیو لە زیندانیکردنی، ئازاد دەکرێت. دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ئامەدەوە بەرەو ئەستەنبوڵ کۆچ دەکات.
بەیتۆجان بە گۆرانییەکانی “ئاگر کەتیە دلێ من” و “دیاربەکر مالا من” ناوبانگی پەیداکرد، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی؛ “یان مرن، یان دیاربەکر”، “تە نادەن من”، “21ـی ئادار” و “ئەتونا دلێ من”.
هونەرمەند بەیتۆجان یەکەم ئەلبوومی بەناوی “یان مرن یان دیاربەکر” لە ساڵی 1990 بڵاوکردەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کۆچیکرد و لە سوێد نیشتەجێبوو، دوای 23 ساڵ و لە ساڵی 2014 سەردانی ئامەدی کردەوە و کۆنسێرتێکی لە زێدی خۆی سازکرد.
دوای چوار ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بەیتۆجان لە شاری ستۆکهۆڵم و دوور لە زێدی خۆی کۆچی دواییکرد.









